سبەی
محەمەد شیرین تاشدەمیر کە لە گرتوخانەی کارابوک زیندانی کرابوو، دوای حەوت جار دواخستن و 32 ساڵ مانەوەی لە گرتوخانە جیاوازەکانی تورکیا، ئازاد کرا.
تاشدەمیر لە 24ـی ئەیلولی 1993 لە ناوچەی لیجەی ئامەدی باکوری کوردستان دەستبەسەر کرا و لەلایەن دادگای ئاسایشی دەوڵەتەوە سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا.
تاشدەمیر کە بە پاساوی جیاجیا 7 جار ئازادکردنی دواخرا، دوای ئازادکردنی لە زێدی خۆی لە شاری ئامەد لە لایەن خێزان و بنەماڵەکەی و نوێنەرانی ژمارەیەک دامودەزگا و رێکخراوەکان و هاووڵاتییانەوە پێشوازی لێکرا.
لە وێستگەی پاسەکانی شار بە چەپڵە و دروشمی "بژی بەرخۆدانی زیندانەکان" پێشوازی لە تاشدەمیر کرا. دوای ئەو پێشوازییە پڕ لە جۆش و خرۆشانە، تاشدەمیر چووە ماڵەکەی خۆی لە ناحیەی پەیاس.
ئەوە لەکاتێکدایە هەر دوێنێ پێنجشەممە، محەمەد ساڵح ئەردەن، چالاکوانی کوردی باکوری کوردستان لە زیندانی ئاسایشی باڵای خارپێت زیندانی کرابوو، دوای 30 ساڵ ئازادکرا. دوای ئازادکردنی گەڕایەوە شەرناخ و پێشوازییەکی جەماوەریی گەورەی لێکرا و گەڕایەوە بۆ ماڵەکەی لە گەڕەکی تورگوت ئۆزال لە هەزەخ.
پەرلەمانتاری دەم پارتی محەمەد زەکی ئیرمەز لەکاتی پێشوازیکردن لە ئەردەن ئاماژەی بە بەرخۆدانی چالاکوانانی کورد کرد و رایگەیاند: "تا ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان بەشێوەی جەستەیی ئازاد نەبێت، ئەم بەرخۆدانە بەردەوام دەبێت".
لەبەرامبەردا، محەمەد ساڵەح ئەردەن دڵخۆشی خۆی دەربڕی و رایگەیاند: تا هەموو هەڤاڵەکانمان لە زیندانەکان دەرنەچن و ڕێبەرێتیمان بەشێوەی جەستەیی ئازاد نەبێت، با کەس لە دەرەوە نەڵێت ئازادم.
وتیشی: "تا ئازادبوونی هەموو هەڤاڵەکانمان بەرخۆدانمان بەردەوام دەبێت. هەموو ڕەنجی ئێمە بۆ وڵاتێکی ئازاد بوو، ڕۆژەکانی ئازادی لە هەموو کاتێک نزیکترن. ئێمە قوربانی زۆرمان دا، بەڵام ئازادی نزیکە".
محەمەد ساڵەح ئەردەن لە لە زیندانی ئاسایشی باڵای ژمارە 2ـی خارپێت زیندانی کرابوو،دوای 30 ساڵ شەوی چوارشەممە ئازادکرا. ئەردەن لە ساڵی 1995 لە ناوچەی هەزەخی شەرناخ دەستبەسەرکرا، لە دادگای ئاسایشی دەوڵەت دادگایی کرا و سزای هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا. لە 11ـی کانوونی دووەمی 2025، ئازادکردنی بۆ ماوەی شەش مانگ دواخرا. لەماوەی ئەم 30 ساڵەدا، ئەردەن لە زینداکانی ئامەد و ئۆردو و سێرت و ئەرزەڕۆم و ئۆتلو و گوموشخانە زیندانی کراوە.
لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، بە پاساوی دروستکردنی گروپی جوداخواز و پەیوەندی بە پەکەکە و تێکدانی ئاسایشی وڵات، سەدان چالاکوانی کورد لە باکوری کوردستان دەستگیرکراون و سزای زیندانی هەتاهەتایی قورسکراویان بەسەردا سەپێنرا.
دوای بەسەربردنی 30 ساڵ زیندانی، هێشتا ژمارەیەکی زۆریان ئازاد نەکراون، بە پاساوی جیا جیای وەک ئەوەی ئامادەین پاشگەزبونەوە بنوسن، یان هێشتا مەترسیین، لەکاتێکدا بەشێکی زۆریان تووشی نەخۆشی جۆراو جۆری درێژخانەین بوون، کە مەترسی لەسەر ژیانیان دروستکردووە.