سبەی
ئەمڕۆ 10 ساڵ بەسەر دامەزراندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات تێدەپەڕێت، لە راگەیەندراوێکیشدا پابەندبوونی خۆی بە پاراستنی گەل و نیشتیمانەکەیان دووپات دەکەنەوە رایدەگەیەنن: ئێستا هەسەدە پایەکی گرنگی سەقامگیری و ئاسایشە و هاوبەشێکی جیهانییە بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆر.
ئەمڕۆ (10ـی تشرینی یەکەمی 2025)، 10 ساڵ بەسەر دامەزراندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات تێدەپەڕێت، لە راگەیەندراوی دامەزراندنیشیدا هەسەدە ئاماژەی بەوەکردووە: لەسەر میرات و قوربانییەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لە تاریکترین قۆناغەکانی سوریا دامەزراون، کە ئاژاوەگێڕی حوکمی دەکرد و سەرجەم بەرەکان هەڵوەشابونەوە، تیرۆریستان دەستیان بەسەر روبەرێکی فراوانی وڵاتەکەدا گرتبوو.
هەسەدە ئاماژەی بەوەکردووە، لە قۆناغێکدا کە زۆرینەی هێزەکان بەرەو شەڕی ناوخۆ دەڕۆیشتن، هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕێگایەکی دیکەیان هەڵبژارد ئەویش بەرگریکردن لە گەل و نیشتیمان بوو. ئاڵای خۆیان بۆ بەرژەوەندی تەسک و خۆپەرستی هەڵنەکرد، سەلماندیان کە تاکە هێزی نیشتمانین و بۆ گەلی سوریا شەڕ دەکەن.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ماوەی دە ساڵدا، شەرڤانانی هەسەدە قوربانییەکی یەکجار زۆریان داوە، خوێنی هەزاران شەهیدیان ڕشتووە کە شار و گوندەکانیان لە دەستی داعش ڕزگار کرد. ملیۆنان هاوڵاتی مەدەنییان لە جینۆساید و ئاوارەبوون پاراست. لە سەنگەرەکاندا شەڕیان بۆ بەرگریکردن لە بەها بەرزەکان کرد، ئاسایشیان لەو شوێنانە چاند کە مردن باڵی کێشابوو بەسەریدا و تیرۆر شوێنپەنجەی خۆی بەجێهێشتبوو.
هەسەدە دەڵێت: شەڕی هێزەکانمان دژی تیرۆر تەنها روبەڕوبوونەوەی سەربازی نەبوون؛ جەنگ بوو لە پێناو کەرامەت و ئەخلاقی نەتەوەیی. بەرگری کردن بوو لە مرۆڤایەتی، سوریایان لە هەڵوەشاندنەوە و داڕمان پاراست. بۆ جیهانیان سەلماند کە ئیرادەی گەلێکی ئازاد توانای سەرکەوتنی بەسەر تاریکیدا هەیە.
هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاندووە: بە پرۆژەی نیشتمانی و دیموکراسی خۆی، مۆدێلێکی ناوازەی خۆبەڕێوەبەری و حوکمڕانی شارستانی دامەزراند، لەسەر بنەمای ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بەشداریی هەموو پێکهاتەکان بەبێ جیاوازیی. ئەم پڕۆژەیە ڕێگایەک بوو بەرەو سوریایەکی دیموکراسی، دوور لە ستەم و تیرۆر.
جەختی کردوەتەوە، هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەمڕۆ بوونەتە پایەیەکی سەقامگیری و ئاسایش لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هاوبەشێکی کاریگەر لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هێزێکی سیاسی و سەربازی بەرپرسیار کە لە ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیدا ڕێزی لێدەگیرێت.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: لەم بۆنە مێژووییەدا یادی شەهیدەکانمان دەکەینەوە کە بە خوێنی خۆیان داستانی ئازادییان نووسیوە. بەڵێن بۆ ئەوان و گەلەکەمان نوێ دەکەینەوە کە هێزەکانی سوریای دیموکرات بە وەفادار بمێنێتەوە بۆ ئەو پرەنسیپانەی کە لەسەری دامەزرا: بەرگریکردن لە گەل، پاراستنی کەرامەتی نیشتمان و درێژەدان بە خەبات تا سوریایەکی ئازاد و دیموکراسی و ئاسایش و سەقامگیر بۆ هەموو گەلەکەی بونیات بنرێت.