جەمال مستەفا و سەدام حسێن
سبەی
جەمال مستەفا، زاوای سەدام حسێن ئاشکرای دەکات، ساڵی 2021 دوای ئازادبوونی لە زیندان چووەتە هەولێر و چاوی بە مەسعود بارزانی کەوتوە و لەوێوە چوەتە قەتەر و بەهەمیشەییی لەو وڵاتە نیشەجێ بووە.
جەمال مستەفا سوڵتان، هاوسەری حەلا سەدام، زاوا و سکرتێری سەدام حسێن، سەرۆکی پێشووی لەسێدارەدراوی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، کە غەسان شەربەل سەرنووسەری رۆژنامەکە لە شوێنی مانەوەی لە قەتەر لەگەڵی ئەنجامیداوە، بیرەوەرییەکانی خۆی لە کۆشکی سەرۆکایەتی و سەردەمی دەسەڵاتی سەددام حسێن و دواتر 18 ساڵ زیندانیی دوای روخانی رژێمی بەعس دەگێڕێتەوە و چەندین نهێنی نەبیستراو ئاشکرا دەکات.
لەبەشێکی گێڕانەوەکەیدا، کە لە ژمارەی ئەمڕۆی رۆژنامەکە بڵاوکراوەتەوە، جەمال مستەفا ئاشکرای کردووە: لە 21ی نیسانی 2003 دەستگیرکراوە و دوای دادگایی کردنی و مانەوەی بۆ ماوەی 18 ساڵ لە زیندان، لە 17ی حوزەیرانی 2021 ئازاد کراوە، دوای ئازادکردنیشی لە بەغداوە چووەتە هەولێر و چاوی بە مەسعود بارزانی کەوتووە، پاشان چووەتە قەتەر و ئێستا لەگەڵ حەلای هاوسەری و ساجیدە خەیروڵا هاوسەری سەدام حسێن پێکەوە دەژین.
جەمال مستەفا لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 1964 لە تکریت لە دایک بووە، لە تەمەنی گەنجیدا پەیوەندی کردووە بە دەستەی پاراستنی سەدام حسێنەوە، لەسەردەمی رژێمی بەعسدا جگە لەوەی سکرتێری دووەمی سەدام بووە، هاوکات زیاتر لە بواری وەرزش کاری کردووە، وەک نێردەی تایبەتی سەدام حسێن بۆ کاروباری هۆزو عەشیرەتەکەی کاری کردووە، بەهۆی متمانەی سەدامەوە حەلای کچی کردووە بە هاوسەری و لە زۆربەی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران بەشداریی کردووە.
لەو چاوپێکەوتنەیدا، چەندین نهێنی نەبیستراو لە سەردەمی دەسەڵاتی سەدام حسێن ئاشکرا دەکات و پاساویش بۆ بەشێک لە کردەوەکانی دەهێنێتەوە و هەوڵی پەردەپۆشکردنی دەدات.
جەمال مستەفا سوڵتان، لەبارەی روداوی کیمیابارانی هەڵەبجەوە دەڵێت: ئەو روداوە لە ئەستۆی نزار خەزرەجییە کە پلەکەی فەریق روکنی یەکەم بوو، بەبێ گەڕانەوە بۆ بڕیاری سەرکردایەتی ئەو کردەوەیەی ئەنجامداوە، بەو گێڕانەوەیەش دەیەوێت ئەستۆی عەلی حەسەن مەجیدی خاڵی لەو تاوانە پاک بکاتەوە.
سەبارەت بە عەبدولکەریم قاسمیش لەسەر زاری سەدام حسێنەوە دەیگێڕێتەوە کە :"عەبدولکەریم قاسم سەرکردەیەکی پاک بوو، بەڵام حزب فەرمانی پێکردوون لەناوی بەرن".
سەبارەت بە لەسێدارەدانی سەدام حسێن دەڵێت: ئەوکاتەی لە زیندان بووین هەواڵی لەسێدارەدانیمان بیست، بۆیە بە بەشداریی زۆرینەی بەرپرسانی دەستگیرکراوی ئەوکاتە و "سەرکردایەتی" شۆڕش لەناویاندا تارق عەزیز بە "غیابی" نوێژی مردوومان بۆ ئەنجامدا و دوعامان بۆ کرد.
ئاشکرای دەکات، سەدام حسێن پێش لەسێدارەدانی ئازار و ئەشکەنجە دراوە و زانیویەتی کە لە سێدارە دەدرێت، بەڵام ئەو ئازا بوو بەرگەی دەگرت.