سبەى
سەرەڕای ئەوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست بە هیوابەخش دادەنرێت بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ و کارەساتێکی دوو ساڵە لە غەززە، بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی مێژووی ئەو جۆرە رێککەوتنانە جێبەجێکردنى بە قورس دادەنرێت تا ئیرادەیەکی جدی نەبێت بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینی و ئەگەر هەیە "شکستی" ئەمریکا لە عێراق لە غەززە دووبارە بێتەوە، ئەوەش بەپێی گۆڤارى فۆرین پۆلیسى ئەمەریکى.
بەپێی راپۆرتێکى گۆڤارەکە، وەڵامی سەرەتایی بۆ ڕێککەوتنی ئاگربەستی ئیسرائیل و حەماس کە هەفتەی ڕابردوو لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە بەدەستهات، جێگەی سەرنج بوو، فەلەستینییەکان خۆشحاڵن بە کۆتایی هاتنی دوو ساڵ دڕندەیی و برسێتی لەرادەبەدەر و لەدەستدانی بەشێکی بەرچاو لە دانیشتوانی غەززە و هاوتەریب ئیسرائیلییەکانیش ئاهەنگیان گێڕا بۆ گەڕانەوەی ٢٠ هاوڵاتی وڵاتەکەیان کە وەک بارمتە دوو ساڵ بوو لەلایەن حەماسەوە راگیرابوون و هەروەها ئیسرائیل توانی لە ڕێگەی ئاگربەستەوە خۆی لەو گۆشەگیرییە نێودەوڵەتییە رزگار بکات کە دوابەدوای هێرش بۆ سەر غەززە بەرۆکى گرتبوو، هاوکات ئاگربەست لە غەززە بووە هۆی ئەوەی هەزاران هاوڵاتی لە ئیسرائیل و میسر سوپاسی ترەمپ بکەن بە بۆنەی هەوڵەکانی بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەست لە غەززە.
سەرەڕای ئەمەش بەلەبەرچاوگرتنی ئەو راستییانەی کە لە غەززە دەبینرێت بەدیهاتنى گەشبینییەکانی ترەمپ قورسە بۆ ئەوەی ئاگربەست گۆڕانکارییەکی فراوانتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست بکات.
ڕێککەوتنی ئاگربەست ئەگەر بێتە دی ڕێگایەک دادەنێت کە دەبێت بە هۆی گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی بۆ غەززە و ئاودەدانکردنەوەی ژێرخان و ئابوورییەکەی و دامەزراندنی فۆرمێکى نوێی سیاسی دوای حەماس لە کەرتەکە. ئەم ڕێککەوتنە بە شێوەیەکی بەرچاو کۆتایی بە نیگەرانییەکانی دەوڵەتە سەرەکییە عەرەبییەکان دەهێنێت و لەبەرانبەریشدا داواکاریی سەرەکی "توندڕەوەکانی" ئیسرائیل ڕەتدەکاتەوە، وەک دەرکردنی فەلەستینییەکان و لکاندنی کەرتی ڕۆژئاوا، ئەم رێککەوتنە بەڵێنی گەیاندنی یارمەتیی مرۆیی زۆر پێویست بۆ غەززە دەدات و پێشنیاری ئاوەدانکردنەوەی ئابووریی کەرتەکە دەکات لە هەمان کاتدا کۆتايی دەهێنێت بە "خەیاڵەکانی" ترەمپ بۆ دەستبەسەرداگرتنی غەززە.
رێککەوتنە هەروەها کاریگەری ئەرێنی هەبووە لە راگرتنی کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی و گەڕانەوەی بارمتە ئیسرائیلییەکان و کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی نوێى بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لێکەوتووەتەوە، بەڵام هاوکات نەخشە ڕێگایەکی واقیع بینانە بۆ پێشکەوتنێکی راستەقینە پیشان نادات، ئەوەش بەپێی راپۆرتەکە.
دۆخی مرۆیی غەززە کە بە تەواوی لەناوچووە تا ئێستاش کارەساتبارە و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پێش دەستپێکردنەوەی گەیاندنی هاوکارییە مڕۆییەکان لە ڕێگەی چەندین مەرجەوە رەوانەکردنی ئەم یارمەتیانەی بۆ غەزە سنووردار کردوە، هاوکات حەماس خواستێکى کەمی بۆ چەکدانان نیشانداوە، لەبەرانبەردا "بە شێوەیەکی شەڕانگێزانە" هەنگاوی ناوە بۆ چەسپاندنی کۆنترۆڵ و "سەرکوتکردنی" رکابەرەکانی لە کەرتەکەدا.
رێککەوتنەکە ناڕوونە و لە کاتێکدا نیازپاکی نێودەوڵەتی بەرچاو و کۆدەنگییەکی فراوانی ناوچەیی بۆ پشتگیریکردن لە پلانەکە هەیە، بەڵام نەبووەتە هۆی دەرکردنی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان یان پابەندبوونی پتەوی ئەکتەرە دەرەکییەکان، ئەمەش بەو مانایە نییە کە ئەگەری ئەوەی جەنگێکی تەواو لە کورتخایەندا سەرهەڵبداتەوە زۆرە و پێدەچێت لانی کەمی ڕێکەوتنەکە جێبەجێ بکرێت.
ئێستا کەم تا زۆر هەموو یاریزانەکان پێیان وایە گەیشتوونەتە ئەو سنوورەی کە لە ڕێگەی شەڕەوە بەدەست دێت. ئیرادەی نەتانیاهۆ بۆ چوونە ناو شاری غەززە بۆ زۆر کەس لە سەرانسەری دامەزراوەی ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل و خەڵکی گشتی بە قووڵی نیگەرانکەر بوو. فەلەستینییەکان لە غەززە بە نائومێدیەوە بەدوای هەر شتێکدا دەگەڕێن بۆ کۆتاییهێنان بە ئازارەکانیان.
بەو پێیەی ترەمپ بەشێکی گرنگ بووە لە ڕێکەوتنەکە پیناچێت ئەمجارە ئاگربەستەکە هاوشێوەی ئاگربەستەکانی پێشوو تەنها لە یەک قۆناغدا سنووردا بێت و دواتر جەنگ دەستپێبکاتەوە، بەپێچەوانەوە ئەگەرێکی کەم هەیە کە ئاگربەست بە چەکداماڵینی حەماس و دامەزراندنی دەسەڵاتی حوکمڕانی بەرەو قۆناغی دووەم بڕوات.
پرسیاری بنەڕەتی ئەمڕۆ ئەوە نییە کە ئایا ئەو ڕێککەوتنە بە تەواوی جێبەجێ دەکرێت؟ پرسیار ئەوەیە ئەگەر جێبەجێ نەکرێت ناوچەکە بە چ ئاقارێکدا دەروات و چۆن دەبێت؟ ئیسرائیل و حەماس و ئەمریکا و یاریزانە سەرەکییەکانی ناوچەکە لەم ماوەیەدا چۆن رەفتار دەکەن و چ جۆرە کێبڕکێیەک لە غەززەی دوای جەنگ دەستپێدەکات؟
لە ئێستادا رەنگە وڵاتە عەرەبییەکان رازی بن بە گەڕانەوەی دۆخی غەززە پێش دەستپێکردنی جەنگ لە 7ی ئۆکتۆبەردا و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لە چوارچێوەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام بەپێچەوانەوە لەناوچوونی هیواکان لە غەززە و هاوکات نیازی ئیسرائیل بۆ لکاندنی کەناری ڕۆژئاوا بە وڵاتەکەی دۆخەکە ئاڵۆز و نادیار دەکات و ئەو "خەیاڵانەی" ترەمپ لە مێشکی دایە بۆ ناوچەکە لەناو دەچێت.
بە گوێرەی پلانی ئاگربەستەکە پێویستە یارمەتییەکی مرۆیی بەرفراوان رەوانەی غەززە بکرێت، بەڵام سەرەرای ئەمەش پێشبینی دەکرێت بە ڕێژەی پێویست یارمەتی رەوانەی غەززە نەکرێت، ئیسرائیل ماوەی دوو ساڵە کەرتەکەی گەمارۆ داوە و بەربەستی گەورەی بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان دروست کردوە تەنانەت لە کاتێکدا کە فوشاری ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی بۆ گەیاندنی بەپەلەی ئەم یارمەتیانە لە ئارادا بووە و لە ئێستاشدا ناتانیاهۆ بڕی رەوانەکردنی یارمەتییەکانی بۆ غەززە بۆ نیوە کەمکردۆتەوە بەهۆی دواکەوتنی گەڕانەوەی تەرم و پاشماوەی بارمتەکان، ئەمەش و ئەمە یەکەم بەربەستە لە زۆرێک لەم جۆرە بەربەستانە.
تەنانەت ئەگەر یارمەتییە مرۆییەکان بە رادەی پێویست بگاتە غەززە، ئەوە تەنیا چارەسەرێکی کاتی دەبێت. مەزەندە دەکرێت کە غەززە پێویستی بە زیاتر لە ٥٠ ملیار دۆلار یارمەتی پەرەپێدان هەبێت تەنها بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ئەو ژێرخانانەی کە ئیسرائیل بە شێوەیەکی سیستماتیکی لەناویبردووە. لە کاتێکدا وڵاتانی کەنداو ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ پشتگیریکردن لە ئاوەدانکردنەوەی غەززە، بەڵام نە ئامادەن و نە توانای دابینکردنی بودجەی بێسنووریان هەیە لە ئاستی پێویستدا و بەڵێنیە گەورەکانی وڵاتانی کەنداو بۆ یارمەتیدان بە دەگمەن جێبەجێ دەکرێت و هەمیشە دەبەسترێتەوە بە مەرجی سیاسییەوە، تەنانەت ئەگەر پارەی پێویست بە جۆرێک لە جۆرەکان بەدی بێت، هیچ پێشکەوتنێکی جددی لە غەززە بەدەست نایەت تا ئەو کاتەی گەمارۆکانی ئیسرائیل بەردەوام بێت و ئەو وڵاتە ڕێگری لە کرانەوە بەندەر و فڕۆکەخانەکان بکات بۆ جوڵەی خەڵک و کاڵاکان و ئەزموونەکانی ئیسرائیل لە ماوەی دەیان ساڵدا پیشان دەدەن کە ئەمە ڕوو دەدات.
ئیرادەی ئیسرائیل بۆ لەناوبردنی حەماس و ڕەتکردنەوەی هیچ ڕۆڵێکی لە غەززە دوای شەڕەکە، دۆخەکە زیاتر ئاڵۆزتر دەکات. حەماس گرنگییەکی کەمی بۆ داماڵینی چەک یان کشانەوە لە غەززە نیشانداوە و لەبەرانبەریشدا بە شێوەیەکی "شەڕانگێزانە" هەنگاوی ناوە بۆ دووپاتکردنەوەی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر غەززە و تا ئێستا ڕوون نییە چ هێزێک چەکداماڵینی حەماس جێبەجێ دەکات یان جێگەی دەگرێتەوە.
ئەزمونی دەسەڵاتی فەلەستین لە کەرتی ڕۆژئاوا دەریدەخات ئیسرائیل دروستکردنی هەر هێزێکی پۆلیسی چەکداری فەلەستین ڕەتدەکاتەوە، هەرچەندە لەڕووی سیاسییەوە ملکەچ بێت. زەحمەتە بتوانین هیچ هێزێکی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی یان عەرەبی کاریگەر بەبێ هاوکاری چالاکانەی حەماس سەرکەوتوو بێت یا خود ئیسرائیل بۆ پێداویستییە ئەمنییەکانی پشت بەو جۆرە هێزانە ببەستێت.
لەبەرانبەردا بەردەوامی ئامادەبوونی حەماس دەرفەت و بیانوویەکی بێکۆتایی بۆ ئیسرائیل دەڕەخسێنێت بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکییە سەربازییەکان و وازهێنان لە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان و ئاوەدانکردنەوە غەززە، نەتانیاهۆ تەنیا لەژێر گوشاری بەرچاوی ئەمریکا و ناوخۆدا ڕازی بوو بە ئاگربەست و هیچ نیشانەیەکی پابەندبوونی ڕاستەقینەی بە هیچ شتێکەوە بەدەر لە ئاڵوگۆڕی بارمتە نیشان نەداوە و هاوکات پارتە راسترەوەکان زۆرینەن لە کابینەی ئیسرائیلدا و بەردەوام خواستةكانيان بۆ لکاندنی کەناری رۆژئاوا بە ئیسرائیلەوە ناشارانەوە و بەدوای هەموو دەرفەتێکدا دەگەڕێن بۆ دڵنیابوون لە شکستی ئاگربەستەکە.
ئەوە تەنیا مێژووی تاڵی ڕێککەوتنەکانی ڕابردووی ئیسرائیل و فەلەستین نییە کە سێبەری خستووەتە سەر ئاگربەستەکەی ئێستا. گریمانە ناواقیعییەکان و بانگەشە زیادەرۆییەکان بە شێوەیەکی ترسناک هاوشێوەی شکستەکانی "داگیرکاریی" ئەمریکایە لە عێراق. نەبوونی ئاسایش و ئارامی، دامەزراندنی هەر جۆرە حکومەتێکی کاریگەر یان دروستکردنی شەرعیەت بۆ فؤرم]كى نوێ قورس دەکات، وەک ئەوەی دوو دەیە لەمەوبەر لە بەغداد ڕوویدا.
هەوڵە" شەڕانگێزەکان" بۆ داماڵینی چەک لە حەماس کاردانەوەی پێچەوانەی دەبێت، بەڵام هاوکات ڕادەستکردنی کۆنترۆڵی غەزە بۆ حەماس سەرکەوتنی هەر جۆرە دەسەڵاتیکی نوێ لە غەززە تووشی شکست دەکات.
ڕەنگە قەیومێکى نێودەوڵەتی بۆ غەززە دەستنیشان بکرێت بەڵام ئەو رێگایە هەر بەو جۆرەی لە عێراق سەرکەوتوونەبوو لە غەززەش سەرکەوتوو نابێت و هیچ شەرعییەتێکیان لەناو فەڵەستینییەکان نابێت کە هیوای دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆیان هەیە. تەنانەت دوای جێبەجێکردنی ئاگربەستیش غەززە دەبێتە شوێنێک بۆ توندوتیژی ناوبەناو، دارمانی ئابووری و دەسەڵاتداری ناسەرکەوتوو و یاخیبوونی بەردەوام بەپێچەوانەی دروستبوونی کەرتێکی مۆدێرن و درەوشاوە کە خەیاڵی بۆ دەکرێت.
هیواکان بۆ تێپەڕاندنی ئەم بەربەستە ئاشکرایانە تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە بەشداریکردنی یەکلاکەرەوەی ترەمپ، بەڵام ئەوە نابێت بە شتێکی ئاسایی وەربگیرێت. ئیدارەی ترەمپ بە کردەوە هیچ توانایەکی نییە بۆ سەرپەرشتیکردن یان جێبەجێکردنی ئەو پرۆسە سەختانەی کە لە غەززە روودەدات و بە لەبەرچاوگرتنی بڕیارە ناوبەناوەکانی ترەمپ، ئاساییە کە ئەمریکا لە ناکاو و بە خێرایی بگەڕێتەوە بۆ پشتگیریکردن لە هێرشێکی نوێی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، سیاسەتەکانی ترەمپ لە ئەمریکا بەردەوام رووبەرووی ئاڵنگاری گەورە دەبێتەوە و ئەوەش دەتوانێت هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی سەرنجی سەرۆکی ئەمریکا لەسەر غەززە لاببات.
ئیسرائیل هیواخوازە ئاگربەست کۆتایی بە گۆشەگیرییە نێودەوڵەتییەکانی بهێنێت، بەڵام پشتبەستن بەو خەیاڵانە زۆر زووە و تەنیا هەنگاوێک بە ئاراستەی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی ڕاستەقینە لەگەڵ فەلەستینییەکان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت و ئەوەش لە ئێستادا زۆر ئاستەمە.
ئەوەی لە غەززە دەگوزەرێت، بووەتە هۆی گۆڕانکارییەک لە تێڕوانینی جیهانی بۆ ئیسرائیل، هاوشێوەی داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە کە بیرورای جیهانی بۆ واشنتۆن تووشی گۆڕانکاری کرد، ئەو گۆڕانکارییانە بە رادەیەک قووڵە کە ناتوانرێت بە ئاگربەستێکی کورت خایەن گۆڕانیان بەسەردا بێت و پێچەوانە بکرێتەوە، دادپەروەری نێودەوڵەتی و لێپرسینەوە لە تاوانەکانی جەنگ لەگەڵ کۆتایی هاتنی دەستبەجێی شەڕەکاندا کۆتایی نایەت.
بوونی رێککەوتنێکی لەو شێوەیە باشترە لە نەبوونی وەها ڕێکەوتنێک، ئەو شەڕە کارەساتبارە پێویست بوو کۆتایی پێبێت و ترەمپ ئەو کارەی کرد کە بایدن ئامادە نەبوو بیکات، بەڵام تێپەڕاندنی ئەم "خەیاڵە خۆشانە" و بەدیهاتنی "رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ" کە ترەمپ بەڵێنی پێداوە، نەک تەنها پێویستی بە گرنگیدانێکی بەردەوام دەبێت کە بە دەگمەن دراوە، بەڵکو پێویستە وانە لە شکست و هەڵەکانی رابردوو وەربگیردرێت.
ئەمڕۆ زۆر ئاسانە گوێمان لە هیواکانی ئەمریکا بێت بۆ پێکهێنانی ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی مۆدێرن کە لە میانی داروپەردووی وێرانکاری کارەساتبارەوە سەرهەڵدەدات، بەڵام لەشکرکێشی و "داگیرکردنی عێراق" ئەو گۆڕانکارییە ناوچەییەی کە بەڵێنی پێدرابوو، بەدی نەهێنا.