تا ئێستا زیاتر لە 700 کاندید بە پاساوى جیاجیا دوورخراونەتەوە
سبەى
بەردەوامى هەڵمەتى دورخستنەوەى کاندیدەکان هەڕەشە لەسەر دواکەوتنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق دروستدەکات، لەکاتێکدا زیاتر لە 330 کاندید بە تۆمەتى بەعسى بوون دوورخراونەتەوە لەکۆى زیاتر لە 700 کاندیدى دوورخراوە.
لەگەڵ نزیکبوونەوەى زیاترى وادەکەى، ئەگەرى دواکەوتنى هەڵبژاردن زیاتر دەبێت، لەگەڵ گەیشتنى ئاماژە لەبەشێک لەلایەنە سیاسییەکانەوە لەبارەى دواکەوتنى هەڵبژاردن، کە بڕیارە لە 11ى تشرینى دووەم و بەبەشدارى نزیکەى هەشت هەزار کاندید بەڕێوەبچێت.
موختار موسەوى پەرلەمانتارى رێکخراوى بەدر دەڵێت، شەپۆلى دوورخستنەوەى کاندیدەکان دەبێتە هۆى دواکەوتنى هەڵبژاردن، بەشێک لە لیستەکان 50 بۆ 60 کاندیدیان دوورخراوەتەوە و ناتوانن لیستەکانیان پڕبکەنەوە، ئەوەش هەڕەشە لەسەر بەشداریکردنیان دروستدەکات.
تا ئێستا زیاتر لە 700 کاندید بە پاساوى جیاجیا دوورخراونەتەوە لەناویاندا دۆسیەى تاوانکارى و بەعسى بوون، موسەوى دەڵێت "دووبارەبوونەوەى ئەو رێوشوێنانە لەگەڵ ژمارەیەک لیست، نەتوانینى پێشکەشکردنى جێگرەوە، دەبێتە هۆى دواخستنى هەڵبژاردن".
هەڵبژاردنی داهاتوو لە ناو "گۆڕانکاریی ناوچەیی و بارودۆخی نالەباردا" بەڕێوەدەچێت، بە وتەی محەمەد غەبان، وەزیری پێشووی ناوخۆی عێراق، کە لە لێدوانەکانی ئەم دواییەدا ئەگەری کودەتاى رەتکردەوە و ڕایگەیاند، "ئەمە بووە بە رابردوو، بەو پێیەی هیچ بناغەیەک بۆ شۆڕشی جەماوەری نییە".
ئەوە لەکاتێکدایە، نوری مالیکی سەرۆکى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا ڕۆژی دووشەممە هۆشداری نوێیدا سەبارەت بە روودانى "کودەتا"، کە پاساوەکەی ئاشکرا نەکرد.
مالیکی لە وتارێکدا وتى "بایەخ بەو شەمشەمەکوێرانەی تاریکی مەدەن کە بۆ ڕووخاندنی پرۆسەی سیاسی هەنگاو دەنێن".
چەند ڕۆژێک پێشتر، مالیکی لە گردبوونەوەیەکی هەڵبژاردندا لە بەغداد هۆشداریدا لەوەی "پرۆسەی سیاسی دەڕووخێت ئەگەر هەڵبژاردن دوابخرێت".
لیستەکانی "بەعس"
دەستەى لێپرسینەوە و دادپەروەری تەواوبوونی پشکنینی ناوی نزیکەی هەشت هەزار کاندیدی ڕاگەیاند کە زیاتر لە 330 کەسیان بە تۆمەتى بەعسى بوون دوورخراونەتەوە. لە سەرەتای مانگی ئابی ساڵی رابردووەوە ناوی دەیان کاندیدی "بەعسی" لەسەر لیستی زۆرینەی شیعە بڵاوکرایەوە، ئەمەش هەنگاوێکی بێ پێشینە بوو.
حەسەن شوەیلی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەکە روونیکردەوە، وردبینییەکە بریتی بووە لە هاوتاکردنی ناوەکان لەگەڵ تۆمارەکانى چاودێری و دادوەری و ئەمنی، لەنێویاندا دەستەی دەستپاکی و بەڵگەی تاوان.
ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی ئەو کاندیدانەی کە کەوتوونەتە ژێر ڕێکارەکانی لێپرسینەوە گەیشتووەتە 335 کەس، هاوکات پشتڕاستیکردووەتەوە کە دۆسیەی (404) ناوی هاوشێوە لە ڕێگەی پێداچوونەوەی ورد بە بەڵگەنامەکان و بانگهێشتکردنی کەسی خاوەنەکانیان چارەسەرکراوە بۆ ئەوەی دووربن لە هەر هەڵەیەکی هاوتاکردنی داتاکان.
جەختیشی لەوە کردەوە "ئامانجی بنەڕەتی دوورخستنەوەی ئەندامانی بەعسە لە دەسەڵاتی یاسادانان و پاراستنی پرۆسەی سیاسییە".
ئەسیل نوجەیفی، سەرکردەیەکى سوننەکان پێیوایە، هەندێک لە بڕیارەکانی دوورخستنەوە "لە چوارچێوەی کێبڕکێی هەڵبژاردن دراون".
بەوتەى ئەمیر مەعموری پەرلەمانتاری سەربەخۆ، "145 کاندید لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە تۆمەتی بەعسى بوون دوور خراونەتەوە، لە بەرامبەردا 94 کەس لە لیستە سوننەکان و 11 کەس لە کورد و سێ کەس لە پێکهاتەکانی دیکە".
هەفتەی ڕابردوو کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق دوورخستنەوەى زیاتر لە 700 کاندیدی ڕاگەیاند، ئەمەش پشتڕاستیکردەوە کە وردبینییەکە هێشتا بەردەوامە و ژمارەکان "گۆڕاون" بەهۆی تانەدان لە بڕیارەکانەوە.
کۆمسیۆن جەختی لەوە کردووەتەوە هەموو بڕیارەکانی لەسەر بنەمای یاساییە، رەتیشیکردەوە کە کەوتبێتە ژێر هیچ فشارێکی سیاسی و دەرەکییەوە.
یاساى هەڵبژاردن داوا لە کۆمسیۆن دەکات ناوی کاندیدەکان بنێرێت بۆ 13 دەزگای وردبینی، لەوانە وەزارەتی بەرگری، وەزارەتی ناوخۆ، دەستەی دەستپاکی، دەستەی لێپرسینەوە و ئاسایشی نیشتمانی، هەروەها دەزگای هەواڵگری.
بەگوێرەی ئاماری کۆمسیۆن، ژمارەی هاوپەیمانییەکانی بەشداربوو لە هەڵبژاردنەکان بەم جۆرەیە: 31 هاوپەیمانی، 38 لایەن، 79 لیستی تاکەکەسى. 23 لیستی گشتی و 56 لیستى پێکهاتەکان.