ترامادۆڵ؛ کاریگەری سنوردار و دوو هێندە مەترسیی

#ترامادۆڵ#زیان
10 کاتژمێر لەمەوپێش
بەهادین عەلی
پوختە :
  • توێژینەوەیەکی زانستی کە لە گۆڤاری BMJ Evidence-Based Medicine بڵاوکراوەتەوە ئاشکرایکردووە، دەرمانی ترامادۆڵ، کە بە شێوەیەکی بەرفراوان بۆ چارەسەرکردنی ئازار بەکاردەهێنرێت، ئەگەری تووشبوون بە ئاڵۆزییە تەندروستییە مەترسیدارەکان زیاد دەکات، دیارترینیان نەخۆشییەکانی دڵە.
Primary Asset

سبەی

کاریگەری ترامادۆڵ لە کەمکردنەوەی ئازاردا کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە، لە کاتێکدا بەپێی توێژینەوە نوێییەکان زیانەکانی لە سودەکانی زیاترە. بەگشتی بەهایەکی گرنگی لە چارەسەرکردنی نەخۆشییە جۆراوجۆرەکاندا نەماوە.

توێژینەوەیەکی زانستی کە لە گۆڤاری BMJ Evidence-Based Medicine بڵاوکراوەتەوە ئاشکرایکردووە، دەرمانی ترامادۆڵ، کە بە شێوەیەکی بەرفراوان بۆ چارەسەرکردنی ئازار بەکاردەهێنرێت، ئەگەری تووشبوون بە ئاڵۆزییە تەندروستییە مەترسیدارەکان زیاد دەکات، دیارترینیان نەخۆشییەکانی دڵە.

توێژینەوەکە، کە لەسەر بنەمای شیکارییەکی گشتگیر بووە، ئاماژەی بەوە کردووە، زیانەکانی ترامادۆڵ لە سوودە سنووردارەکانی زیاترە، داواشی کردووە لە بەکارهێنانی پزیشکیدا بخرێتە ژێر رێنمایی توندەوە.

زیادبوونی بەکارهێنانی ترامادۆڵ

ترامادۆڵ بەکاردەهێنرێت بۆ چارەسەرکردنی ئازاری مامناوەند بۆ توند. لەم ساڵانەی دواییدا بووەتە یەکێک لەو دەرمانانەی  کە زۆرترین بەکارهێنانی هەیە لە ئەمەریکادا، ئەمەش لەکاتێکدایە کە باوەڕێک لەنێو پزیشکاندا بەربڵاوە، کە بە بەراورد بە ئازارشکێنەکانی دیکە، کەمتر کاریگەرییە لاوەکییەکان دروستدەکات.

بەڵام توێژەران ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ئەم باوەڕە بە بەڵگەی زانستی پشتگیری ناکرێت، چونکە توێژینەوەکانی پێشوو هەڵسەنگاندنێکی گشتگیریان بۆ کاریگەری و سەلامەتی ترامادۆڵ لە جۆرە جیاوازەکانی ئازاردا پێشکەش نەکردووە. 

شیکاری زیاتر لە 6000 نەخۆش 

توێژینەوەکە زانیارییەکانی 6506 کەسی تێدایە، کە بەدەست جۆرە جیاوازەکانی ئازاری درێژخایەنەوە دەناڵێنن، لەوانە ئازاری دەمار، هەوکردنی ئێسک و جومگەکان، ئازاری درێژخایەنی بڕبڕەکانی پشت و ئازاری ریشاڵی ماسولکەیی.

کاریگەری سنووردار و دوو هێندە مەترسییەکان

ئەوانەی ترامادۆڵیان بەکارهێناوە ئەگەری تووشبوونیان بە کاریگەرییە لاوەکییەکان دوو هێندە زیادیکردووە، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە کێشەکانی دڵەوە هەبووە، وەک ئازاری سنگ و نەخۆشی خوێنبەرەکان و سستبوونی دڵ. هەروەها زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە هەندێک جۆری شێرپەنجە لەنێو بەکارهێنەرانی دەرمانەکەدا بەدیکرا.

توێژەران: زیانەکانی ترامادۆڵ راستەقینەن

توێژەران ئاماژەیان بەوەشکردووە، نزیکەی 60 ملیۆن کەس لە جیهاندا بەدەست ئالوودەبوون بە مادەی ئەفیۆن (کە پێکهاتەی سەرەکی ترامادۆڵە) دەناڵێنن. لەکاتێکدا ئەفیۆن بووەتە هۆی مردنی 600 هەزار کەس لە ساڵی 2019دا.

تەنها لە ئەمەریکا ژمارەی مردن بەهۆی خواردنی ژەمی زیادەی ئەفیۆن  لە 49,860 کەس لە ساڵی 2019 بۆ 81,806 لە ساڵی 2022 بەرزبووەتەوە، ئەمەش زیادبوونێکە کە توێژینەوەکە بە مەترسیدار ناویدەبات.

زیانەکانی لە سودەکانی زیاترن

لە کۆتاییدا توێژینەوەکە گەیشت بەم دەرئەنجامە، "بەڵگەکانی ئێستا پێشنیازی ئەوە دەکەن، کە زیانەکانی پەیوەست بە بەکارهێنانی ترامادۆڵ بۆ ئازاری مامناوەند و توند، بە روونی لە سوودە سنووردارەکانی زیاترن".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی