سبەى
بەهۆى زیرەکى دەستکردەوە، ئیلۆن مەسک هەڕەشە لە کۆمپانیای ئەپڵ دەکات و دەڵێت رێکاری یاسایی دەگرێتەبەر و لە کۆمپانیاکانیشیدا ئامێرەکانی ئەپڵ قەدەغە دەکات.
مەسک لە پۆستێکدا لە تۆڕى ئێکس نووسیویەتی، ئەپڵ بە شێوەیەک مامەڵەدەکات کە وا دەکات هیچ ئەپێکی AI، جگە لە OpenAI نەتوانێت بگاتە پلەی ژمارە یەک لە ئەپ ستۆر، ئەمەش پێشێلکارییەکی ڕوونە و دەستبەجێ ڕێکاری یاسایی دەگرێتەبەر.
لە پۆستێکی دیکەدا پرسیاری کردووە، "بۆچی ڕەتیدەکەیتەوە X یان Grok لە بەشی 'پێویستەکاندا بنووسیت؟ لەکاتێکدا X ئەپی هەواڵی ژمارە یەکە لەسەر ئاستی جیهان و Grok پێنجەم؟ ئایا تۆ یاری سیاسەت دەکەیت؟".
ساڵی ڕابردوو کۆمپانیای ئەپڵ هاوبەشی لەگەڵ OpenAI کرد بۆ یەکخستنی ChatGPT لەگەڵ بەرهەمەکانی لاپتۆپ و دیسکتۆپ و ئایفۆن و ئایپاد و ماک کە سەرجەمیان بەرهەمی کۆمپانیای ئەپڵە.
لەو کاتەدا مەسک ڕایگەیاندبوو؛ ئەگەر ئەپڵ OpenAI لە ئاستی سیستەمی کارپێکردندا یەکبخات، ئامێرەکانی ئەپڵ لە کۆمپانیاکانیدا قەدەغە دەکات.
باشترین ئەپی خۆڕایی
پێش هەڕەشە یاساییەکانی لە دژی ئەپڵ، مەسک ئاهەنگی گێڕا بۆ پێشکەوتنی Grokلە گووگڵ وەک پێنجەم باشترین ئەپی بێ بەرامبەر لە ئەپ ستۆر.
لەلایەکی دیکەوە، ChatGPT لە پلەی یەکەمی لیستی باشترین ئەپەکانی بێ بەرامبەر لە ئەپ ستۆری iOSی ئەمریکادا بوو، تاکە چاتبۆت بوو کە لە بەشی "ئەپەکانی پێویست"ی ئەپڵدا ڕیزکرابوو.
هەروەها ئەپ ستۆر لینکی دابەزاندنی بۆ ئەپی نوێی پێشەنگی AI ی OpenAIبە ناوی ChatGPT-5 لە سەرەوەی بەشی ئەپەکان پیشان دا.
ناکۆکی مەسک لەگەڵ OpenAI
لە وەڵامی هەڕەشەکانی مةسک لە دژی ئەپڵ، سام ئاڵتمان بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای OpenAIلە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی Xڕایگەیاند "ئەمە بانگەشەیەکی سەرنجڕاکێشە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی بیستوومە کە گوایە ئیلۆن مەسک دەستکاری Xدەکات بۆ ئەوەی سوود بە خۆی و کۆمپانیاکانی خۆی بگەیەنێت و بە زیانی ڕکابەرەکانی و ئەو کەسانەی کە حەزیان لێی نییە".
ئەمە یەکەمجار نییە کە ئەپڵ ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبێتەوە، لە دۆسیەیەکی گرنگدا، وەزارەتی دادی ئەمریکا ساڵی ڕابردوو، بەهۆی قۆرخکردنی سیستەمی کارپێکردنی ئایفۆن، سکاڵای یاسایی لە دژی کۆمپانیاکە تۆمارکرد.