سبەی
رۆژی 25ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێک، لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دانراوە. لەم رۆژەدا نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوەکان کار بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری رەگەزیی دەکەن بۆ روبەڕوبونەوەی توندوتیژی دژی ژنان.
سەرەڕای پەسەندکردنی رێککەوتننامەی "نەهێشتنی هەموو جۆرە توندوتدوتیژییەک دژی ژنان" لەلایەن کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتوەکانەوە لە ساڵی 1979، توندوتیژی دژی ژنان هێشتا کێشەیەکی بەربڵاوە لە سەرانسەری جیهاندا.
تائێستا لە کۆی سێ وڵات تەنها دوو وڵات توندوتیژی خێزانییان قەدەغە کردووە، لەکاتێکدا 37 وڵات لە جیهاندا هێشتا تاوانبارانی دەستدرێژی سێکسی لە لێپێچینەوە دەبەخشن ئەگەر هاوسەرگیریی لەگەڵ قوربانییەکەدا بکات، هەروەها لە 49 وڵات هیچ یاسایەکیان نییە کە ژنان لە توندوتیژی خێزانی بپارێزێت.
رۆژێک بۆ بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان
چالاکوانان و رێکخراوەکانی مافی ژنان لە ساڵی 1981ـەوە، رۆژی 25ی تشرینی دوومیان دەستنیشانکردوە بۆ روبەڕوبونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای رەگەز. دەستنیشانکردنی ئەو بەروارە بۆ رێزلێنان بوو لە (خوشکەکانی میراباڵ) کە سێ چالاکوانی سیاسی کۆماری دۆمنیکا بوون لە ساڵی 1960 بە فەرمانی دەسەڵاتداری ئەو کۆمارە بەشێوەیەکی دڕندانە کوژران.
16 رۆژ چالاکی بۆ بنەبڕکردنی توندوتیژی دژی ژنان
هەڵمەتی ئەمساڵی بنەبڕکردنی توندوتیژی دژی ژنان 16 رۆژ دەخایەنێت لە بەرواری 16ی تشرینی دووەم تا 10ی کانونی یەکەم کە یادی رۆژی نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤە.
هەڵمەتی ئەمساڵی روبەرونەوە و بنەبڕکردنی توندوتیژی لەسەر بنەمای رەگەز لە ژێر دروشمی "هەر 10 خولەكێك ژنێک کوژراوە" لەگەڵ هاشتاگی (بیانوو نییە) هەروەها "یەکگرتوویی بۆ کۆتایی پێهنانی توندوتیژی دژی ژنان" بەرێوەدەچێت، بە ئامانجی راکێشانی سەرنجی خەڵک بۆ پەرەسەندنی مەترسیداری توندوتیژی دژی ژنان و داواکردنی سزادانی ئەو کەسانەی پابەندی مافەکانی مرۆڤ نین و بەردەوامن لە ئەنجامدانی توندوتیژی دژی ژنان.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان، تەنها لە ساڵی 2023 بە لایەنی کەمەوە 51 هەزار و 100 ژن لەلایەن کەسە نزیکەکانیانەوە کوژراون.