ئاگربەست چووە بواری جێبەجێکردنەوە .. سوپای ئیسرائیل لە شاری غەززە دەکشێتەوە

#غەززە#رێککەوتن#ئاگربەست#ئیسرائیل#بارمتە
7 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی حکومەتی ئیسرائیل رێککەوتنی ئاگربەستی غەززەی پەسەندکرد، لە پێناو ئازادبوونی سەرجەم بارمەتەکان بە زیندوو و مردووەکانەوە
  • سوپای ئیسرائیل دەستی بە پاشەکشە کردووە لە چەند ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی شاری غەززە لە باکوری کەرتی غەززەی فەلەستین
  • هێرشی ئاسمانی و مووشەکی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی خان یونس و شاری غەززە بەردەوامە
Primary Asset

سبەی

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی حکومەتی ئیسرائیل رێککەوتنی ئاگربەستی غەززەی پەسەندکرد، لە پێناو ئازادبوونی سەرجەم بارمەتەکان بە زیندوو و مردووەکانەوە. سوپای ئیسرائیل دەستی بە پاشەکشە کردووە لە چەند ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی شاری غەززە. هاوکات هێرشی ئاسمانی و مووشەکی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی خان یونس و شاری غەززە بەردەوامە.

نوسینگەی بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە، حکومەتی ئیسرائیل رەزامەندی نیشانداوە لەسەر راگەیاندنی ئاگربەست و رێککەوتنی غەززە لە پێناو ئازادبوونی سەرجەم بارمتەکان، بە وەرگرتنەوەی تەرمی ئەوانەشەوە کە گیانیان لەدەستداوە.

کۆبونەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی حکومەتی ئیسرائیل، بە ئامادەبوونی ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جارید کۆشنەر، زاوا و راوێژکاری پێشووی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەچوو. دوێنێ پێنجشەممە دوای کۆبونەوەیان لەگەڵ نوێنەرانی حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی میسر و قەتەر و تورکیا لە شەرەم شێخی میسر و راگەیاندنی رێککەوتنی غەززە بەرەو تەلئەڤیڤ بەڕێککەوتن.

کەناڵی 12ـی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، حکومەتی رەزامەندی لەسەر قۆناغی یەکەمی رێککەوتنی غەززە داوە و بەوەش ئاگربەست دەچێتەوە بواری جێبەجێکردنەوە، لەبەرامبەردا شوش پدرسیان وتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاند: دوای 24 کاتژمێر لە پەسەندکردنی ئەوکاتە ئاگربەستی غەززە جێبەجێ دەکرێت.

جەختی کردەوە، پێوستە لەماوەی 72 کاتژمێردا حەماس سەرجەم بارمتەکان ئازاد بکات و تەرمی مردووەکانیش رادەست بکات، نابێت ئەو کارە لە رۆژی دووشەممە تێپەڕێت.

ئاماژەی بەوەکرد، دوای 24 کاتژمێر لە چونە بواری جێبەجێکردنی ئاگربەستەوە، سوپای ئیسرائیل لە بەشێکی ناوچەکانی دەکشێتەوە، بەڵام لە روبەری 53%ـی ئەو ناوچانەی کۆنترۆڵی کردووە دەمێنێتەوە.

سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست و پەسەندکردنی رێککەوتنی غەززە لەلایەن حکومەتی ئیسرائیلەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بە بەردەوامی بەسەر ئاسمانی کەرتی غەززەدا دەسوڕێنەوە و ژمارەیەک هێرشی ئاسمانی و تۆپخانەکانی ئەو وڵاتەش ژمارەیەک هێرشی مووشەکیان بۆ سەر ناوچەکانی خان یونس و شاری غەززە ئەنجامداوە.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی