سێ ئامانجی شاراوە؛ شەڕی نوێی ئیسرائیل و ئێران بەڕێوەیە

#ئیسرائیل#ئێران#ئەمەریکا
3 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • بەپێی راپۆرتەکە، ئیسرائیل لە شەڕی یەکەمی لەگەڵ ئێران تەنها توانی ئامانجی یەکەم واتە تێوەگلاندنی ئەمەریکا لە جەنگ بپێکێت، بەڵام لە ئێستادا تەلئەبیب بەنیازە پێش ئەوەی ئێران بتوانێت بەرگری ئاسمانییەکەی بەهێز بکاتەوە هێرشێکی دیکە بۆ سەر ئێران ئەنجام بدات بەپێچەوانەوە هاوسەنگییەکە لە زیانی ئیسرائیل دەگۆڕدرێت، جگە لەوەش نەتەنیاهوو دەبێت تا پێش هەڵبژادنەکانی کونگرێسی ئەمەریکا پلانی هێرش بۆ سەر ئێران جێبەجێ بکات.
Primary Asset

سبەى

پێدەچێت ئیسرائیل قۆناغی دوەمی شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران پێش مانگی کانوونی دووەم دەستپێبکات، تەنانەت ئەگەری سەرهەڵدانی جەنگ تا کۆتایی مانگی ئابیش لەئارادایە، ئەوەش بەپێی گۆڤارى فۆرن پۆلسى ئەمەریکى.

بەپێی راپۆرتێکى گۆڤارەکە، ئیسرائیل بە سێ ئامانجی سەرەکی هێرشی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد کە لە ئەنجامدا شەڕێکی 12 ڕۆژەی لێکەوتەوە کە بریتى بوون لە:

1-تێوەگلاندنی ئەمەریکا لە جەنگ دژی ئێران

2-ڕوخاندنی حکومەت

3-تەسلیمبوونی ئێران و زاڵبونی هەژموونی سەربازی تەلئەبیب لە تاران

بەپێی راپۆرتەکە، ئیسرائیل لە شەڕی یەکەمی لەگەڵ ئێران تەنها توانی ئامانجی یەکەم واتە تێوەگلاندنی ئەمەریکا لە جەنگ بپێکێت، بەڵام لە ئێستادا تەلئەبیب بەنیازە پێش ئەوەی ئێران بتوانێت بەرگری ئاسمانییەکەی بەهێز بکاتەوە هێرشێکی دیکە بۆ سەر ئێران ئەنجام بدات بەپێچەوانەوە هاوسەنگییەکە لە زیانی ئیسرائیل دەگۆڕدرێت، جگە لەوەش نەتەنیاهوو دەبێت تا پێش هەڵبژادنەکانی کونگرێسی ئەمەریکا پلانی هێرش بۆ سەر ئێران جێبەجێ بکات.

بۆچی ئیسرائیل نەیتوانی ترەمپ بکێشێتە ناو شەڕێکی تەواوەوە؟

خوازراوترین سیناریۆ لە ڕوانگەی تەلئەبیبەوە، ڕاکێشانی “دۆناڵد ترەمپ” بوو بۆ بەشداریکردنی تەواو لە بەرەکانی شەڕدا، سیناریۆیەک کە نەک تەنها دەیتوانی توانا سەربازییە ئاساییەکانی ئێران بکاتە ئامانج، بەڵکو ژێرخانی ئابووری ئێرانیش لەناوبەرێت.

ترەمپ لە میانی شەڕی ئێران و ئیسرائیل بەنیازی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی خێرا بەڵام کاریگەر بوو، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ستراتیژی کۆشکی سپی بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بۆ ئەوە دانرابوو کە ململانێکان لە ئاستێکی کۆنتڕۆڵکراودا بمێنێتەوە و ڕێگری لە پەرەسەندنی بکات، ئەگەرچی ئەم پلانە لە کورتخایەندا تاڕادەیەک سەرکەوتوو بوو، بەڵام ناڕەزایی ڕوونی ئیسرائیلی لێکەوتەوە و  لە ئێستادا هەمان ئەم سیاسەتە ترەمپی لە سووڕێکی پەرەسەندندا تێوەگلاندوە خولێک کە بە ڕوونی لە تەلئەبیب ئەندازیاری و دیزاین کراوە.

ئیسرائیل بۆ گەڕێکی دیکەی هێرش ئامادە دەبێت

ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری و ئەیال زەمیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل بە ئاشکرا هەڕەشەی هێرشی دوبارە بۆ سەر ئێران دەکەن، زەمیر شەڕی مانگی حوزەیرانی بە تەنیا "قۆناغی یەکەم" وەسف کردوە و باس لەوە دەکات کە ئیسرائیل دەچێتە ناو "قۆناغێکی نوێ"ی ململانێکانەوە.

لە ڕوانگەی تەلئەبیبەوە، تەنانەت ئەگەر تاران پیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرێت، نابێت دەرفەتی دووبارە دروستکردنەوەی کۆگاکانی مووشەکی، گەڕاندنەوەی سیستەمی بەرگری، یان جێگیرکردنی ئامێری پێشکەوتووتری پێ بدرێت.

بە سەرنجدان بەو هەوڵەی کە ئێران دەستیکردووە بە بنیاتنانەوەی توانا سەربازییەکانی، ئیسرائیل هاندەرێکی بەهێزی هەیە بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا جارێکی دیکە هێرش بکاتەوە.

 لەلایەکی دیکەشەوە وەرزی هەڵبژاردنی نوێێ کۆنگرێس بەڕێوەیەوە و تەلئەبیب بەنیازە تا پێش ئەم قۆناغە گورزێکی دیکە بوەشێنێت چونکە روون نییە لە هەڵبژاردنەکان جارێکی دیکە کۆنگریش لە دەستی کۆماریخوازەکانی لایەنگری نەتانیاهۆ و جەنگ لە دەسەڵاتدا بمێننەوە  ئەوەش پلانەکانی سیاسی تەلئەبیب بۆ ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیە ئاڵۆزتر دەکات، بۆیە پێشبینی دەکرێت لە چەند مانگی داهاتوودا ئیسرائیل گورزێکی دیکە بوەشێنێت.

ترەمپ لە تەڵەی ئیسرائیلدا: شەڕ لەگەڵ ئێران یان پاشەکشە؟

کاردانەوەی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر بە ئەگەری شەڕی دووەمی نێوان ئیسرائیل و ئێران دەتوانێت ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە لە ڕەوتی پێشهاتەکاندا بگێڕێت. بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە ترەمپ ئامادە نییە لە ململانێیەکی درێژخایەندا بچەقێت چونکە لەلایەک بەپێچەوانەی بەڵێنیەکانییەتی بە لایەنگرانی بۆ ئەوەی ئەمریکا لە شەڕە بێکۆتاییەکاندا تێوەناگلێنێت و لە لایەکی دیکەشەوە لە ڕووی سەربازییەوە، شەڕی 12 ڕۆژە بۆشایی بەرچاوی لە جبەخانەی مووشەکی ئەمریکای ئاشکرا کرد.

سەرەڕای ئەمە پێدەچێت دۆناڵد ترەمپ لەناو تەڵەیەکی حیسابکراوی ئیسرائیل تێوەبگلێت و  هێشتا ڕوون نییە کە بتوانێت ڕێگایەک بۆ دەربازبوون لەو تەڵەیە بدۆزێتەوە، بەتایبەتی ئەگەر واشنتۆن بەردەوام بێت لە پێداگری لەسەر مەرجی پیتاندنی سفری یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە وەک پێشمەرجێک بۆ هەر ڕێککەوتنێک. 

لە بارودۆخی ئێستادا، بژاردەی "بەشداری سنووردار"ی ئەمەریکا لە جەنگ بە تەواوەتی پووچەڵ بووەتەوە بۆیە ترەمپ یان دەبێت بە تەواوی بچێتە ناو شەڕەکەوە یان بە تەواوی بکشێتەوە، بەڵام کشانەوە بە مانای بەرەنگاربوونەوەی تەواوەتی ئیسرائیلە بۆ هەر  جۆر هێرشێک بۆ سەر ئێران کە تا ئێستا ترەمپ نە ئیرادەی بۆ ئەوە نیشانداوە و نە توانای جێبەجێکردنیشی لەبەردەستدایە.

 

 

 

 

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی