ئەردۆغان لەگەڵ سەرکەوتنی ترەمپ هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن دژی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات

#سوپای تورکیا#یەپەگە#هەسەدە#ئەردۆغان#ترەمپ#ڕۆژئاوای کوردستان
8 مانگ لەمەوپێش
زانیار بەهادین
پوختە :
  • سەرۆک کۆماری تورکیا لەگەڵ سەرکەوتنەوەی ترەمپ هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن دژی ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات و دەڵێت، لە داهاتوودا کەموکوڕی ئەو ئەڵقانە تەواو دەکەین کە بەدرێژایی سنوورەکانمان لە ناوچە ئەمنییەکاندا هەیە.
Primary Asset

سبەی

سەرۆک کۆماری تورکیا لەگەڵ سەرکەوتنەوەی ترەمپ هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن دژی ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات و دەڵێت، لە داهاتوودا کەموکوڕی ئەو ئەڵقانە تەواو دەکەین کە بەدرێژایی سنوورەکانمان لە ناوچە ئەمنییەکاندا هەیە.

ئێستا لەگەڵ هەڕەشەکانی ئەردۆغاندا پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا گەرمە، پرسەکە سیاسییەکانی نزیک لە ترەمپی بەسەر دوو بەرەدا دابەشکردووە، زۆرینەیان دەڵێن دەکێشتەوە. 

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە پەیامێکدا هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی دژی ڕۆژئاوای کوردستان کرد و ڕایگەیاند، "لە ڕێگەی ئۆپراسیۆنەکانمانەوە هەوڵەکان بۆ گەمارۆدانی وڵاتەکەمان لە سنوورەکانی باشور شکست پێهێنا و ناوچەیەکی پارێزراومان دروست کرد".

بەبێ ناوهێنانی ڕۆژئاوای کوردستان ئەردۆغان باسی لەوەشكرد، لە داهاتوودا کەموکوڕی ئەو ئەڵقانە تەواو دەکەین کە بەدرێژایی سنوورەکانمان لە ناوچە ئەمنییەکاندا هەیە.

ئەردۆغان لە درێژەی وتارەکەیدا لە یادی 86 ساڵەی کۆچیی دوایی مستەفا کەمال "ئەتاتورک" ڕونیکردەوە، ئیمپریالیستەکان و داردەستەکانیان لە ڕێگەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە دەمانکەنە ئامانج بەڵام  بەنەخشەڕێگەی سیاسی و ئابوری ئەو یارییە 40 ساڵەییە تێکدەدەین.

هەڕەشەکەی ئەردۆ‌غان و سەرکەوتنەوەی ترەمپ

ئەمەریکا لە ساڵی 2014وە لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی داعش پاڵپشتی لە یەکینەکانی پاراستنی گەل- یەپەگە دەکات وەک بەشێک لە هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە بەڵام تورکیا لەو هاوکارییانە نیگەرانە و دەیەوێت بە هاتنەوەی ترەمپ کۆتایی پێبهێنێت. 

ڕۆژی 9ـی تشرینی دووەمی 2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بە تەلەفۆن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کاندیدی سەرکەوتوو بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا قسەی کرد و ڕایگەیاند، داوای لێکردووە وڵاتەکەی هاوکارییەکانی بۆ یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) پێکهێنەری سەرەکیی و گەورەترین بەشی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان لە سوریا رابگرێت.

سەرۆکی تورکیا پێداگریی لەسەر سیاسەتی وڵاتەکەی کرد بۆ بەردەوامیی دروستکردنی ناوچە و پشتێنەی ئارام بە قوڵایی 30 بۆ 40 کیلۆمەتر لەسەر سنورەکانی تورکیا و ناو خاکی سوریا بە پاساوی پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەیان و روبەڕووبونەوەی "هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆر" لە ناوچەکەدا.

مەترسی کشانەوەی ئەمەریکا لە سوریا 

تورکیا لە سەردەمی نوێی سەرۆکایەتی ترەمپدا چاوی لە کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا، وەک ئەردۆغان ڕاگەیاندووە، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ترەمپ بەردەوام دەبێت لە قۆناغی نوێدا و پێکەوە گفتوگۆی پێشهاتەکانی ناوچەکە دەکەین، بەتایبەتی پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا.

لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ لە ساڵانی (2016-2020)، سوپای تورکیا دەستوەردانی سەربازیی تەواوی لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوای کوردستان) ئەنجامدا. 

تورکیا لە ساڵی 2018 لە ئۆپراسیۆنێکی فروانی دژی ڕۆژئاوا ئەنجامدا و  ناوچەیەکی بەرفراوانی ڕۆژئاوا بە تایبەتی کانتۆنی عەفرینی لە خاکی رۆژئاوای کوردستانی دابڕی.

مانگی 10ـی ساڵی 2019 بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمەریکا، هێزەکانی ئەو وڵاتە لە ڕۆژئاوای کوردستان کشانەوە.

تورکیا لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا ئۆپراسیۆنی سەربازی دژی ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا و دەستی بەسەر ناوچەکانی سەرێکانی و گرێسپیدا گرت.

ئێستا لەگەڵ دووبارە سەرکەوتنەوەی دۆناڵد ترەمپ، مەترسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان زیاتربوون.

ڕۆبرت ئێف کینیدی جۆنیۆر، کە میدیاکارێکی ناوداری ئەمەریکا و پشتیوانێکی سەرەکی هەڵمەتی بانگەشەی ترەمپ بوو، ڕایگەیاند، ترەمپ هێزەکانی ئەمەریکا لە باکووری سوریا دەکێشێتەوە.

ترەمپ نیگەرانە لە مانەوەی ئەو هێزانەی ئەمەریکا بۆ کاتێکی درێژ لە باکوری سوریا، وەک ئەو میدیاکارە باسی کردووە، ترەمپ نایەوێت ئەو هێزانە ببنە سووتەمەنی ئەو شەڕەی لە نێوان تورکیا و هێزە کوردییەکەی باکوری سوریا دروست دەبێت.

سوهێل خان کە ڕاوێژکاری سیاسییە لە پارتی کۆمارییەکان گێڕایەوە، ترەمپ لە بانگەشەیدا بە ڕوونی وتوویەتی سوپایەکی بەهێزی دەوێت تا پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا بکات، وتیشی، ترەمپ لە خولی پێشوودا، داوای لە کۆنگرێس کردبوو، بودجەی سوپا زیاتر بکات بۆ ئەوەی ئەو ئامانجە بەدیبهێنێت.

ئەمەریکا ئەزمونێکی تاڵی لەگەڵ ئەو هێزانە هەیە کە ڕوانەی وڵاتانی کردوون بە تایبەت لە عێراق و ئەفغانستان، وەک ڕاوێژکارەکەی کۆمارییەکان ڕایگەیاندووە، خواستی ترەمپ ئەوەیە هێزەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بکشێنرێنەوە، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نایەت کشانەوەکە وەک ئەفغانستان دەبێت، بەڵکو خشتەی بۆ دادەنرێت تا کۆمەڵگە ناوخۆییەکان لە ناوچەکە پارێزراو بمێننەوە.

کالڤین دارک، ئەندامی دیموکراتەکان پێی وایە ترەمپ بەم زووانە لە سوریا ناکشێتەوە، چونکەکشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا پێویستیی بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا بە تایبەتی تورکیا هەیە و پڕۆسەیەکی ئاڵۆزە.

جەیمس جێفری، نێردەی پێشووی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە سوریا پێی وایە کشانەوەی ئەمەریکا لە بەژوەندی نەیارەکانی ئەو وڵاتەیە بە تایبەت بەشار ئەسەد و ئێران. 

جێفری بە ماڵپەڕی "میدڵ ئێسی ئای" بەریتانی ڕایگەیاندووە، ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە و لێکەوتەی خراپی دەبێت، بۆشایییەک دروست دەکات کە زیان بە هاوبەشەكانمان دەگەینت لەناویاندا تورکیا. 

هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا

ئێستا نزیکەی 900 ڕاوێژکار و سەربازی ئەمریکی لە رۆژئاوای کوردستان و باکوری سووریا هەن، ساڵی ڕابردوو بە بڕیاڕی گۆنگرێسی ئەمەریکا مانەوەیان درێژکرایەوە. 

ئەگەرچی لەگەڵ هاتنەوەی ترەمپدا پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا گەرمە بەڵام ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ لە نوێترین هەواڵیدا گواستنەوەی سیستمی بەرگری ئاسمانی لەلایەن سوپای ئەمریکاوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوکردوەتەوە.

بەپێی ڕوانگەی سوری کە زانیارییەکانی لە ئاژانسی وێستگارد 24 وەرگرتووە، سوپای ئەمەریکا لە ڕێگەی فڕۆکەوە پێداویستی سەربازی لە ناویاندا سیستمی بەرگری ئاسمانی بۆ بنکەکانی خەراب جێر لە حەسەكە و ڕومێلان لە ڕۆژئاوای كوردستان گواستەوەتەوە. 

بەپێی زانیارییەکانی ڕوانگەی سوری، ئەمەریکا لە ڕێگەی گواستنەوەی ئەو کەرەستە سەربازییانەوە دەیەوێت پێگەی خۆی لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان جێگیر بکات و هێرشی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی مەترسی لەسەر دروست نەکەن.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی