سبەی
بەپێی ئەو زانیارییانە لە ژمارەیەک لاپەڕی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک و ئێکس بڵاوکراونەتەوە، هەریەک لە ئیلهام ئەحمەد و شێروان شێروانی وەک دوو کەسایەتی کاریگەری ساڵ پاڵێوراون بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی 2025.
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، وەک ڕێزلێنانێک بۆ هەوڵەکانی لە پشتگیریکردنی گفتوگۆی نێوان لایەنە سورییەکان، پەرەپێدانی پێکەوەژیان لەنێوان پێکهاتەکان و بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان و کۆمەڵگە جیاوازەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پاڵێوراوە بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە.
شێروان شێروانیش، کە ئێستا لە زینداندایە لە پای هەوڵەکانی بۆ بەرگری کردن لە ئازادی بیروڕا و رۆژنامەگەریی کاندید کراوە.
چەندین کەسی دیکە لە لیستی پاڵێوراواندان لە سەروی هەموویانەوە (ئیلۆن مەسک، دۆاڵد ترەمپ، عومران خان، پاپا فرانسیس) و چەندین کەسایەتی لە وڵاتانی دیکەی جیهانەوە.
ترەمپ شایستەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە
دوێنێ پێنجشەممە (9ـی تشرینی یەکەمی 2025) ئیسحاق هێرسبوگ، سەرۆکی ئیسرائیل، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردەوە، بێگومان دۆناڵد ترەمپ شایستەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە. بەرامبەر هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەنێوان ئیسرائیل و حەماس بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە، رێککەوتنەکە دەرفەتی ئاشتەوایی و کردنەوەیەکی ئاسۆیەکی نوێ و هیوایە بۆ ناوچەکە.
هەڵوێستەکەی سەرۆکی ئیسرائیل دوای ئەوە هات، کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە بڵاوی کردەوە، گەیشتونەتە رێککەوتن بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان. لە چەند رۆژی داهاتوودا قۆناغی یەکەمی رێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرێت.
ترەمپ: چەندین جەنگم کۆتایی پێهێناوە و شایستەی نۆبڵم
پێشتریش لە وتارێکدا لە بەردەمی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند: بە کردەیی ژمارەیەک جەنگی کۆتایی پێهێناوە، لەوکاتەی لەسەرەتای ئەمساڵەوە گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی، لە پای هەوڵەکانی شایستەی ئەوەیە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبدرێت.
خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی نادرێت بە ترەمپ
لیژنەی خەڵاتی نۆبڵی نەرویجی لە ئۆسلۆ كۆتایی بە چاوەڕوانییەكان دەهێنێت. بڕیارە سبەینێ هەینی (10ـ تشرینی یەکەمی 2025) براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی رابگەیەنێت، ئەوەی هەیە تائێستا شتێك نزیكە لە دڵنیاییەوە: ترەمپ سەرەڕای خواستی خۆی، خەڵاتەكە ناباتەوە.
پیتەر والێنشتاین، پرۆفیسۆری سویدی و شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، "نەخێر، ترەمپ ئەمساڵ سەرناكەوێت، ڕەنگە ساڵی داهاتوو، تا ئەوكاتە ئاڵۆزییەكان لە ناوچەكە چارەنووسیان یەكلایی دەبێتەوە، لەنێویاندا قەیرانی غەززە".
زۆرێك لە شارەزایان بانگەشەكانی ترەمپ سەبارەت بە ڕۆڵی "ئەرێنییەكەی" بە زیادەڕەوی دەزانن و نیگەرانی خۆیان لە دەرئەنجامەكانی سیاسەتەكانی دۆناڵد ترەمپ بۆ "ئەمەریكا یەكەم" دەردەبڕن.
لای خۆیەوە نینا گرایگەر، سەرۆكی دامەزراوەی توێژینەوەی ئاشتی ئۆسلۆ دەڵێت: “لە دەرەوەی هەوڵی نێوەندگیری لە قەیرانی غەززە، سیاسەتگەلێكمان بینی كە لە ڕاستیدا دژایەتی مەبەست و ناوەڕۆكی ئیرادەی ئەلفرێد نۆبڵ دەكات، كە بریتی بوو لە پەرەپێدانی هاوكاری نێودەوڵەتی و برایەتی نێوان گەلان و داماڵینی چەك.
بە وتەی گرایگەر، لیستی ئەو كارانەی ترەمپ كە لەگەڵ ئایدیاڵەكانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیدا ناتەبایە.
بژاردەیەكی بێ مشتومڕ
ئەمساڵ 338 كەس و دامەزراوە بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی كاندید كراون، بەڵام لیستی پاڵێوراوان بۆ ماوەی 50 ساڵ بە نهێنی ماوەتەوە.
دەیان هەزار كەس لە سەرانسەری جیهان، لەوانە یاسادانەران، خاوەنەكانی پێشووی خەڵاتی نۆبڵ، بەشێك لە مامۆستایانی زانكۆ و ئەندامانی لیژنەی نۆبڵ، مافی كاندیدكردنیان هەیە.
لە 2024 خەڵاتەكە بەخشرایە كۆمەڵەی ڕزگاربووانی بۆمبی ئەتۆمی ژاپۆن بەهۆی هەوڵەكانی بۆ قەدەغەكردنی چەكی ئەتۆمی.
بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ هیچ پاڵێوراوێكی بەرچاو نییە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەند ناوێك لە ئۆسلۆدا بڵاوبوونەتەوە. لەنێویاندا ژووری بەرپەرچدانەوەی فریاگوزاری سودان، كە تۆڕێكە لە خۆبەخشەكان كە ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ یارمەتیدانی ئەو كەسانەی كە گیرۆدەی شەڕ و برسێتی بوون.
هەروەها یولیا ناڤالنایا، هاوسەرەکەی ئەلێكسی ناڤالنی ڕەخنەگری كرێملین و كۆمیسیۆنی ئەوروپا یەکێکن لە کاندیدەکان.
لای خۆیەوە هالۆرد لیرا، بەڕێوەبەری ئینستیتیوتی نەرویجی بۆ كاروباری نێودەوڵەتی دەڵێت: هەڵبژاردنەكانی لیژنەكە لە ساڵانی ڕابردوودا گەڕاوەتەوە بۆ پرسە نەریتییەكانی ئاشتی، گرنگیدان بە مافەكانی مرۆڤ، دیموكراسی، ئازادی ڕۆژنامەگەری و ژنان. ئاماژەی بەوەشكردووە، پێشبینی ئەوەیە ئەمساڵ پێدەچێت براوە كەسێك بێت كە زۆر مشتومڕی لەسەر نەبێت.
هەروەها كۆمیتەی نۆبڵ دەتوانێت خەڵاتەكە بداتە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، یان یەكێك لە دەزگاكانی وەك كۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان یان ئۆنرۆوا، دەزگای فریاگوزاری فەلەستین، بۆ ئەوەی جەخت لەسەر پابەندبوونی خۆی بكاتەوە بەو نەزمە جیهانییەی كە ئێستا لەلایەن ترەمپەوە ئاڵنگاری دەكرێت.
لەوانەیە یەكێك لە ڕێكخراوە جیهانییەكان لەوانەش دادگا نێودەوڵەتییەكانی وەك دادگای نێودەوڵەتی یان دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەكان، یان لیژنەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان یان پەیامنێرانی بێ سنوور، بۆ بەرگریكردن لە ئازادی ڕۆژنامەگەری، كە ئەمڕۆ لە ژێر فشاردایە وەك براوەی خەڵاتی نۆبڵ هەڵبژێردرێن، بەڵام وەك چۆن لە ڕابردوودا چەندین جار ڕوویداوە، ڕەنگە لیژنەكە لە كۆتاییدا براوەیەكی تەواو چاوەڕواننەكراو هەڵبژێرێت.
ناوی پاڵێوراوان بۆ وەرگرتنی نۆبڵی ئاشتی