پەرەپێدانی هەژموون و بەرپەرچدانەوەی ئێران؛ سعودیە وەبەرهێنانی گەورە لە سوریا دەكات

#سوریا#سعودیە
8 کاتژمێر لەمەوپێش
هێمن مەحمود
پوختە :
  • لەناوچوونی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆكی پێشووی سوریا، پێگەی ئێرانی لەو وڵاتە لاواز كرد و بۆشاییەكی لە سوریا دروست كرد كە سعودیە ئامادەیە پڕیبكاتەوە.
  • پەیمانگای نیو لاینز لە راپۆرتێكدا تیشك دەخاتە سەر دوایین گۆڕانكارییەكان لە سوریا و پرسیارێكی سەرەكی دەوروژێنێت بۆچی لە ئێستادا سعودیە هەوڵ دەدات سەرمایەگوزاری زیاتر لە سوریا بكات؟
  • سعودیە رۆڵێكی سەرەكی لە گەشەسەندنی ئابووری سوریادا گێڕاوە، بە بەكارهێنانی ڕێبازی هێزی نەرم بۆ بەهێزكردنی كاریگەرییەكانی. لە كاتێكدا زلهێزەكانی دیكە لە رێگەی دیپلۆماسی هەوڵ دەدەن پێگەكەیان لە حكومەتی تازەپێگەیشتووی سوریا بەهێز بكەن، ریاز هەنگاوی ئابوریی چارەنووسسازی ناوە. لەوانە دامەزراندنی ئەنجومەنی ئابوری هاوبەش و وەبەرهێنان لە ژێرخانی ئابوری و پڕۆژەكانی ئاوەدانكردنەوە.
Primary Asset

شازادەی جێنشینی سعودیە و سەرۆکی کاتیی سوریا

سبەی

لەناوچوونی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆكی پێشووی سوریا، پێگەی ئێرانی لەو وڵاتە لاواز كرد و بۆشاییەكی لە سوریا دروست كرد كە سعودیە ئامادەیە پڕیبكاتەوە.

پەیمانگای نیو لاینز لە راپۆرتێكدا تیشك دەخاتە سەر دوایین گۆڕانكارییەكان لە سوریا و پرسیارێكی سەرەكی دەوروژێنێت بۆچی لە ئێستادا سعودیە هەوڵ دەدات سەرمایەگوزاری زیاتر لە سوریا بكات؟

سعودیە رۆڵێكی سەرەكی لە گەشەسەندنی ئابووری سوریادا گێڕاوە، بە بەكارهێنانی ڕێبازی هێزی نەرم بۆ بەهێزكردنی كاریگەرییەكانی. لە كاتێكدا زلهێزەكانی دیكە لە رێگەی دیپلۆماسی هەوڵ دەدەن پێگەكەیان لە حكومەتی تازەپێگەیشتووی سوریا بەهێز بكەن، ریاز هەنگاوی ئابوریی چارەنووسسازی ناوە. لەوانە دامەزراندنی ئەنجومەنی ئابوری هاوبەش و وەبەرهێنان لە ژێرخانی ئابوری و پڕۆژەكانی ئاوەدانكردنەوە.

لە سەرەتای مانگی تەمموزدا، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا سزاكانی سەر تەحریر شام (HTS)ی هەڵگرت، دوای ئەوەی ئەحمەد شەرع بوو بە سەرۆكی كاتیی سوریا و دواتر حكومەتی هاوپەیمانی كاتی پێكهێنا و دەستورێكی كاتی پەسەند كرد، دەستیكرد بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی حكومەت. لە كاتێكدا شەرع كە خۆی وەك دەسەڵاتی ناوەندی لە دیمەشق جێگیر كردووە، بەڵام هێزە ئەمنییەكانی حكومەتی كاتی بەشێكی زۆری وڵاتەكە كۆنترۆڵ ناكەن.

بۆچی سعودیە وەبەرهێنان لە سوریا دەكات؟

بۆ سعودیە وەبەرهێنان لە سوریا  زیاترە لە بوژاندنەوە و گەڕانەوەی سەرمایە،  سوریا بووەتە پایەی ناوەندی ستراتیژی سیاسەتی دەرەوەی ریاز و پاڵنەرە سەرەكییەكانی ریاز بریتین لە رێگریكردن لە گەڕانەوەی هەژموونی ئێران و رێگریكردن لە هەر بەرهەمهێنانێكی نوێی ماددە هۆشبەرە نایاساییەكان لەو وڵاتە.

ئەولەویەتەكانی سعودیە بەرپەرچدانەوەی بەرە لاوازەكەی مقاوەمەی ئێرانە كە هەوڵی بووژاندنەوەی ئەو گروپانە دەدات، لە كاتێكدا ریاز لە رێگەی وەبەرهێنان لە وەرزش و میدیا و لایەنەكانی دیكەی كۆمەڵگادا هێزی نەرمی جیهانی خۆی زیاد كردووە، بەڵام بەپێچەوانەوە ئێران لە رێگەی گروپە چەكدارەكانی سەر بە وڵاتەكەی لەوانەش حیزبوڵڵا، حەماس، گروپە جیاوازەكان لە عێراق و حوسییەكان لە یەمەن دەیان ساڵە هەوڵی ئاڵۆزكردنی دۆخەكە دەدات.

رژێمی ئەسەد بەهەمان شێوە لە لایەن هاوكارییەكانی ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرا و لە بەرامبەردا دیمەشق رێگەی بە تاران دەدا كە سوریا وەك بنكەیەكی ئۆپەراسیۆنەكان بەكاربهێنێت بۆ ئەوەی كاریگەرییەكانی خۆی بەكاربهێنێت، بەڵام لەگەڵ روخانی رژێمی ئەسەد و لاوازبوونی حزبوڵڵا، كاریگەریی ئێران لە سوریا لاواز بووە، ئەمەش دەرفەت دەدات بە ریاز بۆ گۆڕینی دۆخی ئێستا.

دەستپێشخەرییەكانی ریاز

بە سەرنجدان بەوەی كە حكومەتی سوریا رەتیدەكاتەوە یارمەتی دارایی دەرەكی و ئێرانی وەربگرێت، وەبەرهێنانە ستراتیژییەكانی سعودیە بە ئامانجی بەهێزكردنی سەربەخۆیی سوریایە لە رێڕەوی ئەم داهاتانە و لە هەمان كاتدا بەرزكردنەوەی هەژمۆنەكەی لە سوریا.

بۆ قەرەبووكردنەوەی سنوورداركردنی بودجەی حكومەتی سوریا، سعودیە و قەتەر بەڵێنیان داوە مووچەی فەرمانبەرانی حكومەت بدەن و قەرزی 15.5 ملیۆن دۆلاری وڵاتەكەیان بە بانكی نێودەوڵەتی یەكلایی بكەنەوە.

هەروەها ریاز گرێبەست و یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی بۆ وەبەرهێنانی كەرتی تایبەت واژۆ كردووە، لەوانەش لە كەرتی وزە و بیناسازیدا. لە مانگی تەمموزدا، خالید بن عەبدولعەزیز ، وەزیری وەبەرهێنانی سعودیە، گرێبەستی 6.4 ملیار دۆلاری لە بواری خانووبەرە و ژێرخانی ئابووری و پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكومەتی كاتی سوریا  راگەیاند. بەم گرێبەستانە، دروستكردنی ئەنجومەنی بازرگانی سعودیە-سوریای راگەیاند. هەموو ئەمانە خزمەت بە بوژانەوەی ئابووری سوریا دەكەن لە هەمان كاتدا كاریگەرییەكی بەرچاو بە ریاز دەبەخشن.

بۆچی سوریا وەبەرهێنانی بیانی دەوێت؟

تێچووی بنیاتنانەوەی ئابوری سوریا لە دوای جەنگ لە نێوان ٢٥٠ بۆ ٤٠٠ ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت، كە حكومەتی كاتی سوریا ناتوانێت بە تەنها دابینی بكات ئەمەش وادەكات بوژانەوەی ئابوری ببێتە گرنگترین كاری سەركردایەتی نوێی سوریا، كە دەبێت داهات بەدەستبهێنێت و وڵاتەكە ئاوەدان بكاتەوە بۆ ئەوەی پشتیوانی جەماوەری بۆ لای خۆی رابكێشێت.

لەنێو وەبەرهێنانەكانی ریازدا پشكێكی بەرچاو لە كەرتی چیمەنتۆ و كۆنكرێتی سوریادا هەیە، كە رۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت لە هەوڵەكانی ئاوەدانكردنەوەدا. لە كاتێكدا بەشێكی زۆری وڵاتەكە بە هۆی شەڕی ناوخۆیی وێران بووە، بووژاندنەوەی پیشەسازی چیمەنتۆ و كۆنكرێتی سوریا دەبێتە هۆی دروستبوونی هەلی كار و داهاتی حكومەت زیاد دەكات و تێچووی گشتی ئاوەدانكردنەوە كەمدەكاتەوە.

پێش شەڕی ناوخۆ ئابوری سوریا بەهۆی بەرهەمهێنانی نەوت و غازی سروشتی بەردەوام بوو. لەگەڵ وەستانی بەرهەمهێنان لە دوای ململانێكان، رژێمی ئەسەد دەستی كرد بە كاركردن وەك دەوڵەتێكی كرێچی وابەستە بە ماددە هۆشبەرە نایاساییەكان. ئەمەش ئابووریی پەكخست و كاریگەری بوو لەسەر روخانی ئەسەد. داهاتی نەوت و گاز لە سەردەمی شەڕی ناوخۆدا دابەزینی بەخۆوە بینی. زۆربەی كێڵگەكانی سوریا لە باكووری رۆژهەڵات لەو ناوچانەدایە كە لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكراتەوە كۆنترۆڵكراون.

لە داهاتوودا چی روو دەدات؟

ئۆپراسیۆنی سەربازیی ئیسرائیل لە سوریا بەمەبەستی گۆڕینی رژێم، سعودیە لە سەرمایەگوزاری لە سوریا پاشگەز ناكاتەوە چونكە تەنانەت بەبێ دەستێوەردانی ئیسرائیلیش، بەشێكی زۆری ناوچەكانی دەرەوەی دیمەشق لە ناسەقامگیریدا نوقم بووە. لە كاتێكدا ئەم ناسەقامگیرییە مەترسی وەبەرهێنان زیاد دەكات، بەڵام تەنها ئاژاوەیەكی بەرچاو دەتوانێت سعودیە ناچار بكات پێداچوونەوە بە ستراتیژی خۆی لە سوریادا بكات.

لە كاتێكدا لێبوردەیی سعودیە بۆ مەترسی لە سوریا زۆرە، بەڵام دەكرێت هۆكاری ناوخۆیی و دەرەكی زیاتر بێت. ئەگەرەكانیش بریتین لە ململانێی ناوخۆیی نێوان تەحریر شام و هێزەكانی سوریای دیموكرات، سەرهەڵدانەوەی داعش، داڕمانی هاوپەیمانی شەرع، یان هێرشێكی سەرتاسەری ئیسرائیل. 

ئەگەری هەیە هەر كام لەم رووداوانە روو بدات، بەڵام لەبەرانبەردا هەرچەندە سعودیە و ئەكتەرەكانی دیكەی ناوچەكە وەبەرهێنانی زیاتر لە سوریا بكەن، حكومەتی ناوەندی بەهێزتر دەبێت و ئەگەری روودانی ئەم رووداوانە كەم دەبێتەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی