سبەى
"ئێوە ئەرکێکى ئەخلاقیتان لەسەرشانە بۆ کوشتنى سەرکردەکانى حەماس و نوێنەرایەتى سەرجەم قوربانیانی حەوتی ئۆکتۆبەر دەکەن"، ئەمە قسەکانى ئیال زەمیر سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیلە بۆ ئەو فڕۆکەوانانەى کە هێرشەکەى سەر حەماسیان لە دەوحەى پایتەختى قەتەر ئەنجامدا.
ئۆپەراسیۆنەکە لە ژووری ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئاسایشى گشتى ئیسرائیل “شین بێت” لە ناوەڕاستی ئیسرائیلەوە ئاڕاستە کرا، هێزی ئاسمانی بەرپرسیار بووە لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە.
لە کاتی هێرشەکەدا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیران، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری، شلۆمی بێندەر، بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازی و بەرپرسی شین بێت و جێگرەکەی ئامادەبوون.
هاوکات لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی ئاسمانیدا، سەرۆکی ئەرکانی سوپا ئیال زەمیر و فەرماندەی هێزی ئاسمانی مەیجر جەنەڕاڵ تۆمەر بار ئامادەبوون.
لە ئۆپراسیۆنەکەدا نزیکەى 15 فڕۆکەى هێرشبەر بەشداربوون، زیاتر لە 10 موشەکیان یەک لەدواى یەک ئاڕاستەى یەک ئامانج کردووە، فڕۆکەکانیش لە ئاسمان تانکى سوتەمەنیان پڕکراوەتەوە.
ئیسرائیل بەو هێرشەى سەرکێشییەکى گەورەى کرد کە بریتییە، لە وروژاندنی توڕەیی لە سەرانسەری کەنداو، سەرکۆنەکردنی هێرشەکە لەلایەن هاوپەیمانە نەریتییەکانی ئیسرائیل، وەک بەریتانیا و فەرەنسا و تەنانەت ئەمەریکاش.
بەپێی بی بی سی، ئەگەر ئیسرائیل سەرکەوتوو بووبێت لە کوشتنی خەلیل حەییە سەرکردەى دیارى حەماس و یاریدەدەرەکانی، بەو ئەنجامە دەگات کە شایانی سەرکێشی دیپلۆماسی و سیاسی بووە. بەڵام ئەگەر ئەو ئەرکە ئەو سەرکەوتنە بەدەست نەهێنێت، کە ئیسرائیل هیوای بۆ دەخواست، دەکرێت وەک قومارێکی گەورە لێکبدرێتەوە.
بزوتنەوەى حەماس بەفەرمى جەختیکردووەتەوە کە هیچ سەرکردەیەکى لەو هێرشەدا نەکوژراوە و شاندى دانوستانکارى رزگاریان بووە، بەڵام پێنج کەس کە پێکهاتوون لە کوڕ و بەرپرسى نوسینگە و سێ پاسەوانى خەلیل حەییە کوژراون.
هەندێک لە راپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کە سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس لە گفتوگۆی پێشنیارەکانی دۆناڵد ترەمپدا بوون، هاوشێوەی ئەوەی لە مانگی حوزەیرانی رابردوو لە نێوان ئێران و ئەمەریکا روویدا، کاتێک ئیسرائیل لەناکاو هێرشەکەی دەستپێکرد.
بەڵام جیاوازییە چارەنووسسازەکە ئەوەیە، کە قەتەر هاوپەیمانێکی سەرەکی ئەمەریکایە، میوانداری بنکەیەکی ئاسمانی ستراتیژی ئەمەریکا دەکات، بەڵێنی ملیارەها دۆلاری وەبەرهێنانی داوە، تەنانەت باس لەوە کراوە، کە فڕۆکەیەکی تایبەتی بۆ ترەمپ دابین کردووە.
لەوەش گرنگتر قەتەر ناوبژیوانی ئاگربەست بوو، کە ترەمپ بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە نزیکە رووبدات.
بەڵام سەرەڕای رەخنەکان، ئەمەریکا دانی بەوەدانا کە ئاگاداری ئەو بابەتەیە، کەواتە ئەگەر ئەمەریکا دەسەڵاتی وەستاندنی هێرشەکەی هەبوایە، بۆ ئەم دەرفەتەی نەقۆستەوە؟
لە ساڵانی رابردوودا بە گشتی روون بوو کە ئیسرائیل حەماس لە قەتەر ناکاتە ئامانج، ترسی ئەوەی هەبوو کە بەم کارە پرۆسەی دیپلۆماسی بخاتە مەترسییەوە، کە وڵاتانی وەک ئەمریکا پشتیوانی لێدەکەن.
بەڵام ئەگەر ترەمپ بەم پرۆسەیە رازی بووبێت، ئەوە مانای ئەوە دەگەیەنێت، کە سەرۆکی ئەمەریکا دان بە شکستی سیاسەتی دانوستانە بەناوبانگەکەیدا دەنێت.
زۆر کەس چاوەڕێی ئەوەى نەدەکرد ئیسرائیل هێرشى لەو شێوەیە بکات، لە کاتێکدا قەتەر هەوڵیدەدا ببێتە سویسرای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە ساڵانی رابردوودا ناوەندی دانوستانەکان بووە، سەبارەت بە جەنگی غەززە.
ئیسرائیل لە هەموو بەرەکاندا بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئیسرائیل وازی لە دانوستانەکان هێناوە.
لەلایەکى دیکەوە، بۆ بنەماڵەی بارمتە ئیسرائیلییەکانی غەززە، ئەم هەواڵە شەپۆلێکی نوێی دڵەڕاوکێی لێکەوتەوە.
بنەماڵەی بارمتەکان لە مێژە بنیامین ناتانیاهۆیان تۆمەتبار کردووە، بەوەی ژیانی کوڕ و برا و باوکیان دەخاتە مەترسییەوە. ئەم نیگەرانیانە ئێستا لە گەشەکردندان.
لای خۆشیەوە یایر لاپید سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی: "ئەندامانی حەماس شایستەی مردنن، بەڵام حکومەتی ئیسرائیل پێویستی بەوەیە روونی بکاتەوە، کە چۆن ئەم کارە نابێتە هۆی مردنی بارمتەکان و ئایا مەترسییەکانی سەر ژیانی بارمتەکان لەبەرچاو گیراوە یان نا".
کۆشکی سپی پشتڕاستی کردەوە، کە ئیدارەی ترەمپ پێش روودانی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دۆحە ئاگاداری بووە. لە کاتێکدا ترەمپ "هۆشداری کۆتایی" خۆی بۆ حەماس دەرکردبوو، کە ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتەکان قبوڵ بکات.
دواتر بزووتنەوەی حەماس روونی کردەوە، کە لە رێگەی نێوەندگیرێکەوە هەندێک پێشنیاری لە ئەمریکاوە پێگەیشتووە و تاوتوێی رێگاکانی پەرەپێدانیان دەکات.
کۆشکی سپی دەڵێت ترەمپ پێش هێرشەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئاگادارکراوەتەوە، ئەویش نێردەى خۆى راسپاردووە کە قەتەر ئاگاداربکاتەوە، بەڵام قەتەر دەڵێت لەکاتێکدا دەنگى تەقینەوەکان لە ناوەڕاستى دەوحە دەبیستران نێردەى ترەمپ ئاگاداریکردوونەتەوە.
هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر، کە یەکێکە لە گرنگترین هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە دەرەوەی ناتۆ، پرسیاری لەبارەی رادەی زانیاری و تێوەگلانی ئەمەریکا لەو وڵاتەدا وروژاند، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی بوونی نزیکەی 10 هەزار سەربازی ئەمەریکی لە قەتەر.
دۆناڵد ترەمپ دواى هێرشەکە لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەمیرى قەتەر دڵنیاى کردەوە کە هێرشى لەو شێوەیە دوبارە نابێتەوە.