سبەی
بڕیارە سبەینێ ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسا ناکۆکەکان بدات، سێ پڕۆژەیان پەیوەستە بە سێ پێکهاتە سەرەکییەکەی پەرلەمانەوە، کە ماوەیەکی زۆرە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و تائێستا دەنگی لەسەر نەدراوە.
بەپێی کارنامەی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاساکانی هەمواری یاسای باری کەسێتی، گەڕاندنەوەی موڵکی داگیرکراو بۆ خاوەنەکانیان، دەنگدان لەسەر هەمواری دووەمی یاسای لێبوردنی گشتی لە کارنامەکەدان، سەرەڕای خوێندنەوە و گفتوگۆی پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای فڕۆکەوانی مەدەنی، خوێندنەوە و هەمواری پڕۆژە یاسای شارە پیشەسازییەکان.
خستنە دەنگدانی ئەو سێ پڕۆژە یاسا ناکۆکە لە کاتێکدایە، مەحمود مەشهەدانی مانگێکە وەک سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دەستبەکاربووە و بەپێی رێککەوتنی دانانی لەو پۆستە، پێویستە بە زووترین کات یاسا گرنگ و جێ مشتومڕەکان یەکلایی بکاتەوە، کە لە 18 مانگی رابردوو و بەهۆی چۆڵبوونی کورسی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دواخراون و نەتوانراوە دەنگیان لەسەر بدرێت یان رەتبکرێنەوە.
پێشتر، باقر ئەلساعدی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: ئەنجومەنی نوێنەران ئەو پڕۆژەیاسایانە دەخاتە دەنگدانەوە کە جێی ناکۆکین، پڕۆژەی هەماری یاسای باری کەسێتی یەکێک دەبێت لەو پڕۆژانەی دەخرێتە دەنگدانەوە.
ڕوونی کردەوە، مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە هەوڵی ڕازیکردنی لایەنەکانە بۆ ئەوەی بگەنە ڕێکەوتن لە بارەی تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساکان.
سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاریدا تا رۆژی نۆی مانگی کانوونی یەکەمی 2024، پشووی زستانەی پەرلەمان درێژبکرێتەوە، ئەوەش لەسەر داوای چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان، کە داوای لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران کرد، وەرزی یاسادانان درێژ بکاتەوە بۆ ئەوەی پڕۆژەیاسا گرنگەکان پەسند بکرێن.
بڕیار بوو سەرەتای ئەم مانگە، ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ لەسەر چوار پڕۆژەیاسای هەستیار بدات، بەڵام بە هۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنەکانەوە دەنگ لەسەر هیچ کام لە پڕۆژەکان نەدرا.
ئەو پڕۆژانەی بوونەتە جێی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان بریتین لە:
یەکەم: پڕۆژەی یاسای گێڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان، کە بە هۆی هەندێک لە بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی (مەجلیسی قیادەی سەورە)، لێیان زەوت کرابوو، پێنج ماددە.
دووەم: پڕۆژەی پێشنیازکراوی هەمواری یاسای باری کەسێتی عێراق ژمارە 188ی ساڵی 1959، هەردوو ماددەی دوو و 10.
سێیەم: پڕۆژەی هەمواری دووەمی یاسای لێبوردنی گشتیی ژمارە 27ی ساڵی 2016. دوو ماددە.
چوارەم: پڕۆژە یاسای خزمەت و خانەنشینی دەستەی جەشدی شەعبی، 83 ماددە.
هەریەک لە پڕۆژەکانی یاسای باری کەسێتی و خاوەندارێتی موڵک، لێبوردنی گشتیی و خانەنشینی حەشدی شەعبی، بە هۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان لە بارەیانەوە، مشتومڕی زۆریان لێکەوتووە و هەریەک لە لێبوردنی گشتیی و هەمواری یاسای باری کەسێتی بە دوو پڕۆژەیاسای "هەستیار" وەسف دەکرێن بە هۆی لێکەوتەکانیان لەسەر ژیانی گشتیی عێراقییەکان.
مانگی ڕابردوو، ئەنجومەنی نوێنەران لە چەند دانیشتنێکی یەک بە دوای یەکدا، نەیتوانی، ئەو پڕۆژەیاسایانە پەسند بکات، کە مشتومڕیان لە بارەوە هەبوو.
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دژی ئەوەن، ئەنجومەنی نوێنەران یاسای باری کەسێتی عێراق ساڵی 1959 هەموار بکرێت و ڕێکخستنی ژیانی خێزانی عێراقی لەسەر بنەمای مەزهەبەکانی شیعە و سوننە دابڕێژرێتەوە.
پوختەی هەموارە پێشنیازکراوەکە:
لە هەموارەكەدا هاتووە: ماددەی دووەمی یاساكە بەم جۆرەی لێ دەكرێت:
- هەر ژن و پیاوێكی عێراقی دەتوانێت حوكمەكانی مەزهەبی شیعە یان سوننە لە گرێبەستی هاوسەرگیرییەكەی دەستنیشان بكات.
- ئەوانەی پێشتر ئەو مەزهەبەیان دەستنیشان نەكردووە، كە دەیانەوێت، بۆیان هەیە داواكارییەك پێشكەش بە دادگای باری كەسێتی بكەن و دادگاش پێویستە لەسەری وەڵامی داواكارییەكە بداتەوە.
- ئەگەر ژن و پیاو ناكۆك بوون لە بارەی ئەو مەزهەبەی ببێتە بنەمای گرێبەستەكەیان، ئەوا گرێبەستەكە لەسەر مەزهەبی پیاوەكە دەكرێت. ئەگەریش لە خێزانەكەدا كێشە هەبوو لەسەر دیاریكردنی سەرچاوەی حوكمەكانی مەزهەبێك، ئەوا دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ڕای شەرع.
- ئەوانەی مەزهەبێك دەستنیشان دەكەن، سەرجەم حوكمەكانی ئەو مەزهەبە لەسەر گرێبەستەكەیان جێبەجێ دەكرێت.
- پێویستە ئەنجومەنی زانستیی لە دیوانی وەقفی شیعە و ئەنجومەنی زانستی و فەتوای دیوانی وەقفی سوننە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای دادوەری بەندەكانی حوكمی شەرعی لە بواری باری كەسێتی بە گوێرەی مەزهەبەكانیان لە ماوەی شەش مانگدا ئامادە بكەن. بۆ شیعە دەبێت لەسەر فیقهی مەزهەبی جەعفەری بێت و بۆ سوننەش لەسەر بنەمای مەزهەبەكە دەبێت.
- ئەگەر لە مەزهەبی جەعفەریدا، كێشەیەك چارەسەری دیار نەبوو، ئەوا دەگەڕێنەوە بۆ ڕای مەرجەعی مەزهەبەكە كە زۆرینەی شیعەی عێراق پەیڕەوی دەكەن و ڕای شارەزایانی فیقهی جەعفەری لە نەجەف وەردەگیرێت، بۆ سوننەش دەگەڕێنەوە بۆ ئەنجومەنی زانستیی و فەتوا.
- دادگاكانی باری كەسێتیی دەبێت ئەو گرێبەستانەی هاوسەرگیری پەسند بكەن، كە لە نێوان ژن و پیاوێكی پێگەیشتووی موسڵمان لە دەرەوەی دادگا و لە لای ڕێگەپێدراوێكی شەرعی یان یاسایی لە لایەن دادگاوە، یاخود لە دیوانەكانی وەقفی سوننە و شیعە واژوو كراون، ئەگەر پایەكانی گرێبەستیان تێدا بێت و هیچ ڕێگرییەك لەبەردەمیاندا نەبێت.