سبەى
حکومەتى عێراق یەکلایکردنەوەى ناکۆکییەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان لەبارەى داهاتى نانەوتى دەخاتە گۆڕەپانى ئەنجومەنى دەوڵەتەوە، کە بڕواى شارەزایەکى یاسایی یەکلاکردنەوەى ئەو پرسە لەو ئەنجومەنە ئاڵۆزە، لەکاتێکدا لە بنەڕەتدا یەکلایکردنەوەى ناکۆکى نێوان دوو حکومەت بەشێک نییە لەئەرکەکانى.
بڕیارەکەى حکومەتى عێراق لە کۆبوونەوەى رۆژى 9ى ئەیلولدا درا، ئەوەش دواى ئەوەى دوو راپۆرتى جیاجیاى هەرێم و بەغداد لەبارەى داهاتى نانەوتى خرایە بەردەم ئامادەبووانى کۆبوونەوەکە، کە تێیدا هەردوولا جەختیان لەسەر هەڵوێستەکانیان کردووەتەوە.
ئەنجومەنی دەوڵەت دەستەیەکی سەربەخۆیە و لهساڵى 2017 له وهزارهتى دادى عێراق جيابووهتهوه و بووهته دهستهيهكى سهربهخۆ بهپێى ياساى ژماره (71)ى ساڵى 2017 کە ئەرکى سەرەکى یەکلایکردنەوەى پرسە یاساییە ناکۆکەکانى نێوان وەزارەتەکان و دەستە سەربەخۆکانە.
عەبدولقادر ساڵح پسپۆڕى یاسایی بە "سبەى" راگەیاند، یەکلایکردنەوەى ئەو پرسە لەرووى یاساییەوە ئاڵۆزە، ئەوەش لەبەرئەوەى بەپێی یاسا ئەرکەکانى ئەنجومەنەکە زیاتر تایبەتە بە یەکلایکردنەوەى ناکۆکى لەسەر پرسە یاساییەکان لەنێوان وەزارەتەکان و دەستەکان، نەک دوو حکومەت، مەگەر لەیەک حاڵەتدا نەبێت کە پەیوەندیدارە بەوەى دەسەڵاتێکى باڵا داواى بۆچوونى لێبکات لەبارەى پرسێکى جێگەى ناکۆک نەک وەکو ململانێیەک لەنێوان هەرێم و بەغداد.
بەبڕواى ئەو یاساناسە، رەوانەکردنى ئەو پرسە بۆ ئەنجومەنەکە زۆر ورد نییە بەو پێیەى هەریەکە لە هەرێم و بەغداد ناکۆکن لەسەر دەقە یاساییەکانى تایبەت بە داهاتى نانەوتى.
عەبدولقادر ساڵح باسى لەوەشکرد، سەرەڕاى ئەوە بڕیارى دادگاى فیدراڵى هەیە لەبارەى کێشەکانى هەرێم و بەغداد کە کارى پێناکرێت، بەڵام لە ئێستادا ئەو پرسە رەوانەى ئەنجومەنێک کراوە بۆ ئەوەى بۆچونى خۆى لەبارەیەوە دەرببرێت کە لەرووى یاساییەوە دەکرێت کارى پێبکرێت و دەکرێت کارى پێنەکرێت.
پێشیوایە دەکرا هەرێمى کوردستان بە پشتبەستن بە دەستور و وەک سکاڵایەک ئەو پرسەى بۆ دادگاى فیدراڵى بەرزبکردایەتەوە، کە بڕیارەکانى پابەندکەرە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان "هەرچەندە ئەمە زیاتر ململانێیەکى سیاسییە نەک دادوەریی و یاسایی، قۆڵبادانێکى سیاسییە بۆ ئەوەى بەغداد هەرێم ناچار بکات بچێتەژێر هەژمونییەوە".
بڕیارێکى ئەنجومەنەکە لەبارەى هەرێم
بەپێی بەدواداچوونى "سبەى"، لەنێوان ساڵانى 2022 تا 2024 ئەنجومەنى باڵاى دەوڵەت یەک بڕیارى لەسەر هەرێمى کوردستان دەرکردووە، ئەوەش دواى ئەوەى وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراق داواى لە ئەنجومەنەکە کردووە بۆچوونى خۆى بخاتەڕوو لەبارەى پشتبەستن بە بڕوانامەى دکتۆرا و نازناوى زانستى لەلایەن زانکۆکانى هەرێمى کوردستان لە دامەزراوە فەرمییەکانى عێراق.
ئەنجومەنەکە لە وەڵامەکەیدا جەختیکردووەتەوە، فەرمانی زانکۆیی کە لەلایەن زانکۆکانی هەرێمی کوردستانەوە دەردەچن کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی فیدراڵییەوە دانپێدانراون یاسایین و لەتەواوى عێراق پشتیان پێدەبەسترێت.
دەشڵێت، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی فیدراڵی ئەو بڕیارانە پەسەند دەکات کە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستان دەریدەکات سەبارەت بە هاوتاکردنی بڕوانامە بۆ بەکارهێنان لە دامەزراوە دەوڵەتییەکان، بەمەرجێک پابەندی ئەو ستاندارد و بنەمایانە بن کە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پەسەندی کردووە.