هەموویان دەگرێتەوە؟؛ نوێترین زانیاریی لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان

#ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا#هەرێمی کوردستان#بازگە#مەلیکە#شاهینە
7 مانگ لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • بەپێی ئەو داتایانەی لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستانەوە دەست "سبەی" كەوتوون،  ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكان ژمارەیان 63 هەزار ئۆتۆمبێل زیاترە لە هەرێمی كوردستان،35 هەزار یان شاهینە و مەلیكەن و نرخیان لەنێوان چوار هەزار بۆ شەش هەزار و 500 دۆلارە و زۆربەیان لە پارێزگای سلێمانین.
Primary Asset

چەند ئۆتۆمبێلێکی بێسەرەتا

سبەی

چەند ڕۆژێكە هەواڵی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان لە سۆشیال میدیا و بەشێك لەمیدیاكان بڵاوبووەتەوە، بەرپرسانی هاتوچۆ بەفەرمی قسەی لەسەر ناكەن، دەزگای ئاسایش فەرمانی بە بازگەكان كردووە لە ساڵی نوێوە دەستیان بەسەردا بگیرێت.

بەپێی ئەو داتایانەی لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستانەوە دەست "سبەی" كەوتوون،  ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكان ژمارەیان 63 هەزار ئۆتۆمبێل زیاترە لە هەرێمی كوردستان،35 هەزار یان شاهینە و مەلیكەن و نرخیان لەنێوان چوار هەزار بۆ شەش هەزار و 500 دۆلارە و زۆربەیان لە پارێزگای سلێمانین.

بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆی هەرێم لەسەدا 90%ی ئەو ئۆتۆمبێلانە مەرجی سەلامەتییان تێدا نیە چونكە پێش هاوردەكردنیان بڕاونەتەوە و دواتر چاك كراونەتەوە.

بەپێی بەدواچوونی "سبەی" بڕیارێكی نوێ لەبارەیانەوە هەیە و بڕیارە لە ساڵی نوێوە ئەو ئۆتۆمبێلانەی هیچ سەرەتایەكیان نییە دەستیان بەسەردا بگیرێت.

سبەی قسەی لەگەڵ چەند شۆفێرێكی خاوەن "شاهینە و مەلیكە" كرد ئەوان دەڵێن بەشێكیان لە بازگەكان پێیان ڕاگەیەندراوە كە دوای سەری ساڵ ئۆتۆمبێلەكانیان دەستیان بەسەردا دەگیرێت.

ئەوەش لەكاتێكدایە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر ئاسایشی سلێمانی بازگەكانی ئاگاداركردووەتەوە دوای سەری ساڵ ڕێگە بە هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا نەدەن، ئەمڕۆش هاتوچۆی هەولێر ڕایگەیاند هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا لەسەرجەم شەقامەكان قەدەغەیە.

بەوتەی سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان، "تائێستا هیچ بڕیارێك نییە لەبارەی ئەو ئۆتۆمبێلانە، بەڵام ئەو ئۆتۆمبێلانەی بێسەرەتان هەموو كات ئەگەری دەستبەسەرداگرتنیان هەیە، چونكە هیچ بەڵگەنامەیەك نییە خاوەندارێتی ئەو ئۆتۆمبێلانە بسەلمێنێت".

"سبەی" پەیوەندی بە چەند بەرپرسێكی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە كرد، لەبارەی ئەو نوسراوەی چەند ڕۆژێك لەمەوبەر ئاراستەی بازگەكان كراوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان لە ساڵی نوێوە، بەتایبەت (ئۆتۆمبێلی شاهینە و مەلیكە) ئەوان هەرچەندە نوسراوەكەیان پشتڕاست كردەوە، بەڵام ئامادەنەبوون هیچ زانیارییەكی دیكە لەوبارەیەوە بدەن.

"سبەی" بۆ بەدواداچوونی زیاتر پەیوەندی بە بەرپرسێك لە ئاسایشی بازگەكان كرد، ئەو بەرپرسە وتی "تائێستا بڕیارەكە ئەوەندەیە كە لە ساڵی نوێوە بەهیچ شێوەیەك ڕێگە بە ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان نەدرێت لە شەقامەكاندا بن بەتایبەتیش ئۆتۆمبێلی شاهینە و مەلیكە، بەڵام بڕیارەكە ئەمنییە و ڕەنگە هیچ پەیوەندیەكی بە ڕێكارەكانی هاتوچۆوە نەبێت".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی "ڕەنگە بڕیارەكە ئەو ئۆتۆمبێلانە نەگرێتەوە كە لەماوەی ڕابردوودا كۆدیان بۆ كراوە و ژمارەیان نزیكەی 20 هەزار ئۆتۆمبێلە".

ئەو فەرمانە لەكاتێكدایە، پێشتر بەرپرسانی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان جەختیان كردووەتەوە هیچ بڕیارێك بۆ پێدانی ژمارە بە ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان نییە، باسیان لەوەشكردبوو "ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان یان بێ تابلۆن یان تابلۆی ساختەیان بۆ دروستکراوە، کاتی ئەوە هاتووە چارەسەرێکی ریشەیی بۆ ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە بدۆزرێتەوە".

هێنانی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا پێشتر لە ساڵی 2003 روویداوە، كاتێك رژێمی پێشووی عێراق روخێنرا، بە هەزاران ئۆتۆمبێل لە شارەكانی دیكەی عێراقەوە هێنرانە هەرێم و دواتر وەزارەتی ناوخۆی هەرێم مۆڵەتی هاتوچۆپێكردنی لەژێر ناوی ئاڕم پێ بەخشین.

 

 

 

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی