پرسی کورد دوو پارتە بەهێزەکەی تورکیای بەسەر دووبەرەی ناوخۆیدا دابەش کردووە

#جەهەپە#ئاک پارتی#مەهەپە#پرسی کورد#قەییوم
10 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 10 مانگ نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • داواکارییەکەی سەرۆکی مەهەپە، دەولەت باخچەلی لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە بوو بە بومەلەرزەیەکی سیاسیی بەهێز، هەر زوو کاریگەرییەکانی بەسەر دوو پارتە هەرە بەهێزەکەی تورکیا دەرکەوتن و ئەمەیش وەک تەقینەوەی ململانێ ناوخۆییەکانی ئەو دوو پارتە لەقەڵەم دەدرێت.
Primary Asset

لۆگۆی جەهەپە و ئاک پارتی

سبەی

داواکارییەکەی سەرۆکی مەهەپە، دەولەت باخچەلی، لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە بوو بە بومەلەرزەیەکی سیاسیی بەهێز، هەر زوو کاریگەرییەکانی بەسەر دوو پارتە هەرە بەهێزەکەی تورکیا دەرکەوتن و ئەمەیش وەک تەقینەوەیەکی ململانێ ناوخۆییەکانی ئەو دوو پارتە لەقەڵەم دەدرێت.

هەرچەند پارتە سیاسییە هەرە بەهێزەکانی تورکیا بانگەشەی ئەوە بکەن کە دیدگایان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان وەک یەک نییە و هەڵگری پاشخانی فیکری لێکجیاوازن، بەڵام بەهۆی ئەوەی پارتیی جەماوەرین و هێزی خۆیان لەوە وەردەگرن زۆرترین دەنگ بە دەست بهێنن، هەوڵ دەدەن سۆزی زۆربەی خەڵک بۆ خۆیان ڕابکێشن. 

بۆیە لە کاتێکدا ئاک پارتی بانگەشەی ئەوە دەکات پارتێکی پاشخان ئیسلامی و نەریتخواز و لیبڕاڵە، دەیەوێت زۆرترین دەنگی تورکە نەتەوەیییەکان و کوردیش بە دەست بهێنێت و لە کاتێکدا جەهەپە بانگەشەی ئەوە دەکات پارتێکی چەپ و سۆسیال دیموکرات و کەمالیستە دەیەوێت دەنگی تورکە نەتەوەییەکان و کوردیش بە دەست بهێنێت.

بۆ ئەو مەبەستەش ئەو دوو پارتە کە پارتی یەکەم و دووەمی تورکیان، ژمارەیەک لە کورد و تورکە نەتەوەیییەکانیان لە پۆستی گرنگدا داناون، لەگەڵ ئەوەی ئەو کەسانە ڕۆڵیان گێڕاوە لەوەی تا ڕادەیەکی باش دەنگی تورکە نەتەوەیی و کوردەکان بۆ خۆیان ڕابکێشن، هاوکات بوونەتە هۆی زەقبوونەوەی کێشە ناوخۆییەکانی ئەو پارتانە.

زەقتربوونەوەی ئەو کێشە و ناکۆکییانە دوای ئەوە زیاتر دەرکەوت کە باخچەلی داوای لە ئۆجەلان کرد ئەگەر بێت و لە پەرلەمان پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە ئەوا زەمینەسازی دەکەن بۆ ئەوەی ئۆجەلان سودمەند بێت لە مافی هیوا تا بە مەرج ئازاد بکرێت. 

دانانی قەییومیش بۆ تاکە سەرۆک شارەوانییە کوردەکەی ئیستانبوڵ هێندەی دیکە کێشەکانی زەق کردەوە.

دوای گوتەکانی باخچەلی هەریەک لە مەحمەد مەتینەر و ئۆرهان میرئۆغڵو کە دوو ئەندامی کوردی دەستەی ناوەندی بڕیاردانی ئاک پارتین پشتیوانی خۆیان بۆ گوتەکانی باخچەلی دەربڕی، کەچی هێشتا سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی و سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان نەک هەر پشتیوانی لەو داواکارییەی باخچەلی نەکرد، بەڵکو دوای تێپەرینی ماوەیەک قەییومی بۆ سێ شارەوانی باکوری کوردستان دانا.

لە ڕاستەوە بۆ چەپ: وێنەی باخچەلی، ئۆزگور ئۆزەل و ئەردۆغان

لە کاتێکدا پەرلەمانتاری پێشووی ئاک پارتی شامیل تەیار ڕایگەیاند: باخچەلی ئەردۆغانی ئاگادار نەکردووەتەوە لە داواکارییەکەی و ئەردۆغان لە تەلەفزیۆنەوە گوێی لێ بووە، لای خۆیەوە پەرلەمانتاری ئاک پارتی، توغروڵ تورکێش داواکارییەکەی باخچەلی بە خۆکوشتنی سیاسی ناوبرد. 

چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەدەن دانانی قەییوم بۆ سەرۆکایەتی ئەو سێ شارەوانییە، وەک وەڵامێکی "دەمشکێن" وایە بۆ باخچەلی.

لە کاتێکدا لای خۆیەوە سەرۆکی گشتیی جەهەپە، ئۆزگور ئۆزەل پشتیوانی تەواوەتی پارتەکەی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕێگای ئاشتییانە دەربڕی، کەچی سەرۆکی شارەوانیی گەورەشاری ئەنقەرە، مەنسور یەڤاش کە دوو خولە لەسەر یەک لەسەر لیستی جەهەپە بە سەرۆک شارەوانی هەڵدەبژێرێت ڕەخنەی توندی لە باخچەلی گرت و ڕایگەیاند: "گەورەترین ئاواتمان هێنانەدی ئاشتی و ئارامییە لە وڵات. بەڵام ئەوە بەوە بەدی نایەت سەرۆکی تیرۆریستان بهێندرێتە پەرلەمانی ئەتاتورک و لەوێ قسە بکات. گەل و مێژوو لەوە خۆش نابن".

مەنسور یەڤاش کە پاشخانێکی نەتەوەیی توندڕەوانەی هەیە پێشتر مەهەپە بووە و پاشان بووە بە جەهەپە، یەکێکە لە کەسایەتییە هەرە گرنگەکانی جەهەپە و لە ململانێیەکی سەختدایە لەگەڵ سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بۆ ئەوەی کاندید بکرێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتیی کۆمار لە تورکیا لەسەر لیستی جەهەپە. 

دوای دانانی قەییوم لە جێی سەرۆکی شارەوانیی ئەسەنیورت لە ئیستانبوڵ، ئەحمەد ئۆزەر؛ ئۆرهان میرئۆغڵو سەرکۆنەی ئەو بڕیارەی کرد و ڕایگەیاند ئەمە خزمەت بە چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕێگای ئاشتییانە ناکات. کەچی دواتر ئەردۆغان ڕایگەیاند کە ئۆزەر بەهۆی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە لەکار دورخراوەتەوە و قەییومی لە جێ داندراوە.

هەرچەند ئەحمەد ئۆزەر لەسەر لیستی جەهەپە بە سەرۆکی شارەوانیی ئەسەنیورت هەڵبژێردراوە، بەڵام جەهەپە لە میانی "لێکتێگەیشتنی شار" ئەو کەسایەتییە کوردییەی بە دڵی دەم پارتی دانا.

لە کاتێکدا جەهەپە وەک ناڕەزایەتی دەربڕین دژی دانانی قەییوم لە جێی سەرۆکی شارەوانیی ئەسەنیورت چەندین چالاکی جۆراوجۆری ئەنجام دا و دەم پارتییش پشتیوانی خۆی بۆ جەهەپە دەربڕی، کەچی ئەو سەرۆک شارەوانییانەی جەهەپە کە تورکی نەتەوەیین ئامادە نەبوون دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ پارتەکەیان. 

مەنسور یەڤاش و سەرۆکی شارەوانیی بۆڵو، تانژو ئۆزجان بێدەنگییان هەڵبژارد و سەرۆکی شارەوانی ئافیۆنکاراهیسار، بورجو کۆکسەل ئاماژەی بەوە دا کە چونکە بەرپرسانی دەم پارتی بەشداربوون، وەک کەمالیستێک ئامادە نەبووە بەشداری لە خۆپیشاندانانەدا بکات بۆ ئەحمەد ئۆزەر ئەنجام دراون. 

 هەروەها لە دوای کاردانەوەی توندی ئۆزگور ئۆزەل و گەورە بەرپرسانی دیکەی ئاک پارتی لە دژی دانانی قەییوم بۆ شارەوانییەکانی گەورەشاری مێردین، ئێله (باتمان) و خەلفەتی کە دەم پارتی بە دەست هێناون، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی هاتای، لوتفی ساڤاش کە توانیبووی لەسەر لیستی جەهەپە بە سەرۆک شارەوانی هەڵببژێرێت ڕایگەیاند: "جەهەپە سەرقاڵی ئەوەیە ببێت بە دەم پارتی، ناکرێت بە هیچ جۆرێک داکۆکی لەوانە بکەین کە پەیوەندییان لەگەڵ پەکەکەدا هەیە و دەیانەوێت سیاسەت بکەن بە بارمتە بە دەست پەکەکەوە. هەڤاڵان وەرن پێکەوە با جەهەپە بگەڕێنینەوە بۆ سەر ئەو بنەمایانەی لەپێناویدا دامەزراوە".

بە هۆی ئەم گوتانەوە دەستەی ناوەندی بڕیاردانی جەهەپە بڕیاری دا دەست بکرێت بە لێپرسینەوە لە لوتفی ساڤاش بۆ ئەوەی لە پارتەکە دەربکرێت.

ئاک پارتی

پارتیی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی) لە 14ی ئابی 2001ەوە وەک پارتێکی پاشخان ئیسلامی و درێژەپێدەری پارتیی فەزیڵەت و پارتیی ڕەفاهـ دامەزرا و لە 2002ەوە حوکمڕانی تورکیایە. 

ئاک پارتی لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ساڵی ڕابردوو توانی بە بەدەستهێنانی لە سەدا 36.30 ببێتە خاوەن 266 کورسی.

بەڵام لە دوایەمین هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا دوای تێپەڕینی 22 ساڵ بۆ یەکەمجار ئاک پارتی لە پارتیی یەکەمەوە بووە پارتیی دووەم و جەهەپە توانی پێشی بکەوێتەوە و ئاک پارتی لە سەدا 35.49ی دەنگەکانی بەدەست هێنا.

هەرچەند ئاک پارتی لە سەرەتادا وەک پارتێکی ئیسلامی هەنگاوی گرنگی نا لە کەمکردنەوەی قەدەغەکارییەکان لەسەر گەلی کورد و تەنانەت پرۆسەی ئاشتی (2013 بۆ 2015) لە نێوان حکومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سەردەمی حوکمڕانی ئاک پارتیدا بوو، بەڵام لە دوای کۆتایی پێهێنان بە پرۆسەکە حکومەتی ئاک پارتی دەستی کرد بە دەستگیرکردن و خستنە زیندانی چالاکوانان و پەرلەمانتارانی کورد و دانانی قەییوم و دورخستنەوەی زۆربەی سەرۆک شارەوانییە کوردەکان.

لەو کاتەوە ئاک پارتی وەک پارتێکی فاشیستی ئایینی و نەتەوەیی حوکمڕانی تورکیا، بە ئاگر و ئاسن دژی کوردانی باکوری کوردستان دەوەستێتەوە و تورکیای کردووەتە وڵاتێکی پۆلیسی و لە لایەکی دیکەیشەوە بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان.

ئاک پارتی تائێستا شەش جار دووچاری جیابوونەوە بووەتەوە.

جەهەپە

پارتیی گەلی کۆماری (جەهەپە) گەورەترین پارتیی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە لە 9ی ئەیلولی 1923 لەلایەن موستەفا کەمال ئەتاتورکەوە دامەزرێندرا و خاوەنی 128 کورسییە لە پەرلەمانی تورکیا.

لە دوای مردنی ئەتاتورک چەندین جار پارتەکە دووچاری جیابوونەوە و لێکترازان و یەکگرتنەوە بووە. بە دوای ئەتاتورکدا هەریەک لە عیسمەت ئینۆنو، بولەنت ئەجەوید، دەنیز بایکاڵ، حیکمەت چەتین، ئاڵتان ئۆیمەن، دەنیز بایکاڵ (بۆ جارێکی دیکە) و کەمال کڵچدارئۆغڵو سەرۆکایەتیی پارتەکەیان کردووە. 

هەرچەند دوای کودەتا سەربازییەکەی 1980، جەهەپە هاوشێوەی پارتەکانی دیکەی تورکیا لە 16ی تشرینی یەکەمی 1981 داخرا، بەڵام لە 9ی ئەیلولی 1992 جارێکی دیکە پارتەکە دامەزرێندرایەوە. 

ئایدۆلۆژیای پارتەکە بەپێی تێپەڕینی کات گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و ئێستا وەک پارتێکی کەمالیست و سۆسیال دیموکرات و چەپی میانڕەو خۆی پێناسە دەکات.

هەرچەند لە سەرەتای دامەزراندن و لە قۆناغە جیاوازەکانی ماوەی دەسەڵاتدارێتیدا جەهەپە سیاسەتی تواندنەوە و پاکتاوکردنی کوردی بە شێوازی جیا جیایش گرتبێتە بەر، بەڵام لە دوای بوونی کەمال کڵچدارئۆغڵو بە سەرۆکی ئەو پارتە کە خۆی خەڵکی دێرسمی باکوری کوردستانە و دەگوترێت کوردە، تا ڕادەیەک جەهەپە بە ڕووی کورددا کرایەوە.

بەهۆی ئەم کرانەوەیەیش لە هەڵبژاردنی پێشووی شارەوانییەکان کە لە 2019 ئەنجام درا لە ئیستانبوڵ، ئەنقەرە، ئادانا و مێرسین توانی بە دەنگی کورد- لەسەر داوای ناڕاستەوخۆی هەدەپە- گەورەشارەوانییەکانی ئەو شارانە بباتەوە کە پێشتر و بەر لەوەی هەدەپە ئەو داوایە لە دەنگدەرانی بکات، جەهەپە نەیتوانیبوو لە هەڵبژاردنەکانی پێشووتری شارەوانییەکان لەو ناوچانە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت. هەروەها لە گەڕی یەکەم و دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیادا هەدەپە ڕاستەوخۆ پشتگیریی خۆی بۆ بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت، کەمال کڵچدارئۆغڵو ڕاگەیاند و بەم هۆیەوە کڵچدارئۆغڵو توانی لە 14 پارێزگای باکووری کوردستان بە ڕێژەیەکی بەرچاو پێش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بکەوێتەوە.

بە هەمان شێوە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەمساڵ (2024) دەم پارتی کە درێژەپێدەری هەدەپەیە لەگەڵ جەهەپە لە چەند ناوچەیەک لە میانی هاوپەیمانییەتییەکدا لەژێر ناوی "لێکتێگەیشتنی شار" دەنگیان بە کاندیدەکانی یەکتری دا و تەنانەت لەو شوێنانەی دیکەی تورکیا کە هاوپەیمانیەتییشیان نەبوو دەنگدەرانی دەم پارتی دەنگیان بە کاندیدەکانی جەهەپە دا، وێڕای ئەوەی دەم پارتی خۆی کاندیدی بۆ ئەو ناوچانە دانابوو، بەڵام ئەمە وەک بەرنامەیەکی دەم پارتی لێک درایەوە بۆ سەر لێشواندنی ئاک پارتی و هاوپەیمانەکانی. 

چاودێران ئاماژە بەوە دەدەن کرانەوەی جەهەپە بە ڕووی کورددا لە سەردەمی ئۆزگور ئۆزەلدا هەنگاوی باشتریشی بڕیووە و هەڵوێستەکانی بە بەراورد لەگەڵ کڵچدارئۆغڵو ڕاشکاوانەتر و بوێرانەترن. 

جەهەپە لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی 2023 توانی بە بەدەست هێنانی لە سەدا 25.80ی دەنگەکان ببێتە خاوەنی 168 کورسی لە پەرلەمان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەمساڵیشدا بە بەدەستهێنانی لە سەدا 37.77ی دەنگەکان دوای تێپەڕینی 47 ساڵ بۆ یەکەمجار توانی ببێتەوە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکان لە تورکیا. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی