بەشێک لە کەسوکاری سەردەشت عوسمان لەسەر گۆڕەکەی
سبەی
سەردەشت عوسمان یەكێك لەو رۆژنامەنوسانەی لەهەرێمی كوردستان، تیرۆركردنەكەی زۆرترین دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە و لەڕۆژی 4-5-2010 لەهەولێر رفێندراو دوو رۆژ دواتر تەرمەكەی لەسەر رێگەی موسڵ دۆزرایەوە، بەڵام سەندیكای رۆژنامەنوسان كوژرانەكەی بە "تیرۆر" تۆمار نەكردووە.
تائێستاش كەسوكارەكەی و چالاكوانان داوای بەسزاگەیاندنی بكوژانی دەكەن و پێیان وایە لەسەر چەند وتارێك تیرۆركراوە. هەرچەندە سەنتەری میترۆ وەك رۆژنامەنوسێكی تیرۆركراو هەژماری كردووە، بەڵام قسەی بەرپرسانی ئەمنی ئەوكاتی هەولێر ئەوەبوو كە رووداوەكە "كارێكی تیرۆریستی" بووە.
سەردەشت عوسمان لە 25 ی كانوونی یەكەمی 1987 لە هەولێر لەدایكبووە، خوێندكاری بەشی زمانی ئینگلیزی بوو لە كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەڵاحەدین، لەكاتژمێر هەشتی بەیانیی چواری ئایاری 2010 لەبەردەم زانكۆی سەڵاحەدین لەلایەن چەند كەسێكی نەناسراوەوە رفێندرا، دوای دوو رۆژ لە دیارنەمانی لە شەشی ئایاری 2010 تەرمەكەی لەدەوروبەری موسڵ بە قۆڵبەستراوی دۆزرایەوە.
سەردەشت بەوە ناسرابوو بابەتی رەخنەگرانەی بەرامبەر حكومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان دەنوسی.
"پێش مردنی لایەنی پەیوەندیداری ئاگادار کردووەتەوە"
سەردەشت پێش مردنی ئاماژەی بەوەكردبوو، چەندین جار لایەنی پەیوەندیداری لەو هەڕەشانە ئاگاداركردووەتەوە كە لێی دەكرێن، هەر پێش "تیرۆر" كردنیشی بابەتێكی بڵاوكردووەتەوە و داوایەك لە بكوژەكانی دەكات كە مەرگێكی شایستە بە ژیانەكەی پێببەخشن و دەڵێت "دوعاش دەكەم مردنێكی تراژیدیام پێببەخشن كە شایستەی ژیانە تراژیدیەكەم بێت، بۆیە ئەم قسانە دەكەم تا بزانن گەنجەكانی ئەم وڵاتە چ هۆلیسۆسێكن و مردن سادەترین هەڵبژاردنیانە، بۆ ئەوەی تێبگەن كە ئەوەی ئێمە دەترسێنێت بەردەوامیی ئەم رۆژگارەی ئێستایە بۆ نەوەیەكی داهاتوو، نەك مردنی خۆمان، كاری منیش خۆشبەختی برا بچوكەكانمە نەك خۆم".
لە ساڵی 2023 لە مەراسیمی یادكردنەوەی "تیرۆر" كردنی سەردەشت عوسمان، بەشداری برای وتی "بەڵگەكان سەلمێنەری ئەوەیە كە دەسەڵاتدارانی هەولێر تاوانبارن بە تیرۆركردنی سەردەشت، بەڵام لە هەرێمی كوردستان دادپەروەری، یەكسانی و یاسا بوونی نییە بۆ خەڵك، بەڵكو یاسا و دادگاكان لەژێر دەستی بنەماڵەدان".
لە ساڵی 1999 ەوە چەند رۆژنامەنوس تیرۆركراون یاخود لەكاتی روماڵدا كوژراون؟
بەپێی ئامارێكی سەندیكای ڕۆژنامەنوسانی كوردستان، لەنێوان ساڵانی 1999 تا 2019 واتە لەماوەی 10 ساڵدا 39 ڕۆژنامەنوس كوژراون یاخود لەكاتی ڕوماڵدا گیانیان لەدەستداوە، ساڵی 2024 یش سێ ڕۆژنامەنوس بە درۆنی توركیا گیانیان لەدەستدا، كۆی گشتیی لەساڵی 1999 ەوە تا 2025 لە هەرێمی كوردستان 42 ڕۆژنامەنوس كوژراون.
چیرۆكی كوژرانی ڕۆژنامەنوسان
بەپێی ئامارێكی سەنتەری میترۆ لە 5-3-2008 نوسەر و ڕۆژنامەنوس عەبدولستار تاهیر شەریف كە بە فریلانس كاریكردووە لە كەركوك تیرۆركراوە، سۆرانی مامە حەمە لە 21-7-2008 كە لە گۆڤاری لڤین كاریكردووە بە هەمانشێوە لەكەركوك تیرۆركراوە، لە 5-5-2010 سەردەشت عوسمان ڕۆژنامەنوس كە بەشێوەی فریلانس كاریكردووە لەهەولێر تیرۆركراوە.
كاوە گەرمیانی یەكێكی دیكەیە لەو ڕۆژنامەنوسانەی بە فریلانس لەگەرمیان كاریكردووە و لەڕۆژی 5-12-2013 تیرۆركراوە، دەنیز فوڕات كە وەكو پەیامنێرلەمەخمور كاریكردووە لە 8-8-2014 لەكاتی ڕوماڵكردنی ئۆپەراسیۆنەكانی دژ بەداعش تیرۆركراوە، وەدات حسێن لە 13-8-2016 تیرۆركراوە ئەو وەكو پەیامنێری ڕۆژنیوز لە دهۆك كاریكردووە.
هەر بەپێی لیستەكەی سەنتەری میترۆ، شوكری ئامێدی لە 1-12-2016 تیرۆكراوە و وەكو پەیامنێر لەئامێدی بۆ كەناڵی كەی ئێن ئێن كاریكردووە و تەرمەكەی لە گوندێكی نزیكی ئامێدی دۆزرایەوە.
مستەفا سەعید كە وەكو كامێرامانی كوردستان تیڤی لەخازر كاریكردووە لەكاتی ڕووماڵی بەرەكانی شەڕ دژ بە داعش لە 14-8-2016 تیرۆركراوە، ئەحمەد هاجەر بەڕێوەبەری بەشی هەواڵی كەناڵی توركمان ئیلی لەكەركوك لەكاتی ڕوماڵی ڕووداوێكی پێكدادانی چەكداری لەكەركوك تیرۆركرا، محەمەد سابت ڕۆژنامەنوس و بەڕێوەبەری ڕادیۆی باباگوڕ گوڕ لە داقوق لەڕۆژی 6-12-2016 لەكەركوك تیرۆركرا، هاوكات ئەركان شەریف كە وەكو كامێرامان لە كوردستان تیڤی كاریكردووە لەداقوق، لەڕۆژی 30-10-2017 هێزێك لەناو ماڵەكەی خۆی تیرۆریان كرد، عەبدولقادر قەیسی ڕۆژنامەنوس و پارێزەر كە بەفریلانس كاریكردووە لەڕۆژی 5-12-2017 تەرمەكەی لەسەر ڕێگای كەركوك- بەغدا دۆزرایەوە.
شیفا گەردی پێشكەشكار و پەیامنێری مەیدانی لە كەناڵی ڕووداو، لەكاتی ئامادەكردنی بەرنامەیەك لەموسڵ لەڕۆژی 25-2-2017 بۆمبێك پێیدا تەقییەوە و گیانی لەدەستدا، هەروەها ستیڤان فلینۆڤ و بەختیار حەداد كە هەردووكیان ڕۆژنامەنوس بون لە ڕۆژی 20-6-2017 لەموسڵ و لەكاتی ڕووماڵی ئۆپەراسیۆنی دژ بەداعش گیانیان لەدەستدا، نۆژیان ئارهان یەكێكی دیكەیە لەو ڕۆژنامەنوسانەی سەرنوسەری گۆڤاری سوژن بووە و لەخانەسوری شەنگال لەكاتی ڕووماڵی پێكدادانی چەكداری نێوان هێزی پێشمەرگەی ڕۆژئاوا و هێزەكانی یەبەشە گیانی لەدەستدا.
بەڵام ئامارەكەی سەندیكای ڕۆژنامەنوسانی كوردستان 39 ڕۆژنامەنوس و میدیاكاری تێدایە و لەساڵی 1999 ەوە تا 2019 تیرۆركراون یاخود لەكاتی رووماڵدا كوژراون.
ئەوانیش سوارە بابەكر خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری پاڵە لەهەولێر كەساڵی 1999 تیرۆركراوە و سەربەست مەحمود سەرنوسەری هەفتەنامەی میدیا لەهەولێر كە ئەویش لە هەولێر و لە 31-5-2000 تیرۆركراوە، هاوكات فەرەنسۆ هەریری خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری هەولێر كە هەر لەهەولێر و لە 18-2-2001 تیرۆركراوە، ئەحمەد كەریم یەكێكی دیكەیە لەو ڕۆژنامەنوسانە كە پەیامنێری كوردستان تیڤی بووە و لەموسڵ و لە 3-7-2003 تیرۆركراوە، هەروەها ئەحمەد شەوكەوت كە سەرنوسەری ڕۆژنامەیەكی عەرەبی بووە لە موسڵ و لە 28-10-2003 تیرۆركراوە، شەوكەت شێخ یەزدین خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری گوڵان لەهەولێر لە یەكی شوباتی 2004 هەر لەهەولێر لەڕووداوێكی تیرۆریستیدا گیانی لەدەستداوە،هەر لەو ڕووداوەدا هەریەك لە سەعد عەبدوڵا خاوەنی گۆڤاری كشتوكاڵ، مەهدی خۆشناو سەرنوسەری گۆڤاری نوسەری نوێ ، كامەران محەمەد نوسەری هەفتەنامەی نیشتیمان ، ناسح سەلیم نوسەری هەفتەنامەی نیشتیمان، ئەیوب محەمەد وێنەگری گوڵان تیڤی، عەبدولستار كەریم وێنەگری ڕۆژنامەی خەبات، سەفیر نادر وێنەگری گوڵان تیڤی، سەڵاحەدین سەلیم نوسەری ڕۆژنامەی ئیتیحاد، سمكۆ كەریم وێنەگری ڕاگەیاندنی پارێزگا، هێمن حەمەساڵح وێنەگری كوردستان تیڤی و دیدەوان محەمەد وێنەگری كوردستان تیڤیی گیانیان لەدەستداوە.
هەر بەپێی لیستەكەی سەندیكای ڕۆژنامەنوسان، كەریم حسێن و دنیا محەمەد وێنەگرانی كوردستان تیڤی لەموسڵ لە 10-10-2004 تیرۆركراون، لە 10-2-2005 لایق ئیبراهیم پەیامنێری كوردستان تیڤی لەكەركوك تیرۆركراوە، دلێر عەلی كە پەیامنێری هەفتەنامەی یەكگرتوو بووە لەبەغدا لەلایەن ئەمریكیەكانەوە تەقەی لێكراوە و گیانی لەدەستداوە.
وەك لەئامارەكە هاتووە، سامان عەدوی و خەلیل عەبدوڵا پەیامنێرانی كەركوك تیڤی لەكەركوك لە 9-5-2005 تیرۆركراون، هەروەها كامل دەروێش وێنەگری زاگرۆس تیڤی لەكەركوك لە 2-7-2005 تیرۆركراوە، محەمەد ڕەزا نوسەری هەفتەنامەی كۆمەڵ لە 15-10-2006 لەبەغدا تیرۆركراوە، تەیب عەبدوڵا پەیامنێری یەكگرتوو تیڤی لەكەركوك و لە 16-7-2007 تیرۆركراوە، مستەفا گەرمیانی نوسەر لە هەمان ڕۆژدا لەكەركوك تیرۆركراوە، سروە عەبدولوەهاب كە ڕۆژنامەنوسی فریلانس بووە لە كەركوك لە 5-4-2008 تیرۆركراوە.
سەندیكای رۆژنامەنوسان ئاماژەی بە "تیرۆر" كردنی سەردەشت عوسمان نەكردووە
سۆرانی مامەحەمە یەكێكی دیكەیە لەو ڕۆژنامەنوسانەی ناوی لە ئامارەكەی سەندیكادا هاتووە، دیار عەباس كە بۆ تەلەفزیۆنی عێراقیە لەكەركوك كاریكردووە لە ڕۆژی 10-10-2008 تیرۆركراوە، عەبدولستار تاهیر كە نوسەر بوو لە 5-3-2008 لەكەركوك تیرۆركراوە، سەلام عەرەب لەگۆڤاری دیجلە كاریكردووە لە 5-2-2009 لەموسڵ تیرۆر كراوە، لەبارەی سەردەشت عوسمانەوە سەندیکای رۆژنامەنوسان لە راپۆرتەکەیدا نوسیویەتی “سەردەشت عوسمان نوسەری ڕۆژنامەی ئاشتی نامە لەهەولێر لە 6-5-2010 و ڕۆژێك دوای ڕفاندنی لەهەولێر تەرمەكەی لەسەر ڕێگەی موسڵ دۆزرایەوە”.
لەراپۆرتەكەی سەندیكای ڕۆژنامەنوسانی كوردستان هاتووە: كاوە محەمەد سەرنوسەری گۆڤاری ڕایەڵ لەگەرمیان لە 5-12-2013 لەگەرمیان تیرۆركرا، ویداد حسێن پەیامنێری ڕۆژنیوز لەدهۆك لە 13-8-2016 تیرۆركرا، شیفا زكری لەڕووداو بەهۆی بۆمبێكی چێندراوی تیرۆریستان لە 25-7-2017 گیانیلەدەستدا، ئەركان شەریف پەیامنێری كوردستان تیڤی لەداقوق و كەركوك لە 30-10-2017 تیرۆركراوە، ئامانج بابانی لە كەناڵی ئێن ئاڕتی لەسلێمانی و لە 16-10-2019 تیرۆركراوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئامارەكەی سەندیكای ڕۆژنامەنوسان چەند ڕۆژنامەنوسێكی تیرۆركراوی هەژمار نەكردووە كە سەنتەری میترۆ ئاماژەی پێداون، ئەوانیش دەنیز فوڕات و شوكری ئامێدی و ئەحمەد هاجەر و محەمەد سابت و عەبدولقادر قەیسی و ستیڤان فلینۆڤ و بەختیار حەداد و نۆژیان ئارهانن، بەڵام ئامارەكەی سەندیكا ئاماژەی بە 13 ڕۆژنامەنوس و میدیاكار كردووە كە لەڕووداوی یەكی شوباتی 2004 لەهەولێر گیانیان لەدەستداوە كە سەنتەری میترۆ ئاماژەی پێنەكردوون، هاوكات ناوی چەند ڕۆژنامەنوسێك لەلیستی هەریەكەیاندا هاتووە كە لەلیستەكەی دیكەدا ئاماژەی پێنەكراوە.
تیرۆركردنی سێ ڕۆژنامەنوس بە درۆن
لە 23ی ئابی 2024 درۆنی توركیا لە ناوچەی سەیدسادقی سەر بە پارێزگای سلێمانی ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادینی تیرۆركرد. هەروەها شۆفێری ئۆتۆمبێلەكە بەناوی ڕێبین بەكر بریندار بوو. هەر لە هەمان ساڵدا رۆژنامەنوسێك لە شنگال بە درۆنی توركیا كوژرا.
دۆسیەی گیراوانی بادینان
بەهۆی دۆسیەی كوشتنی ڕۆژنامەنوسان و زیندانیكردن و پێشێلكارییەكان، چالاكوانان رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و تەنانەت وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش لەڕاپۆرتەكانیدا رەخنەی توندیان لەهەرێمی كوردستان و عێراق گرتووە، بەڵام بەرپرسانی هەرێم و عێراق بەردەوام ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەكان ڕەتدەكەنەوە و باس لەوەدەكەن هەرێمی كوردستان ئازادی رادەربڕینی تێدایە.
یەكێك لەو دۆسیانەی زۆرترین ڕەخنەی هێنایەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان، دۆسیەی گیراوانی بادینان بوو كە لە ساڵی 2020 ەوە سەریهەڵدا، دیارترین نمونەش شێروان شێروانییە.
دادگای تاوانی هەولێر، رۆژی 16-02-2021 بە تۆمەتی "تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی" شێروان شێروانی و هەریەك لە ئەیاز كەرەم، گوهدار محەممەدئەمین، هاریوان عیسا و شڤان سەعیدی بە شەش ساڵ زیندانیكردن سزادا، مانگی شوباتی 2022 بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان 60%ـی سزای زیندانییەكان، جگە لە شێروان شێروانی كە 50% بوو، كەمكرایەوە.
بڕیاربوو مانگی ئەیلولی 2023 شێروان شێروانی ئازاد بكرێت، بەڵام رۆژی پێنجشەممە، 20-07-2023 دادگای هەولێر بە هەردوو مادەی 298 و 295 بە چوار ساڵ زیندانیكردن سزای دایەوە. كە پەیوەستە بە ساختەكردن.