سبەى
شەپۆلى چڕى خۆڵبارین پیسبوونى هەواى لە عێراق و هەرێمى کوردستان گەیاندە ئاستى مەترسیدار، بەو هۆیەشەوە بەسەدان کەس رەوانەى نەخۆشخانە کران.
شەپۆلى خۆڵبارینى ئەمڕۆ دووەم چڕترین شەپۆلى خۆڵبارین بوو کە عێراق و هەرێمى کوردستانى گرتەوە لەماوەى کەمتر لە مانگێکدا، کە بەشێک لە هۆکارەکەى بۆ گۆڕانى کەشوهەوا و وشکەساڵى و کەمى باران بارین دەگەڕێنرێتەوە.
بەپێی پێوەرى (iqair) بۆ پێوانەى کوالێتى هەوا لەسەر ئاستى عێراق رۆژى دووشەممە ، پارێزگاى هەولێر لەرووى پیسبوونى هەواوە لەپلەى یەکەمدایە، لەدواى ئەویش سلێمانى و بەغداد دێن.
بەپێی پێوەرەکە، پیسبوونى کوالێتى هەوا لە پارێزگاکانى هەولێر و سلێمانى گەیشتووەتە ئاستى مەترسیدار.
بەهۆى کاریگەرى خۆڵبارینەوە بەسەدان کەس لەناوچە جیاجیاکانى عێراق رەوانەى نەخۆشخانە کران، لە هەولێریش 12 کەس و لە سلێمانیش 10 کەس رەوانەى نەخۆشخانە کران.
شەپۆلەکانى خۆڵبارین لە عێراق و هەرێمى کوردستان ئەمساڵ زووتر دەرکەوتن، شارەزایانى کەشناسیش پێشبینى دەکەن بەرێژەى جیاواز شەپۆلەکان بەردەوام بن و بەهۆیەوە کەشى بەهاریی پێش وادەى خۆى ماڵئاوایی بکات و کەشى هاوینە نزیکبێتەوە.
لە ناوەڕاستى مانگى نیساندا توندترین شەپۆلى خۆڵبارین لەمساڵدا ناوچە جیاجیاکانى عێراق و هەرێمى کوردستانى گرتەوە و ئاسمانی لە شینەوە گۆڕی بۆ تەمێکی پرتەقاڵی و مەودای بینین گەیشتە ئاستێکى نزم، ئەمەش بووە هۆی پەکخستنى گەشتەکان و دوو فڕۆکەخانەی گەورە گەشتەکانیان راگرت و شەقامەکانی بەسرە کە گەورەترین شاری باشوری عێراقە، چۆڵ بوون. هەزاران کەسیش بەهۆى کێشەی هەناسەدانەوە رەوانەى نەخۆشخانەکان کران.
شەپۆلى خۆڵبارینی ئەمساڵ لە سەرەتای مانگی نیسانەوە دەستیپێکرد، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو لە مانگی حوزەیراندا دەستیپێکرد و سنووردار بوو لە دوو زریانی خۆڵبارین لە بەغداد و تکریت، ئەوەش بە وتەی عامر جابری، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی کەشناسی عێراق.
وتیشى دەرئەنجامی خۆڵبارین بۆ کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆکان بەتایبەتى قووڵبوونەوەی پاڵەپەستۆى نزمى باکووری ئەفریقا دەگەڕێتەوە، کە جگە لە عێراق و هەرێمى کوردستان کاریگەرى لەسەر زۆرێک لە وڵاتانی دیکەش هەیە، لەوانە میسر، سوریا، باکوری سعودیە و ئوردن. بەزۆرى کاریگەرییەکەی بۆ ماوەی پەنجا رۆژ یان کەمتر دەخایەنێت، بەڵام بە پلەی جیاوازی چڕی.
عێراق بە یەکێک لەو پێنج وڵاتە دادەنرێت کە زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە، ئەوەش بەهۆى قوڵبوونەوەى وشکەساڵى و کەمى باران بارینەوە کە شەپۆلەکانى خۆڵبارینى زیاتر کردووە.
ئەو گۆڕانکارییە کاریگەری گەورەى لەسەر دۆخی ژینگەیی عێراق هەیە، ئەوەش بە وتەی ئەنعەم سابت یاریدەدەری بەڕێوەبەری بەشی هۆشیاری ژینگە لە وەزارەتی ژینگە کە پێیوایە، کەمی بارانبارین و کەمى دابینکردنی ئاو لە وڵاتانی دراوسێ، نەبوونی رووەک و پشتێنەی سەوزایی، بەشدارن لە جێگیرنەبوونی تەپۆڵکە خۆڵینەکان، ئەمەش وایان لێدەکات کە لەکاتی زیادبوونى خێرایی با بڵاوبنەوە.
خۆڵبارین تایبەتمەندییەکی کەشوهەوای باوی عێراقە، بەتایبەتی لە شارەکانی ناوەڕاست و باشوور، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کەشوهەوای وشک و نیمچە بیابانییە.