محەمەد شیاع سودانی لە کۆبونەوەی گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان
سبەی
هەوڵی بێووچانی عێراق بۆ دوورخستنەوەی ئاگری شەڕ لە وڵاتەکەی و ناوچەکە و پاراستنی خاکەکەی لە هێرشەکان و بەکارنەهێنانی بۆ وەڵامدانەوە ئیسرائیل لەلایەن ئێرانەوە، بووتە کاری لە پێشینەی حکومەتەکەی سودانی، سەرەڕای ئەوەش دەیەوێت ببێتە نێوەندگیری ئەمەریکا و ئێران و رۆڵی نامەبەری پەیامەکان دەگەیەنێت.
ئەنجومەنی وزاریی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، کە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکایەتی دەکات، لە دوا کۆبونەوەیەدا جەختی کردەوە کە دەیەوێت خاک و ئاسمانەکەی لەو شەڕە بپارێزێت کە ئیسرائیل هەوڵی فراوانکردنی دەدات، لەبەرامبەریشدا بەکارنەهێنرێت بۆ هێرش کردنە سەر وڵاتانی دیکەی ناوچەکە.
دەیەوێت و خۆی ناوچەکەش بپارێزێت
بەوتەی فادی شەمەری، راوێژکاری سیاسی سەرۆک وەزیرانی عێراق، کاری لە پێشینەی حکومەتی سودانی دوورخستنەوەی عێراقە لە ناکۆکی و ئاڵۆزیی و شەڕەکانی ناوچەکە، ئەمەش بەمانای گۆڕانی هەڵوێستەکانی نایات، بەرامبەر ئیسرائیل.
شەمەری بە تەلەفزیۆنی حوڕەی راگەیاندووە: عێراق بە تەنها بە دوای بەرژەوەندییەکانی خۆیەوە نییە، بەڵکو دەیەوێت شەڕ لە ناوچەکە کۆتایی پێبهێنێت، بۆ ئەوەش جوڵەی دیپلۆماسی کارا و کاریگەری دەستپێکردووە لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان، بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و ئاڵۆزی لە ناوچەکە.
گرەنتیان لە ئێران وەرگرتووە
لەلایەکی دیکەوە، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند: عێراق گرەنتی و پەیمانی لە ئێران وەرگرتووە خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەکارنەهێنێت، لە حاڵەتی هەر وەڵامدانەوەیەکی ئێران بۆ هێرشەکانی ئەم دوایەی ئیسرائیل کە کرایە سەر چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتە.
ریناد مەنسور، بەڕێوەبەری پڕۆژەی دەستپێشخەریی عێراق لە پەیمانگای جاسام هاوس لە لەندەن رایگەیاند: حکومەتی سودانی و چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵی تەواو دەدەن بۆ ئەوەی عێراق بەدووربگرن لە قوڵکردنەوەی ناکۆکییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و ئەوەش بوەتە کاری لە پێشینە و لەماوەی ساڵی رابردوودا دەستکەوتی باشیش بەدەستهێنراوە.
بەوتەی مەنسور، گرژییەکانی ناوچەکە کاریگەریی لەسەر ناوخۆی عێراق هەیە، بۆ ئەوە هانی ئێرانیش دەدات کە عێراق بخاتە دەرەوەی چوارچێوەی ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، لەگەڵ ئەوەشدا قورسە پێشبینی ئەوە بکرێت تا چەند عێراق لە بازنەی شەڕی ئیسرائیل دەپارێزرێت و هێرش ناکاتە سەر خاکەکەی.
هەوڵە دیپلۆماسییەکان بەردەوامە
ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقیش پشتبەستن بە لێدوانی ژمارەیەک راوێژکاری حکومیی و پەرلەمانتار، بڵاوی کردەوە: حکومەتی عێراق سەرکەوتووە بووە لە پاراستنی خاکەکەی لە هێرشەکانی ئیسرائیل و دوورخستنەوەی لە ناکۆکی هەرێمی، لە رێگەی ژمارەیەک ستراتیژی دیپلۆماسی و سیاسییەوە، یەکێک لە رێگاکانیش دروستکردنی پەیوەندییەکی هاوسەنگە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و گرەنتی کردنی ئەوەی عێراق بێلایەن بێت و رۆڵی هەبێت لە سەقامگیریی ناوچەکە، لە بری ئەوەی ببێتە بەشێک لە ناکۆکی و ئاڵۆزییەکان.
سودانی لە چەند بۆنەیەکی جیاوازدا نامەی روونی گەیاندوەتە گروپە چەکدارە شیعەکانی سەر بە ئێران کە بڕیاری جەنگ و ئاشتی لە دەستی دەوڵەتدایە نەک لایەنی دیکە، ئەوەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هاندانی شەقامی عێراقی لەلایەن ژمارەیەک گروپی مەزهەبییەوە بۆ بوون بە بەشێک لە شەڕی ناوچەکە و بەتایبەتی روبەڕووبونەوەی ئیسرائیل و وەڵامدانەوەی هێرشەکانی.
عێراق لە یەدەگەوە بۆ یاریزانی سەرەکیی
غازی فەیسەک، دیپلۆماتکاری پێشوو، هاوڕایە لەگەڵ ئەوەی کە عێراق یاریکارێکی گرنگی ناوچەکەیە، بەهۆی پەیوەندیی لەگەڵ ئێران و ئەمەریکا، ئەو پەیوەندییە هاوبەشەی بەکاردەهێنێت بۆ کوژاندنەوەی ئاگری ناکۆکی و شەڕ و بۆ ئەوەش بەردەوام نامەی تاران و واشنتۆن دەگەیەنێتە یەکتری و رۆڵی دیپلۆماسی و سیاسی خۆی دەبینێت لە ناوچەکەدا.
چاودێرانی سیاسی و سەربازی، خوێندنەوەیان بۆ سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا ئەوەیە کە دەیەوێت ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتایی پێبهێنێت و رەوشی ناوچەکە هێوربکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕی بە گۆڕینی سیاسەتی ئێرانە کە دەیەوێت بەردوام دەستی هەبێت لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، لەوبارەیەوە ترەمپ دەیەوێت سنورێک بۆ ئەو دەستوەردانانەی ئێران دابنێت.
نامەبەری ئێران و ئەمەریکا
لە یەکەم پەیوەندی تەلەفۆنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ بە بۆنەی هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی ئەمەریکا، دووبارە پەیامێکی نوێی واشنتۆن لە رێگەی عێراقەوە گەیەندراوەتە ئێران.
رۆژنامەی عەینی ئیماراتی بڵاوی کردەوە: ترەمپ بە سودانی وتووە کە سورە لەسەر چارەسەرکردنی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران و کۆتایی هێنان بە شەڕ لە ناوچەکە، ئەگەر ئێران نیەتپاکی هەبێت و وەڵامدەرەوەی ئەرێنی پەیامەکان بێت.
هەر ئەم هەفتەیە قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق بە یاوەری وەفدێکی باڵا سەردانی تارانی کرد، هەرچەندە راگەیەندرا کە سەردانەکە پەیوەندی بە رێکخستنی هەندێک کاروباری زیارەتکارانی ئێرانەوە هەیە بۆ ناوچەکانی نەجەف و کەربەلا، بەڵام چەند سەرچاوەیەک دزەیان بە زانیارییەکان کردووە کە ئەعرەجی پەیامی چەندبارەی عێراقی پێبووە بەوەی ئێران لە رێگەی گروپە چەکدار و میلیشیاکانی لایەنگرییەوە خاکی وڵاتەکەی بەکارنەهێنێت بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل.
مقاوەمەی عێراقی نەوەستێنراوە
ئەم سەردان و نامە هێنان و بردنە، هێشتا نەیتوانییوە کۆتایی بە هێرشەکانی ژمارەیەک گروپی چەکدار بهێنێت کە خۆیان ناو ناوە مقاوەمەی عێراقی و رۆژانە هەواڵی ئەوە بڵاو دەکەنەوە کە ناوچەی جیاوازی ئیسرائیلیان بە مووشەک و درۆن کردوەتە ئامانج و هەڕەشەی بەردەوامی دان و تۆڵەکردنەوەش دەدەن.