فڕۆکەخانەی سلێمانی
سبەی
دوای زیاتر لە دوو ساڵ و نیو قەدەغەی گەشتە ئاسمانیەكان بۆ سلێمانی و پێنج جار درێژكردنەوەی، توركیا بڕیاریداوە قەدەغەی گەشتی ئاسمانی بەڕووی فڕۆكەخانەی سلێمانی هەڵبگرێت.
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی ئەنادۆڵ كە ئاژانسێكی فەرمیی حكومەتی توركیایە، یەحیا ئوستون بەرپرسی راگەیاندنی هێڵی فڕۆكەوانیی توركیش ئێرلاینز رایگەیاندووە "بەزوویی گەشتەكانمان بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی دەستپێدەكەینەوە".
بڕیارەكە لە كاتێكدایە، رۆژی 6/10/2025 لە ئاگادارینامەیەكدا دەسەڵاتی فڕۆكەوانی شارستانی توركیا ماوەی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی بەڕووی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی تـا ٢٠٢٦/١/٦ درێژكردەوە، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێكی فڕۆكەخانەی سلێمانی.
ئەو رۆژە رێباز محەمەد بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی بە سبەی راگەیاند، "گەشتەكان بۆ توركیا دەبوایە ئەمڕۆ دەستی پێبكردایەتەوە، بەڵام دوبارە راگرتنی درێژكراوەتەوە، ئێمەش سەرمان لەو بڕیارە سوڕماوە لەكاتێكدا پرۆسەی ئاشتی لە سلێمانییەوە دەستیپێكردووە".
زیاتر لە دوو ساڵ و نیوە گەشتەكان راگیراون
توركیا لە نیسانی 2023 ەوە گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی راگرتووە، بەتۆمەتی بوونی چالاكی پەكەكە لە سنوری پارێزگاكە، هەرچەندە دەسەڵاتدارانی خۆجێی سلێمانی بەردەوام ئەو تۆمەتە رەتدەكەنەوە.
تا ئێستا توركیا بەفەرمی پێنج جار ماوەی سزاكەی درێژكردووەتەوە بەڵام درێژ كردنەوەی كۆتایی رەنگە زۆر نەخایەنێت، بەهۆی ئەو بڕیارە نوێیەی هێڵی توركیش ئێرلاینز ئاماژەی پێداوە، بەهۆی داخستنی ئاسمانی توركیا بەرووی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، فڕۆكەخانەكە زیانێكی زۆری بەركەوتووە و گەشتەكانیشی بەشێوەی مانگانە بەرێژەی 40% كەمبووەتەوە.
"سبەی" قسەی لەگەڵ ژمارەیەك كۆمپانیای فڕۆكەوانی كرد، كە گەشتیار بۆ توركیا دەگوازنەوە و ئاماژەیان بەوەكرد، بڕیارەكەی توركیا گرفتی زۆری بۆ دروستكردوون و زیانی پێگەیاندوون و ناچار بوون گەشتیاران لە فڕۆكەخانەكانی هەولێر و كەركوكەوە رەوانەی توركیا بكەن.
كۆمپانیاكان كەوتونەتە زیانەوە
ئاماژەیان بەوەشدا، زۆربەی گەشتیاران داوا دەكەن دوبارە بتوانن لە سلێمانییەوە گەشتەكان دەستپێبكاتەوە و ڕێگای گەشتیان درێژ نەبێتەوە، سەرباری ئەوە كۆمپانیاكان كەوتونەتە زیانەوە.
لەدوای داخستنی ئاسمانی توركیا بەرووی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، چەندینجار بەرپرسانی سلێمانی و یەكێتی لەگەڵ بەرپرسانی توركیا گفتوگۆیان كردووە بۆ هەڵگرتنی سزاكە بەڵام سەرجەمیان بێ ئەنجام بوون.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا چەند مانگێك لەمەوبەر لەكۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ شاندێكی پەرلەمانی عێراق وەزیرە پەیوەندیدارەكان و تیمەكەی راسپارد، هەڵسەنگاندن بۆ هەڵگرتنی سزاكانی وڵاتەكەی لەسەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بكەن و لەئەنجامەكەی ئاگاداری بكەنەوە.
هەروەها ئارمان تۆپچو، كونسوڵی گشتیی توركیا لە هەرێمی كوردستان پێشتر رەتیكردبووەوە سزادانی فڕۆكەخانەی سلێمانی لەلایەن وڵاتەكەیەوە سیاسی بێت و ئاماژەی بەوەكردبوو "هۆكارەكە پرسی نیگەرانی ئەمنییە، ئەمەبابەتێكی كارگێڕییە، توركیا چەند چاوەڕوانییەكی هەیە، لە ئەگەری جێبەجێكردنی ئەم چاوەڕوانییانە و رەواندنەوەی ئەم نیگەرانییانە، دڵنیام لە بابەتی فڕۆكەخانەكە، ڕێكخستنێك دەكرێت".
بەڵام سەرچاوەیەك لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی پێشتر بۆ "سبەی" ئاماژەی بەوەدابوو پرسەكە بەتەواوی سیاسییە.