کەمبونەوەى ئاستى ئاو لە بەنداوى موسڵ لەمساڵدا بەراورد بە ساڵى رابردوو
سبەى
عێراق تورکیا تۆمەتبار دەکات بە جێبەجێنەکردنى بەڵێنەکەى بۆ زیادکردنى بەردانەوەى ئاو، بەو هۆیەشەوە قەیرانى کەمى ئاو قوڵتر بووەتەوە و ئاستى ئاوى بەنداوەکان بەڕێژەیەکى بەرچاو کەمبوونەتەوە.
خالد شیمال وتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق بە ئاژانسى فەرمى عێراقى راگەیاند، رێژەى کۆگاکردنى ئاو لە بەنداوى موسڵ لە ئێستادا کەمترە لە سێیەکى تواناى بەنداوەکە و داهاتى بەنداوەکە لە روبارى دیجلە 228 مەتر سێجایە لە چرکەیەکدا.
ئاماژەى بەوەشکردووە، هەروەها داهاتى ئاوى بەنداوى فورات بۆ بەنداوى حەدیسە دەگاتە 210 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا.
خالد شیمال دەڵێت، تورکیا بەڵێنەکەى بەتەواوى نەبردووەتەسەر بۆ زیادکردنى بەردانەوەى ئاو بەبڕى 400 مەتر سێجا، تەنها جارێک بۆ دووجار بەریداوەتەوە و نەک بەشێوەیەکى بەردەوام.
رونیشیکردووەتەوە، بەردانەوەى ئاو لە تورکیاوە لەهەمان رۆژدا ناگاتە دورترین شوێنى باشورى عێراق، ئەوەش بەهۆى هۆکارى سروشتى و ڕێڕەوى ئاوەوە و بەردانەوەى ئاو لە 50-60 کیلۆمەتر تێناپەڕێت.
مانگى رابردوو لەمیانەى سەردانى شاندى پەرلەمانى عێراق بۆ تورکیا بەسەرۆکایەتى مەحمود مەشهەدانى سەرۆکى پەرلەمان، رێککەوتن کرا لەسەر زیادکردنى بەردانەوەى ئاو لە تورکیاوە بۆ عێراق بەبڕى 420 مەتر سێجا لەهەر چرکەیەکدا.
تۆرهان موفتى راوێژکارى سەرۆک وەزیرانى عێراق بۆ کاروبارى ئاو رایگەیاند، رێککەوتنى زیادکردنى بەردانەوەى بۆ مانگەکانى حەوت و هەشتە، لە مانگى نۆوە دەبێت پشت بە ئاوى کۆگاکراو ببەستن تا وەرزى زستان و باران بارین.
وتیشى بەردانەوەى ئاو بەردەوام دەبێت، بەڵام لەماوەى ئەو دوو مانگەدا لەبڕى 420 مەتر سێجا لەهەر چرکەیەکدا کەمتر نابێت کە لە تورکیاوە بۆ عێراق بەردەدرێتەوە.
تۆرهان موفتى باسى لەوەشکرد، بەنداوى ئەلیسۆ کە دوایین بەنداوى تورکیایە لەسەر روبارى دیجلە لەناو خاکى ئەو وڵاتە، لەدواى ئەو بەنداوەوە ناوچەى شاخاوى سەخت بوونى هەیە لە باشورى خۆرئاواى تورکیا کە باران و بەفرێکى زۆرى لێ دەبارێت و هەمووى دواتر دەڕژێتە عێراقەوە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆى گۆڕانکارى کەشوهەواوە ئەمساڵ باران و بەفرى کەم لەو ناوچانە باریوە، ئەوەش بڕى ئەو ئاوەى دەڕژێتە عێراقەوە کەمکردووەتەوە.
عێراق بۆ دابینکردنی ئاو بۆ دانیشتووانەکەى و کشتوکاڵ پشت بە ڕووباری دیجلە و فورات دەبەستێت، کە لە تورکیاوە سەرچاوەیان گرتووە. بەڵام بەنداوەکانى تورکیا سەرچاوەى ئاوى ئەو دوو رووبارەیان گلداوەتەوە، ئەوەش وایکردووە عێراق 40%ى پشکى ئاوى پێ بگات، بەو هۆیەشەوە بەشێک لە ناوچەکانى رووبەڕووى بە بیابانبوون بوونەتەوە.
ئێستا یەدەگی ئاوی عێراق لە نزمترین ئاستیدایە. ڕۆژی 23ی حوزەیران لیژنەی کشتوکاڵ و ئاوی پەرلەمان ئاشکرایکردبوو، ئەو ئاوەى دەرژێتە دیجلە و فوراتەوە بۆ کەمتر 50%ی ئاستی ئاسایی خۆی دابەزیوە. هەروەها یەدەگی ئاوی بەنداوەکان بۆ نیوە دابەزیوە.