موقتەدا سەدر
سبەی
لە کاتێکدا تەنها یەک مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، زۆر پرسیار سەریان هەڵداوە سەبارەت بەوەی چی ئەم پرۆسەی هەڵبژاردنە، لە پرۆسەکانی پێشوو جیا دەکاتەوە و دەتوانێت چی بۆ دیمەنی سیاسی بەرهەم بهێنێت، بەتایبەتی لە ژێر رۆشنایی گۆڕانکارییە زۆرەکان لەسەر ئاستی ناوخۆیی، هەرێمایەتی و جیهانی.
"مەیلی رۆژئاوایی"
سەبارەت بەوەی تا چەند ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەرییان لەسەر ژیانی سیاسی عێراق دەبێت، لەتیف مەهداوی توێژەری کاروباری سیاسی عێراق رایگەیاند، "کەشی گشتی لە پەرلەمانی نوێدا هاوئاهەنگ دەبێت لەگەڵ رۆژئاوادا، واتە سەرهەڵدانی بلۆکە پەرلەمانییەکان تاڕادەیەک لە هەژموونی ئێران دوور دەخرێنەوە".
مەهداوی بە پێگەی ئیستقلالی وتووە: ئێران بەرێژەیەک گۆڕانکارییەک لە عێراق قبوڵ دەکات، کە لە بەرژەوەندی ئەمەریکا بێت، بەڵام بەو مەرجەی کە کاریگەرییەکی بەرچاو لە هەژموونی ئابووری، سیاسی و هزری خۆی لە عێراق دروست نەکات. لە هەمان کاتدا بە بیرۆکەی چەکداماڵینی گروپە چەکدارە شیعەکان رازییە، بەڵام گرەنتی مانەوەیان لە رووە سیاسیەکەوە بکات. لەگەڵ ئەوەشدا لاری نییە لە داڕشتنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی و تێکەڵکردنیان لەگەڵ هێزەکانی سووپای عێراقدا.
توێژەرەکە پێی وایە "بەڵێ زۆرەکانی ئێران پەیوەستن بە رادەی ئەو گوشارەی کە دەخرێتە سەری. هەروەها وەڵام نەدانەوەی، دەتوانێت کاردانەوەی لێبکەوێتەوە کە زیانی پێ بگەیەنێت. ئەگەر بابەتەکان لە عێراق بەتەواوەتی بە قازانجی پاراستنی هەژموونی ئێستای یەکلایی بکرێنەوە، ئەوا تێدەگات کە واشنتۆن توانای چی هەیە لە سەردەمی حکومەتێکی ئەمەریکادا، کە ململانێ دەکات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی".
بە وتەی مەهداوی، "پێدەچێت عەدنان زورفی، پەرلەمانتاری ئێستا و سەرۆک وەزیرانی پێشووی راسپێردراوی عێراق، سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق بێت، بەڵام لایەنگری توندی بۆ ئەمەریکا و نەبوونی بلۆکێکی بەهێزی پاڵپشتیکردنی، خاڵی لاوازیەتی".
ئاماژەی بەوەشکرد، "حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشوو، چارەسەرێکی گونجاوە بۆ حزبی دەعوەی شیعە و رەوتی حیکمە و تەنانەت هێزە سوننەکانیش بە گشتی. تایبەت بە لایەنە کوردییەکانیش، ئەوا چاوەڕێی هەڵوێستی ئەمەریکا دەکەن و دواتر خۆیان یەکلایی دەکەنەوە".
سەبارەت بە نەبوونی رەوتی سەدری بۆ یەکەمجار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ومەهداوی رایگەیاند، "پلانی سەدرییەکان هێشتا روون نییە، بەڵام دڵسۆزی ئەو پەرلەمانتارانە دەکڕن، کە لەسەر لیستە شیعییەکانی دیکە خۆیان کاندید دەکەن، لە بەرامبەر بەدەستهێنانی دەنگەکانی بزووتنەوەکە".
لەتیف مەهداوی دەڵێت "ئەگەر بزووتنەوەی سەدر ئەم مانۆڕە ئەنجام بدات، بە لەبەرچاوگرتنی هاندانی شوێنکەوتووانی بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدانەکانیان تەنانەت لە کاتی بایکۆتی هەڵبژاردنیشدا، ئەگەر دڵسۆزی 70پەرلەمانتار بەدەستبهێنێت. ئەمە دەبێتە گۆڕینی یارییەکە".
لە 15ی حوزەیرانی 2022دا، سەدر بایکۆتی "تەواو"ی پرۆسەی سیاسی لە عێراق راگەیاند، هاوکات دووپاتی کردەوە، کە بەشداری هیچ هەڵبژاردنێکی داهاتوو ناکات، بۆئەوەی هاوکاری لەگەڵ سیاسەتمەدارانی "گەندەڵ" نەکات.
"گۆڕانکاری لە نەخشەی سیاسیدا"
ئیاد سابت توێژەری عێراقی رەتیکردەوە، کە گۆڕانکارییەکی گەورە لە نەخشەی سیاسیدا رووبدات. ئەمەش لەبەرئەوەی "لە لیستە شیعەکان کاندیدی سوننە هەن، دەنگەکانیان دەچێتە قازانجی لیستەکە". سابت بە ئیستقلالی راگەیاند: "حیساباتی تائیفی دیمەنی سەرەکی دەبن لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا، بەتایبەتی لە لایەنی شیعەوە. رەنگە ناوی هەندێک لیست بگۆڕێت و لیستی نوێ سەرهەڵبدات، بەڵام لە ناوەڕۆکدا هەمووان پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە".
توێژەرەکە پێشبینیشی کردووە "بلۆکی سوننە لە پەرلەمانی داهاتوودا لە 80 کورسی تێپەڕناکات، چونکە جەماوەری سوننە بڕوایان بە پرۆسەی هەڵبژاردن نییە و بەشێوەیەکی چالاکانە بەشداری ناکەن، بەتایبەتی لە پارێزگا تێکەڵاوەکان، بەتایبەتی تریش لە بەغداد. لەبەرئەوەی ئەوان پێیان وایە کاریگەرییەکی دەرەکی رێگری دەکات، لەوەی هیچ هاوبەشییەکی راستەقینەیان هەبێت لە بڕیاردانی سیاسی و ئەمنی لە وڵاتدا".
"دڵسۆزی سیاسی"
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆژنامەوانی عێراقی، هەڵبژاردنی ئەمساڵ لە کەشێکی ئەمنی تاڕادەیەک باشتر لە ئەزموونەکانی پێشوودا بەڕێوەدەچێت. عێراق هیچکات زەمینەیەکی لەباری هەڵبژاردن وەکو ئێستا لەڕووی ئەمنییەوە نەبووە.
سەبارەت بە پێگەی لایەنە سیاسییەکان، راپۆرتەکە جەختی لەوە کردووەتەوە "لە کاتێکدا بنکە جەماوەرییەکانی لایەنەکان تووشی پاشەکشەکردن بووە، رەوتی سەدر بە بەهێزی و سەقامگیری بنکەکە جەماوەرییەکەی جیادەکرێتەوە. بەجۆرێک ئەندامەکانی پابەندن بە بەشداریکردن یان بایکۆتکردن بەپێی رێنماییەکانی موقتەدا سەدر، لە نمایشێکی دەگمەنی دڵسۆزی سیاسیدا".
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، سەرەڕای دووبەرەکی روونی نێوان هێزە شیعەکان، بەدیاریکراوی لە نێوان سودانی و رکابەرەکانیدا، هاوکات لەگەڵ گوشارەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران و سەرهەڵدانی هێزی نوێی سوننە لە سوریا لە کۆتاییدا یەکدەگرنەوە.
سەبارەت بە ماڵی کوردیش، سەرەڕای سەرهەڵدانی حزبە ئۆپۆزسیۆنە عەلمانی و ئیسلامییەکان، نوێنەرایەتی کورد زیاتر لەناو دوو حزبەکەدا دەمێنێتەوە، ئەوانیش پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر و دهۆک و بەشێکی نەینەوا و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە سلێمانی و کەرکوک و بەشێکی دیالە.
لای خۆیەوە گۆڕەپانی سیاسی سوننە گەواهیدەری پارچەپارچەبوون و گۆڕانکاری بەردەوامە، لەگەڵ نەمانی کەسایەتییە کۆنەکانی وەک حزبی ئیسلامی و تاریق هاشمی و بنەماڵەی نوجەیفی لە دوای ساڵی 2014 و دەرکەوتنی سەرکردە نوێیەکانی وەک خەمیس خەنجەر و محەمەد حەلبوسی لە دوای ساڵی 2021.
لە کۆتاییدا ئاژانسی رۆژنامەوانی عێراقی باسی لەوەکردووە"هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ لە کەشی ئەمنی و جیۆپۆلەتیکی جیاوازدا بەڕێوەدەچن، بەڵام ئامراز و چانسی لایەنەکان بە ئاشنایی دەمێننەوە، رەنگە تەنها سوپرایزەکان بە تەواوی دیمەنەکە پێچەوانە بکەنەوە".