سبەى
لە دوایین هەڵبژاردن لە بەشى تورکی قوبرس کە تێیدا دوو کاندیدی سەرەکی بۆ گرتنە دەستى سەرۆکایەتی وڵاتەکە رکابەرییان دەکرد کاندیدەکەی سەر بە ئەردۆغان شکستی گەورەى خوارد ئەوەش وەک بەشێک لە زنجیرەیەک شکست دێت کە لەم ساڵانەى دواییدا تووشی بووە کە دیارترینیان هەڵبژاردنى ساڵى رابردووى شارەوانییەکانى وڵاتەکەى بوو کە بۆ یەکەمجار لەدواى گرتنە دەستى دەسەڵات حزبەکەى ریزبەندى یەکەمى لەدەستدا.
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە بەشە تورکییەکەی قوبرس بەڕێوەچوو و کە تێیدا کاندیدی نزیک لە ئەردۆغان شکستی گەورەی خوارد و بە گوێرەی بەشێک لە شرۆڤەکاران لە هەر گۆشە نیگایەکەوە شکستی ئێرسین تاتار وەک کاندیدێک کە لەلایەن سەرۆکی تورکیا پشتیوانی دەکرا دەبێ وەک شکستی ئەردۆغانیش هەژمار بکرێت. هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە بەشە تورکییەکەی قوبرس لە هەڵبژاردنێکی ناوخۆیی و هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نافەرمی دەوڵەت زیاتر بوو چونکە ئەگەرچی لە ڕووکەشدا دوو سیاسەتمەداری قوبرسی تورکی بە ناوەکانی ئێرسین تاتار و تۆفان ئێرهورمان رکابەریان دەکرد بۆ ئەوەی یەکێکیان بۆ ماوەی ٥ ساڵ وەک سەرۆکی وڵاتەکە هەڵبژێردرێت کە جگە لە تورکیا هیچ وڵاتێکی تر دانیان پێدا نەناوە، هاوکات ئەم کێبڕکێیە زیاتر لە ڕیفراندۆمێکی گەورە دەچوو، ڕیفراندۆمێک کە تێیدا نزیکەی دوو سەد و پەنجا هەزار دەنگدەری تورکی قوبرسی لەبەردەم دوو بژاردەی گەورەدا بوون لەوانەش:
1- ئایا ئەرسین تاتار دەبێتە سەرۆک و ئایا بەشە تورکییەکەی قوبرس بە پاڵپشتی ئەنقەرە و ئەردۆغان بەردەوام دەبێت لە لێدانی تەپڵی سەربەخۆیی و داوای جیابوونەوە لە بەشی یۆنانی یان ڕۆمانی قوبرس دەکات؟
2-ئایا ئەرهۆرمان هەڵدەبژێردرێت کە سیاسەتەکانی تورکیا رەتدەکاتەوە و دژی سەربەخۆیی وڵاتەکەیە و بەنیازە بچێتە دانوستان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی قوبرس بۆ دامەزراندنی مۆدێلێکی فیدراڵی و هاوبەشی؟
بە گوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە سەدا ٦٤ی دەنگدەران ئەرهورمانیان هەڵبژارد، بەمەش بە ڕوونی و شێوەیەکی یەکلاکەرەوە ڕایانگەیاند کە نە سەربەخۆیییان دەوێت و نە بە بەردەوامی دەستێوەردانی تورکیا ڕازین.
بەم دەنگە بەرزە قوبرسییە تورکەکان پەیامێکی ڕوونیان ئاراستەی تورکیا و قوبرس کرد و ڕایانگەیاند کە بە تێڕوانینی ئەوان ڕەگەزنامەی تاکە وڵات و دەوڵەتێک بە ناوی قوبرس و هەڵگرتنی پاسپۆرتی وڵاتێک کە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپایە زۆر بەنرخترە لەوەی کە لە وڵاتێکی سەربەخۆدا بژین، وڵاتێکی سەربەخۆ کە هەموو پێداویستییەکانی لە تورکیا وەردەگرێت، لەلایەن هەشتا هەزار سەرباز و پۆلیسی تورکەوە پارێزراوە و خاوەنی نادڵنیایی و دۆخی نادیارە، ئەوەش بەپێی ماڵپەڕى دیبلۆماسی ئێرانى.
بەڵام بۆچی ڕووداوێکی لەو شێوەیە لە ڕوانگەی پێشهاتە ناوچەییەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە شایەنی ڕەچاوکردنە؟
هۆکاری گرنگ ئەمەیە: لەم چەند ساڵەی دواییدا پشتیوانیکردن لە سەربەخۆیی بەشە تورکییەکەی قوبرس بووەتە گرنگترین ئەولەویەتی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا و ئەردۆغان ئەوەندە بەو ئاراستەیە ڕۆیشتووە کە "قوبرس" بووەتە خاڵی سەرەکی ناکۆکی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا، بە واتایەکی تر ئەگەر تا دوێنێ یەکێتی ئەوروپا تەنها لە بوارەکانی سیاسەت و دیموکراسی و مافی مرۆڤ ڕەخنەی لە تورکیا گرتبوو، لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا ئەم ڕێبازە بە تەواوی گۆڕاوە و پێداگری تورکیا لەسەر پێویستی دانپێدانانی حکومەتی بەشە تورکییەکەی قوبرس وەک هەنگاوێک بەرەو هەڵوەشاندنەوەی وڵاتێکی ئەوروپی، بووەتە هۆی دوورکەوتنەوە لە یەکێتیەکە و گرژی لەگەڵ یۆنان و قوبرس.
نیشتیمانی شین
بیرۆکەی "نیشتمانی شین" وەک یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکانی ستراتیژی نوێی سیاسی بەرگری تورکیا کە تێیدا جەخت لە زاڵبوونی دەسەڵاتی دەریایی ئەو وڵاتە بەسەر دەریای ناوەڕاستدا دەکرێتەوە، بە وەرچەرخانێکی مێژوویی و زێڕین لە ستراتیژییەکانی حکومەتەکەی ئەردۆغان دادەنرێت.
لەم ستراتیژەدا بوونی سەربازی لە قوبرس گرنگترین خاڵی پشتبەستنی تورکیا بوو بۆ کاریگەری لەسەر تەواوی هاوکێشەکانی ئەمنی و گواستنەوە و وزە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و نیشاندانی دەسەڵات لە دژی یۆنان و قوبرس و هێزی دەریایی فەرەنسا و هاوکات ڕێککەوتنی ئاسایشی دەریایی لەگەڵ لیبیا و نزیکبوونەوە لەسەر میسر و ئیسرائیل، هەموویان پەیوەندییەکی راستەوخۆیان بەم خاڵەوە هەبوو، بەڵام لە ئێستادا ئەم ستراتیژییەی تورکیا بە کردەوە کەوتووەتە بەر ئالەنگارییەکی گەورە. هەرچەندە هێزەکانی سوپا و پۆلیسی تورکیا لە ماوەی ٥٠ ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی هەمیشەیی لەو دوورگەیەدا ئامادە بوون، بەڵام ئێستا دۆخێک هاتۆتە ئاراوە کە بەدوور نازانرێت ئەم هێزانە ناچار بکرێن وردە وردە دوورگەکە جێبهێڵن.
پێگەی جیۆپۆلیتیکی دورگەی قوبرس لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست ئەوەندە گرنگە کە ئەردۆغان بەشێکی بەرچاوی دەسەڵاتی سیاسی و ئەمنی و دیپلۆماسی حکومەتەکەی لەسەری چڕکردووەتەوە، بۆ ئەوەی بە هەر ڕێگەیەکی پێویست دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ بەشە تورکییەکەی قوبرس دابمەزرێنێت. بەتایبەت لە چوارچێوەی ئەو ڕاستییەی کە حکومەتێک لە دیمەشق لەڕێگەی پشتیوانییەکانی تورکیا هاتووەتە سەر دەسەڵات و بۆ ئەنقەرە گرنگە کە حکومەتێکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستیش بەپشتیوانی تورکیا دابمەزرێت و ئەوە دەتوانێت قازانج و ئیمتیازێکی زۆریش بۆ ئەنقەرە بەدوای خۆیدا بهێنێت، هەروەها ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت بۆ گەیشتنی ئەردۆغان بە ئامانجەکانی لەو ناوچەیەدا لەوانەش دەرهێنانی نەوت و گاز لە قوبرس و گواستنەوەی غازی ئیسرائیل بۆ ئەوروپا لەو ڕێگەیەوە.
چی گۆڕاوە؟
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا شارەزایەکی بەئەزموونە لە ڕێکخستنی هەڵبژاردن و وتاری مەیدانی و وروژاندنی هەستی جەماوەری و ئایینی و نەتەوەیی و بەکارهێنانی ئامرازەکانی میدیا و نمایشکردن بۆ بەدەستهێنانی دەنگ لە کاتی خۆیدا.
ئەردۆغان هەروەها شارەزاییەکی تەواوی هەیە لە گۆڕانکاری لە بیرۆکە و ئاراستەی سیاسیدا و لە ماوەی چل ساڵی رابردوو لەو کاتەوی کە خوێندکارى قوتابخانەی ئەربەکان بوو و دواتر بووە سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبۆڵ تا ئەو کاتەی لە تورکیا بووە سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار جیهانێکی ئەزموون بەدەستهێناوە، بەڵام ئێستا پێدەچێت بەشێکی بەرچاو لە توانای و هێزی ڕابردووی لەدەستدابێت و جگە لەوەش زۆرجار پێشبینییەکانی کورت دەهێنێت.
بەوتەى بەشێک لە شرۆڤەکاران، ئەردۆغانی تەمەن ٧١ ساڵ، نەک هەر وزەی جەستەیی و دەروونیی لەدەستداوە بۆ پێشکەشکردنی وتاری گشتی، بەڵکو بە سەختی و بە هێواشی و پوخت وەڵامی پرسیارەکانی پەیامنێران دەداتەوە. هەندێک جار لەکاتی ڕۆیشتن دەستی دەخاتە سەر شانی یەکێک لە پاسەوانەکانی و ماندوویەتی بە جەستەیەوە دەردەکەوێت.
ئەردۆغان لەمێژە لە سیاسەتی دەرەوەدا وەک رابردوو کە بە ئاسانی و متمانە بەخۆبوون هەموو پێچ و پەناکانی تێدەپەراند و ئەگەر پێشتر دەیتوانی هاوسەنگییەکی ورد و دووربین لە هەموو بوارەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و جیهانی ئیسلامی و جیهانی عەرەبی و ئەفریقا و ناوچەکەدا دروست بکات، ئێستا ئەو توانایانەی لەدەستداوە و لە دۆخێکی وادا نییە. بۆ نموونە بە درێژایی هەموو ساڵەکانی دەسەڵاتی جۆ بایدن لە ئەمریکا نەیتوانی هیچ ئیمتیازێک لە سەرۆکی ئەمریکا وەربگرێت و تەنانەت پرسی ئەندامێتی سوید و فینلاند لە ناتۆدا نەیتوانی ببێتە هۆی پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و واشنتۆن.
لە لایەکی دیکەوە ئەردۆغان پەیوەندییەکانی لەگەڵ روسیا و پوتینیش گەیاندە ئاستێک کە بە ئەنجامدانی هەڵەی ستراتیژی کڕینی سیستەمی ئێس-٤٠٠ لە روسیا تورکیا بە ئاسانی کەوتە ژێر سزای سەربازیی ئەمریکا و لە لیستی کڕیارانی فڕۆکەی جەنگی ئێف ٣٥ دوورخرایەوە.
هەروەها لە پرسەکانی دیکەی وەک لیبیا و نابژیوانی لە شەڕئ ئۆکراین و روسیا و هاوبەشە ئەمنییەکان لەگەڵ ئەوروپا پێشبینییەکانی هەڵە دەرکەوتووە و ئێستا لە درێژەی ئەم زنجیرە پێشبینییە هەڵەیە ئەردۆغان لە قوبرسیشدا ئەنجامێکی دڵخوازی بەدەست نەهێنا لە کۆتاییدا دەبێت شکستی ئەرسین تاتار وەک شکستی ئەردۆغان لێکبدرێتەوە، ئەوەش بەوتەى شرۆڤەکاران.
ئێستا ئەردۆغان و دوو باڵەکەی واتە ئیبراهیم کاڵن سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا و هاکان فیدان وەزیری دەرەوە، لە دۆخێکدان کە دوای شکستەکەیان لە بەشە تورکییەکەی قوبرس دەبێت بیر لەوە بکەنەوە کە چۆن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یۆنان و قوبرس و یەکێتی ئەوروپا لە داهاتوودا بەرەوپێش بەرن و چ ڕێوشوێنێک بگرنەبەر بۆ ئەوەی ئیسرائیل لە بواری دارایی و بەرگری و ئاسایش لە بەشە تورکییەکەی قوبرس و هەروەها لە یۆنان کێشە بۆ تورکیا دروست نەکات. بە لەبەرچاوگرتنی ئەمە، دەکرێت پێشبینی ئەوە بکرێت کە ئەردۆغان وردە وردە بەرەو گۆڕانکاری گەورە لە سیاسەتی دەرەوەدا هەنگاو بنێت و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هاندان و مەرجانەی کە ترەمپ و یەکێتی ئەوروپا دایانناوە، جارێکی دیکە بە خێرایی و جۆش و خرۆشێکی زیاترەوە بگەڕێتەوە بەرەی ڕۆژئاوا.