کۆنتڕۆڵکردنى سنور و حزبەکانى رۆژهەڵات؛ ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى ئەمنى باڵاى عێراق و ئێران

#عێراق#ئێران
15 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 14 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • ئەو پرسە لەکۆبوونەوەى ئەمنى باڵاى نێوان قاسم ئەعرەجى راوێژکارى باڵاى ئاسایشى نیشتمانى عێراق و لیول عەبدورەحیم موسەوى سەرۆک ئەرکانى هێزە چەکدارەکانى ئێران تاوتوێکرا، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکى ئاسایشى نیشتمانى عێراق.
  • بەپێی راگەیەنراوەکە کە دەست “سبەى” کەوتووە، لەکۆبوونەوەکەدا هەردوولا گفتوگۆى بەرفراوانیان كرد بۆ هاریکارى لە پرسى ئەمنى و کۆنتڕۆڵکردنى سنور و حزبە کوردییەکان کە لە هەرێمى کوردستان جێگیرن، لەگەڵ تاوتوێکردنى پرسی هاریکارى ئەمنى و هەواڵگرى و ئاڵوگۆڕى زانیارى لە چوارچێوەى کارى لیژنەکانى پەیوەندیدار بە چاودێریکردنى جێبەجێکردنى رێککەوتنى ئەمنى نێوان هەردوو وڵات.
Primary Asset

سبەى

عێراق و ئێران لەسەر ئاستى باڵا پرسی کۆنتڕۆڵکردنى سنور و حزبەکانى رۆژهەڵاتى کوردستانیان تاوتوێکرد و جەختیان لە پابەندبوون بە رێککەوتنى ئەمنى نێوانیان لەو بارەیەوە کردەوە.

ئەو پرسە لەکۆبوونەوەى ئەمنى باڵاى نێوان قاسم ئەعرەجى راوێژکارى باڵاى ئاسایشى نیشتمانى عێراق و لیول عەبدورەحیم موسەوى سەرۆک ئەرکانى هێزە چەکدارەکانى ئێران تاوتوێکرا، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکى ئاسایشى نیشتمانى عێراق.

بەپێی راگەیەنراوەکە کە دەست “سبەى” کەوتووە، لەکۆبوونەوەکەدا هەردوولا گفتوگۆى بەرفراوانیان كرد بۆ هاریکارى لە پرسى ئەمنى و کۆنتڕۆڵکردنى سنور و حزبە کوردییەکان کە لە هەرێمى کوردستان جێگیرن، لەگەڵ تاوتوێکردنى پرسی هاریکارى ئەمنى و هەواڵگرى و ئاڵوگۆڕى زانیارى لە چوارچێوەى کارى لیژنەکانى پەیوەندیدار بە چاودێریکردنى جێبەجێکردنى رێککەوتنى ئەمنى نێوان هەردوو وڵات.

ئەعرەجى کە رۆژى دووشەممە بەسەرۆکایەتى شاندێکی باڵای عێراق لەناویاندا رێبەری ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی بەرپرسی دیکە گەیشتە ئێران، لەگەڵ مەسعود پزشکیان سەرۆک کۆمارى ئێران کۆبووەوە و جەختى لە پابەندبوونى عێراق بە جێبەجێکردنى بەندەکانى رێککەوتنى ئەمنى کردەوە.

شاندەکە رۆژى دووشەممە لەگەڵ عەلی لاریجانی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران کۆبوونەوە.

بەپێی راگەیەندراوی کۆتایی کۆبونەوەکە، هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر رێککەوتنەکە کردووە، پەیوەست بە پاراستنی سنورەکان و دۆخی پارتە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران و پابەندبوونی عێراق بە رێککەوتنەکە، بەتایبەتی گواستنەوەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و دوورخستنەوەی لە سنورەکان و راگرتنی سەرجەم چالاکییە سەربازی و سیاسییەکانیان.

هەردوولا، بە ووردی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و ئاڵنگارییەکانی بەردەم رێککەوتنەکەیان باسکردووە، لایەنی عێراقی پابەندبوونی خۆی نیشانداوە کە رێگەنەدات خاکی وڵاتەکەی لەلایەن هیچ لایەنێکەوە بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت.

لایەنی ئابوری و باشترکردنی ئاسایشی سنورەکان تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە بووە، لایەنی ئێرانی ستایشی هەوڵەکانی عێراقی کردووە بۆ جێبەجێکردنی بەندەکانی رێککەوتنی ئاسایشی هاوبەش و لە کۆتاییدا هەردوولا رێککەتوون لیژنەیەکی مەیدانی پێکبهێنن بۆ چاودێریی و بەدواداچوونی هەنگاوەکانی رێککەوتنەکە.

عەلی لاریجانی، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران رایگەیاند: عێراق رێگەنادات خاکەکەی ببێتە پێگەیەک بۆ دەستدرێژیی و هێرشکردنە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ پەیوەندی بەهێزی نێوان هەردوو وڵات و گەلەکانیان.

هەروەک پەسنی رۆڵی عێراقی کرد لە هەماهەنگی بەردەوامی بۆ سەقامگیری ئاسایش و پەیوەندییەکانی نێوانیان، وەک ئاماژەیەکی مێژویی کە عێراق و ئێران پێکەوە دەبەستێتەوە.

ئەعرەجی: لێکتێگەیشتنەکەمان لەگەڵ ئێران لەبارەی پارتە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانە

لە رونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە ئیمزاکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق و عەلی لاریجانی ئەمینداری ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، راگەیاندنی ئاسایشی نیشتیمانی بڵاوی کردەوە؛ عێراق رێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە، کە لە (19ـی ئازاری 2023) واژۆ کراوە، کە بە رێککەوتنی ئەمنی هاوبەشی ئاسایشی سنوور و رێوشوێنەکانی سنوردارکردنی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێران کە لە هەرێمی کوردستانن، ناسراوە.

ئاماژەی بەوەکردووە؛ هەماهەنگی زیاتر کراوە بۆ ئەوەی ئەو رێککەوتنە ئەمنییە بکرێتە یاداشتی لێکتێگەیشتن لەسەر ئاستی ئاسایشی سنورەکان و هەماهەنگی ئاسایشی پەیوەست بە ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێران کە لە هەرێمی کوردستانن بە هەر پێنج حیزبەکەوە، یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە خراوەتە بەردەستی ئەنجومەنی وەزیران و بە بڕیاری ئەنجومەنیش واژۆی لەسەر کراوە.

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ رێککەوتنێکی ئاسایشی لە نێوان هەردوو وڵاتدا نییە، بەڵکو یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی ئەمنییە. کەناڵەکانی راگەیاندن دەستکردەکان پێویستە وریا بن لە کاتی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان و پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی