جەدعون ساعر وەزیری نوێی دەرەوەی ئیسرائیل
سبەی
وەزیرە نوێیەكەی دەرەوەی ئیسرائیل داوا دەكات پەیوەندییەكان لەگەڵ هەردوو كۆمەڵگەی كوردی و دروزییەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەوپێش ببرێن.
ئەمڕۆ ڕێورەسمی ڕادەستكردنی دەسەڵاتی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە تەلئەبیب بەڕێوەچوو، یسرائیل كاتز دەسەڵاتەكانی ڕادەستی جەدعون ساعر وەزیری نوێی دەرەوەی ئیسرائیل كرد و خۆشی دەبێتە وەزیری بەرگریی لەجێگەی یوواڤ گالانت كە بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دووریخستەوە.
لە ڕێورەسمەكەدا جەدعون ساعر ڕایگەیاند: "پێویست دەكات پەیوەندی لەگەڵ نەتەوە و پێكهاتەكانی ناوچەكە پتەو بكەین، گەلی كورد گەلێكی گەورەیە، یەكێكە لەو گەلە گەورانەی نەیانتوانیوە ببنە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ، ئەوان بە سروشتی هاوپەیمانی ئێمەن".
وەزیرە نوێیەكەی ئیسرائیل هەروەها وتیشی:"كوردەكان قوربانی سەركوتكاری ئێران و توركیان، پێویستە ئیسرائیل دەستیان بۆ درێژ بكات و پەیوەندی لەگەڵیان پتەو بكات، هەرچەندە ئەوە لێكەوتەی سیاسی و ئەمنیی هەیە".
ساعر هەروەها دەڵێت:"دەكرێت كەمینەی دروزەكان لە سوریا و لوبنان وەك هاوپەیمانی داهاتوو لێیان بڕوانرێت".
"پێویستە تێبگەین لە هەرێمێكدا كە كەمینە بین هاوپەیمانە سروشتییەكانیشمان دەبێت كەمینەكان بن، هەڵوێستی ئیسرائیل لەماوەی ساڵی ڕابردوودا نەگۆڕ بووە، سەركەوتنەكانیشی لەم جەنگانەی دواییدا دژ بە بەرەی ئێران وا دەكات ببێتە یاریكەرێكی نێودەوڵەتی و زیاتر گرنگ". ساعر جەدعون وا دەڵێت.