ژیانی میکرۆبی؛ بەهێزترین بەڵگەی ژیانی دەرەوەی زەوی دۆزرایەوە

#زەوی
5 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • زانایان ئاماژە بە بەهێزترین بەڵگەی ئەگەری ژیان لەدەرەوەی کۆمەڵەی خۆر دەکەن، دوای دۆزینەوەی پێکهاتەیەکی کیمیایی، کە تەنها لەلایەن زیندەوەرە زیندووەکانەوە بەرهەم دەهێنرێت.
Primary Asset

سبەى

فەلەکناسەکان بەهێزترین بەڵگەی ژیانی دەرەوەی زەویان دۆزیەوە، ئەمەش ئەو پێشبینیانە بەهێزتر دەکات، کە مرۆڤ تەنیا نییە لە گەردوون و رەنگە رۆژێک رووبەڕوویان بێتەوە، یان پەیوەندییان لەگەڵدا بکات.

بەپێی راپۆرتێکی زانستی، کە رۆژنامەی میترۆی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، زانایان ئاماژە بە بەهێزترین بەڵگەی ئەگەری ژیان لەدەرەوەی کۆمەڵەی خۆر دەکەن، دوای دۆزینەوەی پێکهاتەیەکی کیمیایی، کە تەنها لەلایەن زیندەوەرە زیندووەکانەوە بەرهەم دەهێنرێت.

بەهۆی تەلەسکۆپی جەیمس وێبەوە (تەلەسکۆپێکی بەهێزە کە دەتوانێت پێکهاتەی کیمیایی بەرگەهەوای هەسارەکان شیبکاتەوە بە بەکارهێنانی رووناکی)، توێژەران توانیان شوێنەواری دوو گازی دمیتیل سەلفاید (DMS) و دمیتیل سولفاید (DMDS) لەسەر هەسارەیەک بە ناوی K2-18b دەستنیشان بکەن، کە پێیان وایە بەڵگەی ژیانە لەسەر ئەو هەسارەیە.

هەسارەکە 700 ترلیۆن میل، واتە 124 ساڵی رووناکی لە زەویەوە دوورە و قەبارەکەی نزیکەی دوو هێندە و نیوی زەویە.

"ژیانی میکرۆبی"

لەسەر زەوی، DMS و DMDS زیاتر لەلایەن قەوزەکانەوە بەرهەم دەهێنرێن، بۆیە ئەمە بە توندی ئەوە پیشان دەدات، کە رەنگە K2-18b پڕ بێت لە ژیانی میکرۆبی.

زاناکان دەڵێن، "ئەمە راگەیاندنی ژیان نییە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ پرۆسەیەکی بایۆلۆژی، بەڵام جێگەی سەرنجە کە هەسارەکە لە ناوچەیەکدایە، کە رەنگە گونجاو بێت بۆ ژیانی زیندەوران".

نیکو مادوسودان پرۆفیسۆر لە پەیمانگای فەلەکناسی زانکۆی کامبریج دەڵێت: "ئەمە بەهێزترین بەڵگەیە بۆ ئەگەری بوونی ژیان. دەتوانین لە ماوەی ساڵێک بۆ دوو ساڵدا، دۆزینەوەکە پشتڕاست بکەینەوە. بڕی خەمڵێنراوی ئەم گازە لە بەرگەهەوای هەسارەکەدا، هەزاران جار زیاترە لەوەی کە لەسەر زەویدا هەیە. بۆیە ئەگەر بەڕاستی پەیوەندی بە ژیانەوە هەبێت، ئەوا ئەم هەسارەیە پڕ دەبێت لە ژیان".

"هەسارەیەک کە لەناو زەریایەکی ئاویدا داپۆشراوە"

هەروەها ئەم ئەنجامانە بە ئەگەرێکی زۆرەوە بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە K2-18b لە زەریایەکی ئاویدا داپۆشراوە.

 دەیڤید کلیمەنتس، زانای فیزیای ئەستێرەیی لە کۆلێژی ئیمپریال لەندەن، دەڵێت: "ئەمە بەڕاستی ئەنجامێکی سەرنجڕاکێشن و هەنگاوێکن بە ئاراستەیەکی دروستدا".

دەشڵێت بۆ پشتڕاستکردنەوەی بوونی ژیان، توێژەران دەبێت نزیکەی 99.99999% دڵنیابن لەوەی، کە ئەنجامەکانیان راستن، نەک تەنها خوێندنەوەیەکی هەڕەمەکی.

لە مانگی تەمموزی ساڵی رابردووشدا، گۆڤاری New Scientist بڵاویکردەوە، توێژەرانی دیکە هەمان داتایان لە تەلەسکۆپی وێبەوە شیکردووەتەوە، بە بەکارهێنانی مۆدێلی ئاماری جیاواز، هیچ بەڵگەیەکی بەهێزیان بۆ بوونی ئەم تەنۆلکانە نەدۆزیوەتەوە. بەڵام پرۆفیسۆر مادوسودان رایگەیاند، کە دوای ئەوەی تیمەکەی بە وردی داتاکانیان شیکردەوە، زیاتر دڵنیابوون لەوەی کە DMS باشترین روونکردنەوەیە بۆ دۆزینەوەکەیان.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی