کوردانی پاکستان لە پەنابەرییەوە گەیشتوونەتە لوتکەی دەسەڵات

#پاکستان#کورد#بەنازیر بۆتۆ#موشەڕەف
9 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 9 مانگ نوێ کراوەتەوە
زانیار بەهادین
پوختە :
  • کوردانی پاکستان ئەگەرچی سەرەتا وەک پەنابەر چونە ئەو وڵاتە بەڵام تا لوتکەی دەسەڵات ڕۆشتن، کوردانی پاکستان ئێستا لە ناوچەکانی بەلوجستان خۆبەڕێوەبەری سەربەخۆیان دامەزراندووە و دەیانەوێت خۆیان بەڕێوەبەرن.
Primary Asset

سەردار ڕەبنەواز کورد لە ناوەڕاستی وێنەکەدایە و لەگەڵ ژمارەیەک یاوەری سەرقاڵی نزا کردنە

سبەی

کوردانی پاکستان ئەگەرچی سەرەتا وەک پەنابەر چونە ئەو وڵاتە بەڵام تا لوتکەی دەسەڵات ڕۆشتن، کوردانی پاکستان ئێستا لە ناوچەکانی بەلوجستان خۆبەڕێوەبەری سەربەخۆیان دامەزراندووە و دەیانەوێت خۆیان بەڕێوەبەرن.

کوردانی پاکستان

لە ناوچە سنورییەکانی نێوان پاکستان، ئێران و ئەفغانستان (بەلوجستانی پاکستان) نەتەوەیەکی جیاواز هەن، کە خۆیان بە کورد دەناسێنن و پاشناوی کوردیان بۆ خۆیان هەڵبژاردووە.

بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، ئەم نەتەوەیە ژمارەیان نزیکەی 250 هەزار کەس مەزەندە دەکرێت و لە ناوچەی بەلوجستان خۆبەڕێوەبەری ناوچەییان دامەزراندوە.

سەردار ڕەبنەواز کورد کە دیارترین کەسایەتی ئەم نەتەوەیەیە، لە ساڵی 2020 دوای کۆچی دوایی باوکی بە مەراسیمێکی جەماوەری بەسەرداری کوردانی پاکستان هەڵبژێردراوە و لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیش خۆی بە سەرۆکی کوردانی پاکستان ناساندووە.

بەپێی بەشێک لە میدیا ناوخۆییەکانی وڵاتەکە، بەهۆی پشتگوێخستنی ناوچەکانیان لەلایەن دەسەڵاتدارانەی پاکستانەوە سەردار ڕەبنەواز کورد بەڵێنی داوە گرنگی بە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بدات و ئاواتی هەموو کوردان لە بەلوجستان بەدی بهێنێت. 

کورد چۆن گەیشتووەتە پاکستان؟

بەپێی کتێبی کوردگال نامە ئەوان لە ساڵی 1853 پێش زاینەوە چونەتە سنوری بەلوجستانی کۆن، توران و مەکران، ئەوەش دوای ئەوەی کەی قوباد میری ماد بناغەی سەڵتەنەتی خۆی دامەزراندووە بۆیە ڕەچەڵەکی بەلوچەکان کوردە.

هەر بەپێی ئەم کتێبە لە دوو سەدەی ڕابردوودا هەزاران کورد بۆ ناوچەکانی پاکستان گەشتیان کردووە و لە نزیکی دۆڵی هۆلان، ساروان، جاولان و خەیار و چەند ناوچەیەکی دیکە نیشتەجێ بوون و بەشێکی دیکەشی چونەتە هیندستان و ئەفغانستان.

بەپێی ڕاپۆتێکی کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەنابەران کە ناسراوە بە (UNHCR) لە سەردەمی شەڕی کەنداو نزیکەی 200 بۆ 250 کورد لە باشوری کوردستان و عێراقەوە چونەتە پاکستان و تا ئێستاش زۆرینەیان نەگەڕاونەتەوە.

ساڵی 2000 شەپۆلێکی ناڕەزایەتی فروانی کورد ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستانی گرتەوە، پەنابەرانی کوردی وڵاتەکە داواییان کرد بگوازرێنەوە بۆ وڵاتێکی ئەوروپی و پاکستان بە جێ بهێڵن، ناڕەزایەتی کوردان لە ئیسلام ئاباد هەر زوو گرژییان لێکەوتەوە و پەنابەرە کوردەکان دەستییان بەسەر نوسینگەیەکی کۆمسیۆنی باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەنابەراندا گرت و 20 کارمەندی ڕێکخراوەکەیان بە بارمتە گرت.

پۆلیسی پاکستان بۆ دامرکاندنەوەی خۆپیشاندانەکان هێزی بەکارهێنا و ڕوبەڕوی خۆپیشاندەران بوەوە و دەییان کەسی لێ دەستگیرکردن.

ئەم ناڕەزایەتیەی کوردان لە پاکستان هەر زوو جیهانی گرتەوە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشەیتد پرێسی ئەمریکی بە شێوەیەکی چڕ ڕوماڵی کرد، بەپێی ئەو زانیارییانەی ئەو کاتە ئاژانسەکە بڵاویی کردونەتەوە ئەو پەنابەرە کوردانەی لە ئیسلام ئاباد خۆپیشاندانیان کردووە خەڵکی باشور و رۆژهەڵاتی کوردستان بوون. 

سەردار ڕەبنەواز کورد

زمانە تایبەتەکەی کوردانی پاکستان

هەرچەندە لە ناوچەی بەلوجستان، زمانی بەلوجی کاریگەرییەکی زۆری لەسەر زمانی کوردانی ئەو ناوچانە هەبووە بەڵام هێشتا کوردانی لێرە زارەوەیەکی تایبەتی خۆیان هەیە کە بە بەراوی و کوردی گال ناودەبرێت و تەنها خۆیان بەکاری دەهێنن، ناوی ناوچەکانی خۆشیان هەر بەو زمانە و بە کوردی دەنێنن.

 ئامانجی ئەمان لە هەڵبژاردنی زاراوەی جیاواز پارێزگاریکردنە لە ناسنامە جیاوازەکەیان تا شوناسییان لەناو نەتەوە و پێکهاتەکانی دیکەی پاکستاندا ون نەبێت.

دایکی یەکەم ژنە سەرۆک وەزیرانی پاکستان کوردە 

کوردانی پاکستان ئەگەرچی لەلایەن دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەوە ڕوبەڕوی ئازار و پشگوێخستنی زۆر بونەتەوە، بەڵام ئەمانە هیچ نەبونەتە ڕێگر لە بەردەم جوڵەیان بۆ گەیشتنە هەرەمی دەسەڵات لە حکومەتەکەی ئیسلام ئاباد.

بێنەزیر بوتۆ دیارترینی ئەو کوردانەیە کە لە پاکستان تا پۆستی سەرۆک وەزیران ڕۆشت و بووە یەکەم ژنە سەرۆک وەزیران لە پاکستان. 

دایکی بێنەزیر خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لە سەدەکانی ڕابردوو لەگەڵ خانەوادەکەی چونەتە پاکستان و ڕەچەڵەکنامەی ئەو وڵاتەیان وەرگرتووە. 

 بێنەزیر بوتۆ لە حوزەیرانی ساڵی 1953 لە دایک بووە، دوو جار پۆستی سەرۆک وەزیرانی پاکستانی وەرگرتووە، یەکەم خولی سەرۆکایەتی لە ساڵی 1988 وەرگرت، دوای دوو ساڵ لە سەرۆکی ئەو حکومەتە دورخرایەوە کە بە هاوپەیمانێتی پێکهێنرا و تۆمەتی گەندەڵیشی خرایە پاڵ. خولی دووەمی لە ساڵی 1993 وەرگرت و ساڵی 1996 کۆتاییهات. 

ساڵی 1999 بە تۆمەتی وەرگرتنی پارە لە کۆمپانیاییەکی سویسری ڕوبەڕوی دادگا کرایە و پێنج ساڵ زیندانیکردنی بە شێوەی ئامادەنەبوو وەک سزا بەسەردا سەپێندرا. 

لە ئۆکتۆبەری2007 لێبوردن بۆ بێنەزیر بوتۆ دەرکرا و گەڕایەوە پاکستان بەڵام لە کانوونی دووەمی هەمان ساڵ لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن هێرشی کرایەسەر و تیرۆرکرا.

یاناسانێکی کورد چۆکی بە سەرۆک کۆماری پاکستان دادا

ساڵی 2001 دوای ئەوەی پەروێز موشەرەف بوە سەرۆک کۆمار دەستی بۆ هەموارکردنەوەی دەستور برد، ساڵی 2007یش  بڕیاری لادانی ئیفتخار محەمەد سەرۆکی دادگای باڵای پاکستانی دا، ئەم هەنگاوەی موشەرەف لە ناوخۆی پاکستان ڕوبەڕوی ناڕەزایەتی فروان بوەوە.

عەلی ئەحمەد کورد کە ئەو کات جێگری سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی بەلوجستان بوو، ڕەشنوسە هەموارکراوەکەی سەرۆک کۆماری ئەو کاتی سوتاند و ئاگری لە ناڕەزایەتییەکان لەسەر ئەو پرسە بەردا. 

دوای ئەوەی عەلی کورد بەهۆی سوتاندنی ڕەشنوسی دەستورەوە دەستگیرکرا، موشەرەف کارکردنی بە دەستور هەڵپەسارد بۆیە خەڵکی ناڕازی پاکستان و بەشێک لە لایەنە سیاسیەکان موشەرەفیان ناچار بە دەست لەکارکێشانەوە کرد و دواتریش ڕوبەڕوی لێپێچینەوە کرایەوە. 

دوای دەستلەکارکێشانەوەی موشەرەف، عەلی کورد توانی ساڵی 2009 ئیفتخار محەمەد بۆ پۆستی سەرۆکی دادگای باڵای پاکستان بگەڕێنتەوە کە لەلایەن موشەرەفەوە دورخرابوەوە. 

سەرکەوتنەکانی عەلی کورد بەرامبەر پەروێز موشەرەف هەر ئەوەندە نەبوون، چونکە ساڵی 2019 لەسەر ئەو بابەتانەی عەلی کورد ناڕەزایەتی لەسەر نیشاندان کە خۆیان لە هەموار و هەڵپەساردنی دەستور دەبینیەوە دادگای پاکستان بە تۆمەتی خیانەت سزای لەسێدارەدانی بەسەر موشەرەفدا سەپاند. 

ئەگەرچی سزاکە بەسەر موشەرەفدا جێ بەجێنەکرا و ناوبراو بەهۆی نەخۆشیەوە ساڵی 2023 کۆچی دوایی کرد، بەڵام وەک سەرکەوتنی یاساناسە کوردە پێناسە کرا.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی