وێنە: میدیاکان
سبەی
بەپێی نوێترین ڕاپۆرت، توڕەترین وڵاتانی جیهان دەکەونە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و لوبنان و تورکیا لە ڕیزی یەکەم و دووەمدا دێن و عێراقیش لە ڕیزی چوارەمدا جێ دەگرێت.
ناوەندی Gallup کە کۆمپانیایەکی شیکاری و ڕاوێژکاری ئەمەریکییە سالانە ڕاپۆرتێک لەبارەی ڕێژەی توڕەیی لە وڵاتان بە ناوی 'Global Emotions Report' بڵاو دەکاتەوە.
کۆمپانیایەکە بۆ ڕاپۆرتەکە ئەزموونی ژیانی ڕۆژانە لە خەڵک دەپرسێت و دواتر هەستە خۆش و ناخۆشەکانیان بەسەر دوو کاتەگۆریدا پۆلین دەکات و لێیان دەپرسێت کە ڕۆژێک پێشتر تا چەند هەستیان بە ئازاری جەستەیی، خەمباری، سترێس و توڕەیی کردووە.
ڕاپۆرتەکە لە 100 وڵات ئەنجام دراوە و دەرکەوتووە لوبنان کە لەم چەند مانگەی دواییدا دوچاری هێرشەکانی ئیسرائیل بووەتەوە و چەندین ساڵە بە دەست قەیرانی دارایییەوە دەناڵێنێت لە ریزی یەکەمدا جێ دەگرێت.
تورکیایش لە ڕیزی دووەمی وڵاتانی جیهان و لە ڕیزی یەکەمی وڵاتانی ئەوروپا جێ دەگرێت و ئاماژە بەوە دراوە هەڵاوسانی ئابوری، بوونی تورکیا بە وڵاتێکی پۆلیسی و دیکتاتۆری ڕۆڵی هەبووە لەوەی خەڵک زوو زوو توڕە ببن.
دوا بە دوای تورکیا ئەرمینیا لە ڕیزی سێیەم و عێراقیش لە ڕیزی چوارەمدا دێت.
ئەفغانستان، ئوردن، مالی و سریلانکا لە ڕیزبەندی پێنجەم تا هەشتەمی لیستەکەدا جێ دەگرن.
لە کاتەگۆری هەستە ئەرێنییەکانیشدا، ئاماژە بەوە دراوە دڵخۆشترین و ئەرێنیترین وڵات سلڤادۆرە.