سبەی
کەوتنی حەلەب و دەستبەسەراگرتنی لەلایەن چەکدارەکانی تەحریر شامەوە تەنها کاتێکی کەمی ماوە، پێشڕەوی خێرای ئەو چەکدارانە و پاشەکشەی خێراتری سوپای رژێمی سوریا گومانی لەسەر روداوەکانی دروست کردوە.
روانگەی سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە: پێدەچێت بەرامبەر چەند بەڵێنێکی روسیا، بەشار ئەسەد سەرۆکی رژێمی سوریا، شاری حەلەب، دووەم گەورەترین شاری وڵاتەکەی پیشکەشی گروپە چەکدارەکان کردبێت، چونکە هێزەکانی سوریا بە تەواوەتی لە شارەکە کشاونەتەوە و گروپی تەحریر شام (بەرەی نوسرەی پێشوو- باڵی سەربازی قاعیدە لە سوریا) چەند کاتژمێرێکی کەمیان ماوە بۆ ئەوەی بەبێ هیچ بەرگرییەک تەواوی شارەکە کۆنترۆڵ بکەنەوە.
رامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری روانگەی سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بارەگای سەرەکی لە لەندەنە، رایگەیاند: سەرجەم بەرپرسەکانی ئاسایش و سەربازی و ئیداری و هەواڵگرییەکانی رژێمی سوریا لە حەلەب کشاونەتەوە، گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی پێش 2016، ئەوەش جێگەی پرسیارە، کە ئایا رێکخستنەوەیەکی دیکەی هەرێمی و نێودەوڵەتییە بۆ دابەشکردنی خاکی سوریا و دروستکردنەوەی باڵانسی هێز.
بەپێی بەیاننامەکانی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە هێرشەکانی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا، زیاتر لە 65 گوند و شارۆچکە، فڕۆکەخانەیەکی سەربازیی، ناوەندی سەرەکیی هێزەکانی رژێمی سوریا و 75%ی شاری حەلەب کەوتوەتە دەست ئەو گروپانە و تائێستا زیاتر لە 311 کەس کوژراون و زیاتر لە 14 هەزار کەس ئاوارە بوون.
هێزەکانی رژێم لەو ناوچانە بەبێ هیچ بەرگرییەک لەسەر زەوی پاشەکشەیان کردووە، بەڵام فڕۆکە جەنگییەکانی سوریا و روسیا ژمارەیەک هێرشی ئاسمانییان ئەنجامداوە بەبێ ئەوەی کاریگەریی لەسەر پێشڕەویی ئەو گروپانە هەبێت.
رامی عەبدولڕەحمان پێیوایە، لە ئێستادا گروپە چەکدارەکانی تەحریر شام نایانەوێت بچنە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی زۆرینە کوردنشین و پەلاماری شەڕڤانان بدەن، چونکە نایانەوێت لە ئێستادا بەرەیەکی دیکەی شەڕ بکەنەوە، لەگەڵ ئەوەی زۆربەی ناوچە ستراتیژییەکانی حەلەبیان کۆنترۆڵ کردووە، بۆ قۆناغی داهاتووش ئەو گەڕەکانە لە پلانی هێرشدان.
بەپێی سەرچاوە مەیدانییەکان، زۆرینەی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران و روسیا کە لە حەلەب و دەوروبەری جێگیر کرابوون کشاونەتەوە، دواتر هێزەکانی رژێمی سوریا پاشەکشەیان کردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەندین دیمەنی هێرش و پێشڕەویی گروپەکانی تەحریر شام بڵاوکراوەتەوە کە بەبێ هیچ بەرگرییەک چونەتە سەر قەڵای مێژویی حەلەب، ناو بارەگای سەرەکی فەرماندەیی پۆلیسی حەلەب، بارەگای ناوەندی سەربازیی رژێمی سوریا لە حەلەب، فڕۆکەخانی ئەبو زهور لە ئیدلەب و چەندین ناوچەی ستراتیژی دیکە.
هەروەک دیمەنی کردنەوەی دەرگای گرتوخانەی تارق بن زیاد لە حەلەب و گرتوخانەکانی پۆلیس و رزگارکردنی سەدان کەسی دەستگیرکراو، بوونە بابەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکان، کە چۆن گروپە چەکدارەکان دەرگای زیندانەکان دەشکێنن و زیندانی کراوەکان ئازاد دەکەن.
چەند سەرچاوەیەکی هەواڵ بڵاویان کردەوە؛ هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی سەر حەلەب، فڕۆکەی نەناسراو گروپە چەکدارە عێرقی و سورییەکانی سەر بە ئێرانیان لە ناوچەی ئەلبوکەمالی سنوری نێوان عێراق و سوریا بۆردومان کردووە.