دوای 117 رۆژ ئێشکگریی بەنداوی تشرین کۆتایی هات

#بەنداوی تشرین#هەسەدە#بەرخۆدان#تورکیا
6 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 6 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • دوای نزیکەی چوار مانگ، بەرخۆدانی بەنداوی تشرین کۆتایی هات و ئەو هاونیشتیمانیانەی لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستانەوە چوبوونە بەنداوەکە بۆ پشتیوانیی شەڕڤانان کۆتاییان بە ئەرکەکەیان هێنا.
Primary Asset

سبەی

دوای نزیکەی چوار مانگ، بەرخۆدانی بەنداوی تشرین کۆتایی هات و ئەو هاونیشتیمانیانەی لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستانەوە چوبوونە بەنداوەکە بۆ پشتیوانیی شەڕڤانان کۆتاییان بە ئەرکەکەیان هێنا.

ئەمڕۆ دووشەممە (5ـی ئایاری 2025) لە رایگەیەندراوێکدا، ژمارەیەک لە نوێنەرانی هاونیشتیمانیان و پشتیوانانانی بەرخۆدانی بەنداوی تشرینی رایانگەیاند: لە دەستپێکی مانگی کانوونی دووەمی 2025ـەوە هێرشی بەرفراوان لەلایەن گروپەکانی سەر بە تورکیاوە، لە دەوروبەری بەنداوی تشرین دەستی پێکرد، ئەمەش مەترسییەکی گەورەی لەسەر بەنداوەکە دروستکرد، چونکە سەرچاوەی ئاو و کارەبای ملیۆنان مرۆڤە، لە چوارچێوەی ئەو هەڕەشەکانی ئەو قۆناغەدا دانیشتووان لە  پێكهاتەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بە کورد، عەرەب و سوریانی وەڵامی بانگەوازی بەرپرسیارێتی نیشتیمانییان دایەوە و بەشداری بەرخۆدانی بەرفراوانی گەل بوون لە ژێر ئاڵای پاراستنی خاک و دەستکەوتەکاندا.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە رۆژی 8ـی کانوونی دووەمەوە، رێکخستنەکانی ژنان و گەنجان لەگەڵ سەدان هاوڵاتی بەرەو بەنداوەکە بە رێکەوتن، بۆ پاراستنی هەرێمەکە سەفەربەری گشتییان راگەیاند و لە تەنیشت شەڕڤانانی هەسەدە و یەپەژە کە قەڵغانی بە هێز بوون لە بەرانبەر هەوڵەکانی پێشکەوتن، بەشداری نێو ڕیزەکانی بەرخۆدان بوون.

ئەو دەستەیەی بۆ پشتیوانی شەڕڤانان لە بەنداوی تشرین بوون ئاماژەیان بەوەکردووە؛ ئەم بەرخۆدانە کە زیاتر لە 100 رۆژ بەردەوامبوو، لە پاراستنی خاک و دەستکەوتەکاندا گەیشت بە ئامانجی سەرکەوتنی خۆی، لەسەر ئەم بنەمایە لەمڕۆدا ئەنجامی سەرکەوتن ڕادەگەیەنین، لە هەمانکاتدا جەخت لە بەردەوامی تێکۆشان لە بەرانبەر هەموو مەترسییەکی نوێ دەکەینەوە.

جەختیان کردووەتەوە کە؛ وێڕای هەموو سەختییەکان، بەنداوی تشرین بوو بە سیمبولی یەکڕیزیی نەتەوەی، بوو بە قەڵای هەڵوێستی گەل لە بەرانبەر دەوڵەتی تورکیا، بوو بە نمونەیەکی زیندوی هێزی گەلان لە پاراستنی خاک.

شکاندنی ئاگربەست

دوای نزیکەی دوو هەفتە لە بڵاوبونەوەی هەواڵی ئاگربەستی تورکیا و هەسەدە و راگرتنی شەڕ و روبەڕوبوونەوەکان، زیاتر لە چوار سەرچاوەی هەواڵ لە رۆژئاوای کوردستان بڵاویان کردەوە؛ تورکیا ئاگربەستی بەنداوی تشرینی شکاندووە و لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە چوار جار بەنداوەکەی بۆردومان کردووە.

روانگەی سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە؛ نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە (28ـی نیسانی 2025) بڵاوی کردەوە: فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا دەوروبەری بەنداوی تشرینی بۆرودومان کردووە و دوکەڵێکی زۆر لە شوێنی بۆردومانەکە بەرزبوەتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانەکانەوە ئاشکرا بکرێت. 

بەپێی راپۆرتی روانەگە، لەماوەی دوو رۆژدا چوارجارە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان سنوری بەنداوی تشرین بۆردومان بکەن، ئەوەش پەرەسەندنێکی نوێیە، دوای راگەیاندنی ئاگربەست لە بەنداوی تشرین، کە بە نێوەندگیریی و چاودێریی ئەمەریکا ئەنجامدرا.

رێککەوتنی هەسەدە و تورکیا

رۆژی (17ـی نیسانی 2025)، رۆژنامەی وەتەنی سوریی بڵاوی کردەوە: بە چاودێریی ئەمەریکا، کۆبونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان شاندێکی باڵای هێزەکانی سوریای دیموکرات و شاندێکی تورکیا لە نزیک بەنداوی تشرین ئەنجامدراوە وهەردوولا لەسەر راگەیاندنی ئاگربەست رێککەوتون.

بەپێی سەرچاوەکە؛ شاندەکەی هەسەدە بە هەلیکۆپتەرێکی ئەمەریکی چوونەتە شوێنی کۆبونەوەکە و شاندی تورکیاش بە ئۆتۆمبێل لە خاکی تورکیاوە گەیشتونەتە ناوچەیەکی نزیک بەنداوی تشرین و دوای کۆبونەوەیەکی نێوانیان هەردوولا رێککەوتون لەسەر ئاگربەست و کۆتایی هێنان بە شەڕ لە ناوچەکە.

رۆژنامەی وەتەن نوسیبووی: "بەپێی رێککەوتنەکە تورکیا دان بە هێزەکانی سوریای دیموکراتدا دەنێت و ئامادەکاریی دەکرێت بۆ قۆناغی کشانەوە و کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا".

سەردانی عەبدی بۆ بەنداوی تشرین

یەک رۆژ دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی رێککەوتنەکە، رۆژی هەینی (18ـی نیسانی 2025) مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و روهەڵات عەفرین فەرماندەی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژنان و هێزێکی هەسەدە و یەپەژە بە یاوەریی وەفدێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، چوونە بەنداوی تشرین و لەگەڵ فەرماندەکانی بەرخۆدانی بەنداوی تشرین و ئەو هاوڵاتیان کۆبونەوە کە بۆ پاڵپشتیی شەڕڤانان و بەرگری لە بەنداوی تشرین لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و باکور و رۆژهەڵاتی سوریاوە چوبوونە بەنداوی تشرین.

رێککەوتنی بەنداوی تشرین

سەرەتای مانگی نیسانی رابردوو، وەفدێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و بە دوایاندا وەفدێکی ئیدارەی نوێی سوریا گەیشتونەتە بەنداوی تشرین و بۆ زەمینەسازی و ئەنجامدانی رێککەوتنی نێوان هەسەدە-دیمەشق-ئەنقەرە، لەبارەی بەنداوی تشرینەوە.

بەرپرسێکی باڵای رۆژئاوای کوردستان ئاشکرای کرد: رێککەوتنێک لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئیدارەی سوریا، بە چاودێریی ئەمەریکا ئەنجامدراوە بۆ بەڕێوەبردنی هاوبەشی بەنداوی تشرین لە رۆژهەڵاتی حەلەب.

بەپێی رێککەوتنەکە، بە هاوبەشی سەرپەرشتی چاکسازی و بەگەڕخستنەوەی بەنداوی تشرین دەکرێت و پشت بە شارەزایانی نێودەوڵەتی دەبەسترێت بۆ چاکسازیی لەبەشە زیانلێکەوتوەکانی بەنداوەکە و هێزی سەربازیی لە ناوچەکە دەکشێتەوە و پاراستنی بەنداوەکە دەدرێتە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ.

هەردوولا رێککەوتون لەسەر ئەوەی، سەقامگیریی بۆ بەنداوەکە بگەڕێتەوە کە سەرچاوەیەکی سەرەکیی و ئاو و کارەبای ناوچەکەیە، کاری لە پێشینەش دابینکردنی ئاو و کارەبای دانیشتوانی ناوچەکە بێت.

100 رۆژ بەرخۆدانی بەنداوی تشرین

چەند رۆژێک دوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا، و لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، گروپە چەکدارە سورییەکان کە هەسەدە بە "بەکرێگیراو" ناویان دەبات بە پاڵپشتی تورکیا هێرشەکانیان بۆ سەر بەنداوی تشرین دەستپێکرد، لە ماوەی 100 رۆژدا شەڕڤانانی هەسەدە روبەڕوی هێرشەکانیان بونەوە و بەهۆیەوە سەدان شەڕڤان کوژراون و برینداربوون و بەرگرییەکەش بە "بەرخۆدانی تشرین" ناو دەبرێت ، کە رێگەیان نەدا ئەو گروپانە دەست بەسەر بەنداوەکە و پردی قەرەقۆزاخ و گوندەکانی دەوروبەریدا بگرن.

دوای دەستپێکردنی شەڕو پێکدادانەکان لە بەنداوی تشرین لە 12ـی کانوونی یەکەمی 2024، زیاتر لە 628 کەس لەهەردوولا کوژراون، 56 هاوڵاتی مەدەنی، 471 کەس لە گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا و سوپای تورکیا، 101 شەڕڤانی هەسەدە، جگە لە بریندار بوونی سەدان کەسی دیکە.

بەنداوی تشرین

بەنداوی تشرین لە ناو خاکی رۆژئاوای کوردستان و لەسەر روباری فورات، لە سنوری شارۆچکەی مەنبج لە پارێزگای حەلەب و لە دووری 80 کیلۆمەتر لە سنوری تورکیاوە بونیات نراوە.

پڕۆژەکە لە ساڵی 1991 دەستی پێکردووە ساڵی 1999 تەواوکراوە، سەرچاوەی سەرەکی کارەبا و ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵ و گەشتیاری و سامانی ماسی ناوچەیەکی فراوانى سوریایە، توانای گلدانەوەی 1.9 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە و بە تێچووی 22 ملیار لیرەی سوری دروستکراوە.

دەریاچەی تشرین یەکێکە لە گەورەترین دەریاچە دەستکردەکان لە سوریا و روبەری گشتییەکەی 160 کیلۆمەترە، بەرزی بەنداوەكەش لە ئاستی رووی دەریاوە لەنێوان 400 بۆ 600 مەتردایە.

بەنداوی تشرین سێیەم گەورەترین بەنداوە لەڕووی بەرهەمهێنانی كارەباوە، ئەویش دوای بەنداوی تەبقە و وێستگەی حەلەب، جگە لەوەی دەریاچەكە ئاو بۆ بەشێكی زۆری ناوچە كشتوكاڵییەكان لە دەوروبەری دابین دەكات، بەشێوەیەكی گشتییش نزیكەی 630 مێگاوات كارەبا دابین دەكات.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی