هەرێمی کوردستان "پڕۆژەی سەوز" دەباتە لوتکەی باکۆ

#لوتکەی باکۆ#کوردستان#پڕۆژە#وەبەرهێنان#
6 مانگ لەمەوپێش
زانیار بەهادین
پوختە :
  • هەرێمی کوردستان پڕۆژەکانی لە چوارچێوەی پڕۆژەیەک ئامادەکردووە بە ناوی "پڕۆژەی سەوز" کە بەوتەی سەرۆکی دەستەی وەربەرهێنان زیاتر لە 300 پڕۆژەی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت.
  • "پڕۆژەی سەوز" پڕۆژەیەکی درێژمەودای 10 ساڵی لە خۆدەگرێت، پێنج ساڵی یەکەمی پڕۆژەکە تایبەتە بە هۆشیارکردنەوە و پێنج ساڵی دووەمی تایبەتە بە جێبەجێکردنی پرۆژە ژینگەییەکان.
  • کۆنفرانسی جیهانیی ئاووهەوا COP29 لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت بە گرنگترین کۆبونەوەی جیهانە سەبارەت بە گۆڕانی ئاوھەوا دادەنرێت.
Primary Asset

سبەی

هەرێمی کوردستان "پڕۆژەی سەوز" دەباتە لوتکەی گۆڕانی کەشوهەوا لە باکۆ، سەرۆکی دەستەی وەربەرهێنان دەڵێت، پڕۆژەکە تایبەتە بە وزەی نوێبووەوە، کشتوکاڵی بەردەوام، ئاسایشی خۆراک و ئاو و دەمانەوێت پارەدار بکرێت.

محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەربەهێنانی هەرێمی کوردستان بە "سبەی" ڕاگەیاند، لە کۆنفڕانسی گۆڕانی کەشوهەوا لە باکۆ کۆمەڵێک دەرفەتی وەربەرهێنانیان بە هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەکردووە و دەیانخەنە بازاڕەوە تا وەربەهێنەران بۆ هەرێمی کوردستان ڕابکێشن. 

هەرێمی کوردستان پڕۆژەکانی لە چوارچێوەی پڕۆژەیەک ئامادەکردووە بە ناوی "پڕۆژەی سەوز" کە بەوتەی سەرۆکی دەستەی وەربەرهێنان زیاتر لە 300 پڕۆژەی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت. 

محەمەد شوکری کە خۆی بە نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان بەشداری کۆنفراسەکەی کردووە، ڕونیکردەوە، ئەو پڕۆژانە تایبەتن بە وزەی نوێبووەوە، کشتوکاڵی بەردەوام، ئاسایشی خۆراک و ئاو، دەیانەوێت پاڵپشتی وەرهێنەرانی بیانی و ڕێکخراوە ژینگەییەکانی بۆ وەربگرن. 

"پڕۆژەی سەوز" پڕۆژەیەکی درێژمەودای 10 ساڵی لە خۆدەگرێت، پێنج ساڵی یەکەمی پڕۆژەکە تایبەتە بە هۆشیارکردنەوە و پێنج ساڵی دووەمی تایبەتە بە جێبەجێکردنی پرۆژە ژینگەییەکان.

لوتکەی گۆڕانی کەشوهەوا 

کۆنفرانسی جیهانیی ئاووهەوا COP29 لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت بە گرنگترین کۆبونەوەی جیهانە سەبارەت بە گۆڕانی ئاوھەوا دادەنرێت.

ڕۆژی 11ـی تشرینی دووەمی 2024، کارەکانی خولی 29یەمی لوتکەی گۆڕانی کەشوهەوا لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان دەستیپێکرد و بڕیارە تا 22ـی تشرینی دووەمی 204 کارەکانی لوتکەکە بەردەوام بێت. 

ئامانجی سەرەکی لوتکەکەی ئەمساڵ ، ڕێککەوتنە لەسەر چۆنییەتی کۆکردنەوەی هاوکاریی دارایی زیاتر بۆ ئەو وڵاتە هەژار و کەم داهاتانەی بەهۆی  پیشەسازیی وڵاتە پێشکەوتووەکان بەدەست گۆڕانی ئاو و هەواوە دەناڵێنن.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی شاندی هەرێمی کوردستان دەکات لە لوتکەی گۆڕانی کەشوهەوا لە باکۆ کە بە بانگهێشتی سەرۆکایەتی ئازەربایجان بەشداری کردووە. 

نێچیرڤان بارزانی لە نوسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس خۆشحاڵی خۆی بە بەشداریکردن لە كۆنفرانسی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ گۆڕانی ئاو و هەوا لە باكۆ کردووە و ڕایگەیاندووە، ئەم كۆبوونەوە ساڵانەیە دەرفەتێكی گرنگە بۆ ئەوەی بەرەو داهاتوویەكی سەقامگیرتر هەنگاوی كاریگەر بنێین، پێكەوە دەتوانین ڕوبەڕوی گۆڕانی ئاو و هەوا ببینەوە و هەسارەیەكی تەندروستتر بۆ نەوەكانی داهاتوو جێ بهێڵین.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی