سبەی
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکرای کرد، رەشنووسی رێککەوتنێکیان لەبارەی ئاوەوە لەگەڵ تورکیا داڕشتوەتەوە و بەمنزیکانە واژۆی دەکەن. ئاماژەی بەوەکرد لەگەڵ سوریا لێکتێگەیشتنی باشیان هەیە بۆ روبەڕوبونەوەی داعش و گروپە تیرۆرستییەکان.
دوای سەردانەکەی بۆ ئەنقەرە و کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاکان فیدان هاوتا تورکییەکەی رایگەیاند: ئامانجی سەردانەکەمان گفتوگۆکردن بووە لەسەر دۆسیەی ئاو، گەیشتووینەتە لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەگەڵ لایەنی تورکی لەسەر رەشنوسی رێککەوتنێکی بەپەلە سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن و بەڕێوەبردنی ئاو و بەمنزیکانە رێککەوتنە واژۆ دەکرێت.
ئاماژەی بە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوولا کرد و رایگەیاند: پەیوەندییەکی قوڵ و دراوسێیەتی باش لەگەڵ تورکیا هەیە، دڵخۆشین بە دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا، لە ئەنجامی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق.
وەزیری دەرەوەی عێراق، ئەوەی خستەڕوو کە گفتوگۆی چڕیان لەگەڵ لایەنی تورکی و ژمارەیەک وڵاتی دیکەی دراوسێ و ناوچەکە کردووە سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.
فوئاد حسێن، پەیوەندییەکانی عێراق و سوریای بە باش باسکرد و رایگەیاند: پەیوەندی و چاوپێکەوتنی بەردەوام هەیە لەنێوان بەرپرسانی هەردوولا بۆ هەماهەنگی بەتایبەتی لە بواری روبەڕوبوونەوەی داعش و هیوادارن بگەنە لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەگەڵ لایەنی سوریا لە پێناو روبەڕوبونەوەی گروپە تیرۆریستییەکان.
هەروەک ئاماژەی بە رێککەوتنی غەززە کرد، کە دەبێتە هۆی هێورکردنەوەی دۆخەکە و رۆڵی تورکیای لە گەڵاڵەکردن و پەسەندکردنی رێککەوتنامەکە بەرز نرخاند، هیوای خواست یارمەتییە مرۆییەکان بە زوترین بگاتە فەلەستیینییەکان لە غەززە.