بۆ یەکەمجار ڕووسیا بە موشەکی بالیستیی کیشوەربڕ هێرش دەکاتە سەر ئۆکراینا

#ڕوسیا#ئۆکراینا#موشەکی بالیستیی کیشوەربڕ
9 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 9 مانگ نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • لە دەسپێکی جەنگی نێوانەوە یەکەمجارە ڕوسیا بە موشەکی بالیستیی کیشوەربڕی نائەتۆمی هێرش بکاتە سەر خاکی ئۆکراینا و ڕوسیا بانگەشەی ئەوە دەکات دوێنێ ئۆکراینا بە موشەکەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا هێرشی کردووەتە سەر خاکی ڕوسیا.
Primary Asset

سبەی

لە دەسپێکی جەنگی نێوانەوە یەکەمجارە ڕوسیا بە موشەکی بالیستیی کیشوەربڕی نائەتۆمی هێرش بکاتە سەر خاکی ئۆکراینا.

ڕۆژنامەی Ukrainska Pravda لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردووەتەوە ئەمڕۆ (21ی تشرینی دووەمی 2024) ڕوسیا بە موشەکی بالیستیی کیشوەربڕی RS-26 Rubezh هێرشی کردووەتە سەر شاری دنیپرۆ.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە دوو ڕۆژ لەمەوبەر سەرۆکی ڕوسیا، ڤلادیمیر پوتین بڕیاری دا ئەگەر بە موشەکی بالیستی هێرش بکرێتە سەر وڵاتەکەی، ئەوا بە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بەرپەرچی دەدەنەوە. 

ئەو سەرچاوەی بۆ ڕۆژنامە ئۆکراینییەکە دواوە ئاماژەی بەوە داوە ئەو موشەکەی لە لایەن ڕوسیاوە ئاراستە کراوە کڵاوەی جەنگی ئەتۆمی هەڵنەگرتووە.

موشەکەکە لە ئەستراخان'ی باشوری ڕوسیاوە ئاراستە کراوە و لە شاری دنیپر کەوتوەتە خوارەوە کە دەکەوێتە ناوەڕاستی ئۆکراینا. 

بە هۆی هێرشەکەوە زیانێکی زۆر بە ژێرخانی شارەکە گەیشتووە. هەرچەندە سوپای ئۆکراینا باسی لە زیانەکانی هێرشەکە نەکردووە. 

لای خۆیەوە گوتەبێژی کرێملین دمتری پەسکۆڤ ڕایگەیاند: هیچ ناڵێت لەبارەی ئەو هێرشەی ڕوسیاوە. 

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ فەرماندەیی هێزە ئاسمانییەکانی ئۆکراینا ڕایگەیاند: بە موشەکی بالیستیی کیشوەربڕی هێرش کراوەتە سەر دنیپرۆ، بەڵام باسی لەوە نەکرد موشەکەکە چ جۆرێک بووە. 

دوێنێ وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا ڕایگەیاند: ئۆکراینا بە موشەکی ATACMSی ئەمەریکی و Storm Shadowی بەریتانی هێرشی کردووەتە سەر خاکی ڕوسیا و توانیوویانە بەشێک لە موشەکەکان بخەنە خوارەوە. 

بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی کاروباری نێودەوڵەتی و ستراتیجی یەکەمجار ئەم جۆرە موشەکە ڕووسیا لە 2012 بە سەرکەوتوویی تاقی کراوەتەوە.

درێژی موشەکی RS-26 Rubezh، 12 مەترە و کێشیشی 36 تۆنە. مەودای پێنج هەزار کیلۆمەتر دەبڕێت و دەتوانێت 800 کیلۆگرام کڵاوەی جەنگی ئەتۆمی هەڵبگرێت. 

دوو ڕۆژ لەمەوبەر (19ی تشرینی دووەمی 2024) سەرۆکی ڕوسیا، ڤلادیمیر پوتین ڕەزامەندی لەسەر نوێکردنەوەی بەرنامەی چەکی ئەتۆمی دا و بەم پێیەیش ڕوسیا دەست کراوە کرا بە چەکی ئەتۆمی بەرپەرچی هەر هێرشێک بداتەوە کە وەک هەڕەشەی جیدی بۆ سەر خۆی دەبینێت.

هەر لە دوای بڕیارەکەی پوتین چاودێرانی سیاسی و شرۆڤەکاران ئاماژەیان بەوە دا لە ئەگەری هێرشی ئۆکراینا بۆ سەر سنورەکانی ڕوسیا بە موشەکەکانی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ، دوور نییە ڕوسیا بە چەکی ئەتۆمی بەرپەرچی بداتەوە.

ئەم بڕیارەی سەرۆکی ڕووسیا دوای ئەوە هات سەرۆکی ئەمەریکا، جۆ بایدن کە پێویستە لە 20ی کانونی دووەم کۆشکی سپی جێ بهێڵێت و جێگەی خۆی بۆ دۆناڵد ترەمپ چۆڵ بکات، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕەزامەندی دەربڕی ئۆکراینا بتوانێت موشەکە دورمەوداکانی ناتۆ بۆ هێرش کردنە سەر سنوری ڕوسیا بەکار بهێنێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی