لە هەر ئەڵقەیەکی زنجیرە دراما تورکییەکان نۆ جار توندوتیژی دژی ژنان ئەنجام دەدرێت

#زنجیرە دراما تورکییەکان#توندوتیژی دژی ژنان
10 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 10 مانگ نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • لە کاتێکدا خواست لەسەر زنجیرە دراما تورکییەکان لە سەرتاسەری جیهان لە سەدا 184 زیادی کردووە، لە بنکۆڵکارییەکدا دەرکەوتووە لە هەر ئەڵقەیەکی ئەو زنجیرە درامایانەدا نۆ جار توندوتیژی دژی ژنان ئەنجام دەدرێت.
  • پسپۆڕان هۆشداری دەدەن لەوەی زنجیرە دراماکان ڕۆڵێکی ئێجگار گرنگ دەگێڕن بۆ ئاراستەکردنی خەڵک و کاریگەری لەسەر دەرونی وەرگر دادەنێن.
Primary Asset

وێنە: میدیاکان

سبەی

لە بنکۆڵکارییەکدا کە لەسەر 14 زنجیرە درامای تورکی ئەنجام دراوە، سێ هەزار و 13 جار دیمەنی توندوتیژی دژی ژنان نیشان دراوە. 

دامەزراوەی مافەکانی ژنان و دیموکراسی KADEM لە بنکۆڵکارییەکدا لە دیمەنەکانی ئەنجامدانی توندوتیژی لەو زنجیرە دراما تورکییانەی کۆڵیووەتەوە کە زۆرترین بینەریان هەیە لەو وەرزانەی لە 2023 و 2024 لە ڕێگای تەلەڤزیۆن و ئینتەرنێتەوە بڵاو کراونەتەوە.

دەرکەوتووە لە کۆی 14 زنجیرە دراما، سێ هەزار و 13 جار دیمەنی توندوتیژی دژی ژنان نیشان دراوە.

لە کاتێکدا کەرتی بەرهەمهێنانی زنجیرە دراماکان داهاتێکی باش بۆ تورکیا دابین دەکات و 170 وڵاتی جیهان ئەو زنجیرە درامایانە لە تورکیا دەکڕن، بەڵام پسپۆڕان هۆشداری دەدەن لەوەی زنجیرە دراماکان ڕۆڵێکی ئێجگار گرنگ دەگێڕن بۆ ئاراستەکردنی خەڵک و کاریگەری لەسەر دەرونی وەرگر دادەنێن.

زنجیرە درامای "خونچە سورەکان" Kızıl Goncalar لە ڕیزی یەکەمدا دێت و بۆ هەر ئەڵقەیەک 21 جار دیمەنی توندوتیژی لە دژی ژنانی بەر دەکەوێت. 

هەر ئەڵقەیەکی دنکە مروارییەکان İnci Taneleri 17 جار و هەر زنجیرەیەکی مێبازەکەی کەناراو Yalı Çapkını 17 جار دیمەنی توندوتیژی دژی ژنانی بەر دەکەوێت.

بەم جۆرەیش بە تێکڕایی لە هەر ئەڵقەیەکی زنجیرە دراما تورکییەکان نۆ جار توندوتیژی دژی ژنان ئەنجام دەدرێت.

بەپێی جۆری توندوتیژییەکانیش، توندوتیژی دەرونی بە ڕێژەی لە سەدا 51 لە ڕیزی یەکەمدا جێ دەگرێت.

لە میانی بنکۆڵکارییەکەدا تەنها سەرنج خراوەتە سەر نیشاندانی ئەو دیمەنانەی توندوتیژی کە لە بەرامبەر ژنان ئەنجام دراون.

لە کاتێکدا لەو زنجیرە درامایانەدا چەندین توندوتیژییش دژی پیاوان و گیانلەبەرانیش ئەنجام دراون.

داهاتی هەر ئەڵقەیەکی زنجیرە دراماکان لە نێوان 200 هەزار تاکوو 650 هەزار دۆلاردایە

کۆمپانیای  O3 Medya ڕایگەیاندووە داهاتی هەر ئەڵقەیەک لە زنجیرە دراما تورکییەکان لە نێوان 200 هەزار تاکوو 650 هەزار دۆلاردایە.

لە سەدا 50ی ئەو داهاتەیش بۆ ئەو کەناڵە تەلەڤزیۆنانە دەمێنێتەوە کە زنجیرە دراماکان بەرهەم دەهێنن. ئەمەیش هانی کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکان دەدات بەردەوام بن لە بەرهەمهێنانی زنجیرە دراماکان. 

داهاتی فرۆشتنی زنجیرە دراماکانی پار 680 ملیۆن دۆلار بووە

بەپێی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی هەواڵی شینهوا دەستی کەوتوون زنجیرە دراماکانی تورکیا بە نزیکەی 170 وڵات فرۆشراون.

بەڕێوەبەری باڵای جێبەجێکاری Global Agency، عیزەت پینتۆ ئاماژەی بەوە داوە داهاتی فرۆشتنی زنجیرە دراماکان بە دەرەوە لە 2023 گەیشتوەتە 680 ملیۆن دۆلار.

ساڵانە 60-70 زنجیرە دراما بەرهەم دەهێندرێت

 سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزاریی کلتوری لە یەکێتیی خزمەتگوازریی هەناردەکردن لە تورکیا، فاتیح ئاکسۆی ڕایگەیاند ساڵانە لە تورکیا نزیکەی 60-70 زنجیرە دراما بەرهەم دەهێندرێت.

دەرهێنەر و سیناریۆنوس، مەحمەد بۆزداغ بە میدیاکانی ڕاگەیاند ئەو هاوڵاتییە بیانییانەی سەیری زنجیرە دراما تورکییەکان دەکەن، زوو زوو سەردانی تورکیا دەکەن و دەیانەوێت ئەو شوێنانە ببینن کە لە زنجیرە دراماکاندا بینیویانن.

دوای ئەوەی حوزەیرانی 2023 گۆڕەپانی بۆزداغ لە ئیستانبوڵ کە ژمارەیەکی بەرچاو لە زنجیرە دراما بەناوبانگەکانی تورکیا لەوێ بەرهەم هێندراون، بە ڕوی خەڵکدا کرایەوە، زیاتر لە 50 هەزار گەشتیار ڕویان تێ کرد.

NTV  بە پشتبەستن بە داتاکانی Parrot Analytics  ئاماژەی بەوە داوە خواست لەسەر زنجیرە دراما تورکییەکان لە 2020-2023 لە سەدا 184 زیادی کردووە. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی