وتەبێژی ئاک پارتی: چاوەڕوانین لەم چەند رۆژەدا پەکەکە چەک دابنێت

#پەکەکە#تورکیا#ئاک پارتی
8 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 7 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • عومەر چەلیک، وتەبێژی ئاک پارتیی رایگەیاند، چاوەڕوانن لەم چەند ڕۆژەدا پەکەکە چەک دابنێت، لە کاتێکدا پەکەکە جەخت لەوە دەکاتەوە تا تورکیا هێرشەکانی ڕانەگرێت و نیازپاکی خۆی نیشان نەدات، ئامادە نییە چەک دابنێت.
  • عومەر چەلیک هۆشداری دەدات لەوەی کە هێزگەلێکی ناوخۆیی و دەرەکی دەیانەوێت ببنە کۆسپ لە بەردەم سەرخستنی پرۆسەى ئاشتى
  • هەپەگە: لە ماوەی شەش ڕۆژدا تورکیا هەزار و 987 هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێردەستی گەریلا
Primary Asset

سبەی

وتەبێژی پارتی دەسەڵاتداری تورکیا رایگەیاند، چاوەڕوانن لەم چەند ڕۆژەدا پەکەکە چەک دابنێت، لەکاتێکدا پەکەکە جەختدەکاتەوە تا تورکیا هێرشەکانی ڕانەگرێت و نیازپاکی خۆی نیشان نەدات، ئامادە نییە چەک دابنێت.

لە دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دووشەممە 5ی ئایاری 2025ی دەستەی بەڕێوەبردنی ناوەندیی ئاک پارتی بە سەرۆکایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی پارتەکە، عومەر چەلیک وتەبێژى ئاک پارتی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکەى بەخاڵی وەرچەرخان دانا و وتى: "سیاسەتی کۆماری تورکیا، نەهێشتنی 'تیرۆر'ە لە تورکیا. چاوەڕێ دەکەین لەم چەند ڕۆژەدا پەکەکە چەک دابنێت".

ناوبراو جارێکی دیکە خەمباری خۆی دەربڕی بە کۆچی دوایی سڕی سورەییا ئۆندەر، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەسەر لیستی دەم پارتی و ئەندامی شاندی ئیمراڵی و دەڵێت: "ئێمە داوامان لێ کرد زۆر ئاگای لە تەندروستیی خۆی بێت، بەڵام ئەو پێی دەگوتین "با جارێ بگەینە ئەنجامی ئەو قۆناغە نوێیەی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە) دەستی پێ کردووە. تەنانەت بۆ ئەوەی پرۆسەکە زوو بگاتە ئەنجام، بەردەوام جەختی لەوە دەکردەوە".

وتەبێژی ئاک پارتی بە ئاماژەدان بەوەی کە چاوەڕێن لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەنگاوی کردەیی بندرێت وەک بە دەمەوەهاتن بۆ بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت و دەڵێت: "خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەبێتە خاڵی وەرچەرخان. سیاسەتی کۆماری تورکیا، نەهێشتنی 'تیرۆر'ە لە تورکیا. چاوەڕێ دەکەین لەم چەند ڕۆژەدا پەکەکە چەک دابنێت".

عومەر چەلیک هۆشداری دا لەوەی کە هێزگەلێکی ناوخۆیی و دەرەکی دەیانەوێت ببنە کۆسپ لە بەردەم سەرخستنی پرۆسەکە و دەڵێت: "خوا یار بێت بەو پێشهاتانەی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕوو دەدەن و لەگەڵ خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، قۆناغێکی نوێ لە تورکیا دەست پێ دەکات".

ئەو قسانەی عومەر چەلیک لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە ڕایگەیاند تەنیا لە ماوەی شەش ڕۆژدا تورکیا هەزار و 987 هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێردەستی گەریلاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان و پەکەکەش بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە تا تورکیا هێرشەکانی ڕانەگرێت و نیازپاکی خۆی نیشان نەدات، ناکرێت چەک دابنێت.

قۆناغێکی نوێی پرۆسەی ئاشتی

لە 22ی تشرینی یەکەمی 2024 دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە ڕاگەیاند کە ئەگەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوا زەمینەسازی دەکەن بۆ ڕێکخستنەوەی یاساکان بە جۆرێک بتوانێت لە مافی هیوا سوودمەند بێت.

ئەمەش لە کاتێکدابوو 25 ساڵ تێپەڕببوو بەسەر زیندانیکردنی ئۆجەلان و دادگای مافی مرۆڤ لە ئەوروپا دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوەیە، مافی پێدانی هیوا بە شایستەی ژمارەیەک لەو کەسانە دەزانێت کە بە زیندانیکردنی هەتاهەتایی قورسکراو حوکم دراون 25 ساڵی تەمەنیان لە زیندان بەسەر بردووە، بەم جۆرە بە شێوەیەکی مەرجدار ئازاد دەکرێن.

دواتریش چەندین جار دەولەت باخچەلی جەختی لەسەر داواکارییەکەی کردووە و ئاماژەی بەوە دا لە کاتێکدا داوای ئاشتی بۆ جیهان دەکەن، تورکیا لە هەموو شوێنێک زیاتر پێویستی بە ئاشتییە و بە پێچەوانەی سیاسەتی هەمیشەیی خۆی و پارتەکەی جەخت لە یەکڕیزی کورد و تورک دەکاتەوە.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ی شوباتی 2025 بە دەم دەستپێشخەرییەکەوە هات و داوای لە پەکەکە کرد کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنێت و کۆنگرە ببەستێت بۆ ئەوەی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و ڕەخساندنی زەمینەسازی بۆ ئەمە لەلایەن تورکیاوە بە پێویست زانی.

لە 2ی ئاداریشەوە پەکەکە وەک پابەندبوون بە بانگەوازەکەی ئۆجەلان ئاگربەستی تاکلایەنەی ڕاگەیاند، بەڵام لەو کاتەوە نەک تورکیا هێرشەکانی ڕانەگرتوون بۆ سەر گەریلا، بەڵکوو هەزاران هێرشی ئەنجام داوە.

گەورەبەرپرسانی پەکەکە جەخت لەوە دەکەنەوە لە شەڕدا ناتواندرێت چەک دابندرێت، پرۆسەکە پێویستی بە ڕەخساندنی زەمینەسازی و نیشاندانی نیازپاکی و کۆتایی هێنانی تورکیایە بە هێرشەکانی و پێویستە خودی ئۆجەلان کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بەڕێوە ببات.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی