عێراق بۆ دابینکردنى بودجەکەى بەڕێژەى زیاتر 90% پشت بە هەناردەى نەوت دەبەستێت
سبەى
بڕیارەکەى ئۆپیک پڵەس بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى بەرهەمهێنانى نەوت کە بازاڕەکانى توشى شۆک کردووە، بۆ سزادانى عێراق و کازاخستانە، بەهۆى پابەندنەبوونیان بە کەمکردنەوەى ئاستى بەرهەمهێنانى نەوتەوە، ئەوەش بەپێی ئاژانسى رۆیتەرز.
ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوت بەڕێژەی زیاتر لە 1% دابەزی، دوای ئەوەی ئۆپێک+ بڕیاریدا ئاستى بەرهەمهێنانى نەوت لە مانگى داهاتووەوە بە ڕێژەی 411 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبکاتەوە، ئەمەش نیگەرانییەکانی لەبارەی ئاستى خستنەڕووى ئەو وزەیەوە لە بازاڕەکان زیادیکردووە.
نرخی نەوتی خاوی برێنت ئەمڕۆ بەڕێژەی 1.14% دابەزی و گەیشتە 60.59 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، لەکاتێکدا نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەکساس بە 57.54 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، کە 1.29% دابەزیوە.
سەرچاوەکانی ئۆپێک+ بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، گروپەکە دەتوانێت تا کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم کەمکردنەوەی خۆبەخشانەی خۆی بە تەواوی کۆتایی پێبهێنێت ئەگەر ئەندامەکانی پابەندبوون بە ڕێژەی بەرهەمهێنانیان باشتر نەکەن.
بەوتەى سەرچاوەکان، سعودیە هانى ئۆپیک+ دەدات بۆ خێراترکردنی کەمکردنەوەی ئاستى بەرهەمهێنانی پێشووتر بۆ سزادانی هەریەکە لە عێراق و کازاخستان بەهۆی پابەندنەبوونیان بە کەمکردنەوەى بەرهەمهێنانەوە.
ئۆلێ هانسن، شرۆڤەکاری بازاڕى نەوت دەڵێت "زیادبوونی بەرهەمهێنان بە هاندانى سعودیە، بەشێکى بۆ سزادانی ئەو ئەندامانەیە کە سوودیان لە بەرزبوونەوەی نرخ وەرگرتووە لەکاتێکدا پابەندى کەمکردنەوەى بەرهەمهێنان نەبوون".
بەهۆى بڕیارەکەى ئۆپیکەوە هەریەکە لە دامەزراوە داراییەکانى بارکلیز و ING پێشبینییەکانی نەوتیان کەمکردەوە.
بارکلیز پێشبینییەکانی برێنتى بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بە بڕی ٤ دۆلار بۆ ٦٦ دۆلار و بۆ ساڵی ٢٠٢٦ بە ٢ دۆلار بۆ ٦٠ دۆلار کەمکردەوە، لە کاتێکدا کۆمپانیای ING پێشبینی دەکات ئەمساڵ تێکڕای نرخى برێنت ٦٥ دۆلار بێت، کە پێشتر بە ٧٠ دۆلار دیاریکردبوو.
دۆخى دارایی عێراق
سزادانى عێراق لەلایەن ئۆپیکەوە لەکاتێکدایە، کاریگەرى دابەزینى نرخى نەوت لەسەر عێراق بەخێرایی دەرکەوتووە، فوئاد حسێن وەزیرى دەرەوە هەفتەى رابردوو بە رۆژنامەنووسانى راگەیاند کە عێراق رووبەڕووى کێشەى دارایی بووەتەوە، بەهۆى دابەزینى نرخى نەوتەوە.
عێراق بۆ دابینکردنى بودجەکەى بەڕێژەى زیاتر 90% پشت بە هەناردەى نەوت دەبەستێت و لە بودجەى سێ ساڵەدا نرخى هەر بەرمیلێک نەوتى بە 70 دۆلار دیاریکردووە، ئەوەش زیاترە لەنرخى ئێستاى نەوت، بەو هۆیەشەوە دابەزینى نرخى نەوت رووبەڕووى کەمى داهاتى کردووەتەوە.
وەک چارەسەرێکى خێرا، حكومەتی عێراق وەزیری دارایی سەرپشك کردووە بۆ بەکارهێنانى "پارەی بارمتەی باج"، كە بڕەكەی زیاترە لە سێ ترلیۆن و 45 ملیار و حەوت ملیۆن و 500 هەزار دینار، بەمەبەستی دابەشكردنی موچەی مانگی نیسان و مانگەكانی دواتر.
عەتوان عەتوانى سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق دەڵێت، بەهۆى دابەزینى نرخى نەوت و کاریگەرییەکانى لەسەر بودجە، پێویستە بەدواى سەرچاوەى جێگرەوەى نەوتدا بگەرێن بۆ هەمەجۆرکردنى سەرچاوەى داهات.