ئێران و گروپە چەکدارەکان؛ پەیامێکى توند لە ئەمەریکاوە بۆ عێراق

#ئەمەریکا#عێراق#ئێران
10 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 9 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • پەیامەکەى ئەمەریکا رۆژى سێشەممە لەلایەن مارکۆ رۆبیۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکاوە بە محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق گەیەنرا، کاتێک پێکەوە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیان ئەنجامدا.
Primary Asset

سبەى

ئەمەریکا پەیامێکى نوێ لەبارەى گروپەچەکدارەکانەوە ئاڕاستەى عێراق دەکات و جەختدەکاتەوە لەسەر پێویستى داماڵینى چەکى ئەو گروپە چەکدارانەى لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتى دەکرێن.

پەیامەکەى ئەمەریکا رۆژى سێشەممە لەلایەن مارکۆ رۆبیۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکاوە بە محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق گەیەنرا، کاتێک پێکەوە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیان ئەنجامدا.

بەپێی وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا، رۆبیۆ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا جەختیکردووەتەوە لەسەر پێویستى چەک داماڵینى گروپەچەکدارەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتى دەکرێن و سەروەرى عێراق لەباردەبەن و سامانى عێراق بۆ بەرژەوەندى ئێران تاڵان دەکەن.

وتیشى گروپە چەکدارەکان هەڕەشەن بۆ سەر گیانى ئەمەریکییەکان لە عێراق. لەگەڵ ئەوەشدا جەختیکردەوە لەسەر پابەندبوونى واشنتن بە کارکردن لەگەڵ عێراق بۆ پتەوکردنى بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.

لەبارەى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستانەوە، رۆبیۆ پیرۆزبایی لە سودانى کرد و جەختیکردەوە هەناردەکردنەوەى نەوت لە رێگەى هێڵى بۆرى جەیهانەوە، سودى بۆ عێراق، تورکیا و خاوەنکارانى ئەمەریکا دەبێت.

رۆبیۆ و سودانى هەروەها گفتوگۆیان کرد لەبارەى هەوڵەکان بۆ پشتیوانى و تەواوکردنى رێککەوتنە ئابورى و بازرگانییەکانى ئەمەریکا لە عێراق.

قسەکانى رۆبیۆ دواى سێ رۆژ دێت لە دیاریکردنى (مارك ساڤایا) لەلایەن ترەمپەوە وەك نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ عێراق، کە لەلایەن سودانییەوە بە هەنگاوێکى گرنگ دانرا.

بەپێی راپۆرتێکى کەناڵى فۆکس نیوزى ئەمەریکى، دیاریکردنى مارك ساڤایا وەک نێردەى ترەمپ بۆ عێراق، لە چوارچێوەى هەوڵەکانى ترەمپدایە بۆ فراوانکردنى رێککەوتنەکانى ئەبراهام و گرتنەوەى وڵاتى دیکە لەناویاندا عێراق.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵێکى دیبلۆماسی بە ئامانجى پتەوکردنى پێگەى واشنتن لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، دواى واژۆکردنى رێککەوتنى ئاشتى نێوان حەماس و ئیسرائیل کە کۆتایی هاتنى شەڕى غەززەى لێکەوتەوە.

بەپێی کەناڵەکە، مارك ساڤایا پەیوەندى باش و بەرفراوانى هەیە لەناوچەکە، پێشبینى دەکرێت رۆڵێکى میحوەرى بگێڕێت بۆ کردنەوەى رێگا لەبەردەم بەدیهێنانى بەرژەوەندییەکانى ئەمەریکا و بەشداریکردنى وڵاتان لەهەوڵەکانى ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکان لەناوچەکە، بەتایبەتى دواى لێدوانەکانى ترەمپ لە لوتکەى شەرم شێخ لەبارەى غەززە کە گەشبینى خۆى دەربڕى بەوەى ژمارەیەکى زیاتر لە وڵاتانى عەرەبی و ئیسلامى بچنە ناو رێککەوتنەکانى ئەبراهامەوە.

رێککەوتنەکانى ئەبراهام ئاماژەیە بۆ ژمارەیەک رێککەوتنى ئاشتى و ئاساییکردنەوەى پەیوەندى لەنێوان ئیسرائیل و ژمارەیەک وڵاتى عەرەبى بەسەرپەرشتى ئەمەریکا. بۆ یەکەمجار لە ساڵى 2020 ئەو زاراوەیە بەکارهێنرا لەبەیاننامەیەکى هاوبەشى ئیسرائیل و ئیمارات و ئەمەریکادا کە دواتر بووە ناوى رێککەوتنەکانى ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى نێوان ئیسرائیل لەگەڵ هەریەکە لە ئیمارات و بەحرەین و مەغریب و سودان.

ساڤایا كاری بازرگانی دەكات و دامەزرێنەری كۆمپانیای لیف و بەد (Leaf and Bud)ـە. كۆمپانیاكە لە بواری حەشیش كار دەكات و هەردوو جۆری ماریوانای پزیشكی و كاتبەسەربردن دەفرۆشێت.

بەپێی پرۆفایلەكەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی لینكتن، مارك ساڤایا هیچ پێشینەیەكی لە بواری حكومەت، سیاسی و دیپلۆماسییدا نییە، ئەوەش نیگەرانیی لەسەر تواناكانی لە بەڕێوەبردنی پۆستێكی دیپلۆماسیدا دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

بەپێی بڵاوكراوەكانی سۆشیاڵ میدیاكەی، پەیوەندییەكانی نێوان ساڤایا لەگەڵ ترەمپ بەهێزە و لە چەندین بۆنەدا هەردووكیان بەشداربوون. لە كەمپەینی هەڵبژاردنەكاندا، رۆڵی مارك ساڤایا كاریگەر بوو، بە تایبەت كاریگەریی لەسەر دەنگدەرانی موسڵمانی ئەمەریكی لە ویلایەتی میشگن.

سەبارەت بە هۆكاری دەستنیشانكردنی مارك ساڤایا وەك نێردەی تایبەتی ئەمەریكا، ترەمپ رایگەیاند "مارك تێگەیشتنێكی قووڵی هەیە بۆ پەیوەندییەكانی عێراق و ئەمەریكا، هەروەها پەیوەندییەكانی لە ناوچەكە یارمەتیدەر دەبن بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا."

دیاریکردنى مارك ساڤایا بۆ ئەو پۆستە پێش کەمتر لە مانگێک دێت لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق کە بڕیارە لە 11 ى تشرینى دووەمى داهاتوو بەڕێوەبچێت، لەکاتێکدا ترسەکان لەبارەى ئەگەرى دەستپێکردنەوەى شەڕى ئێران و ئیسرائیل هێشتا نەڕیوەتەوە کە لەئەگەرى روودانیدا رەنگە کاریگەرى لەسەر دۆخى عێراق دروستبکات.

لە سیستمى دیبلۆماسی ئەمەریکادا، نازناوى نێردەى تایبەت ئاماژەیە بۆ کەسێک کە لەلایەن سەرۆک یان وەزیرى دەرەوە دیاریدەکرێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەیەکى دیاریکراو، کە زۆربەیجار لەدەرەوەى چوارچێوەى کارکردنى باڵیۆزخانەکاندایە.

نێردە هەڵگرى سیفەتى باڵیۆز نییە، بۆیە پێویستى بە دەنگدان نییە لە ئەنجومەنى پیران.

هەرچەندە هیچ لێدوانێکى فەرمى نییە لەبارەى رۆڵى پێشووى مارك ساڤایا لە عێراق، بەڵام  ئەلیزابێس تسورکۆڤ ئەو توێژەرە روسی- ئیسرائیلییەى مانگى رابردوو دواى دوو ساڵ لە رفاندنى لەلایەن گروپە چەکدارە عێراقییەکانەوە ئازادکرا، رۆڵى ساڤایاى ئاشکراکرد، کاتێک رایگەیاند کە رۆڵى هەبووە لە پڕۆسەى ئازادکردنیدا.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی