سبەی
هەرێمی کوردستان و دەروازە سنوورییەکانیی بوونەتە دەروازەی بە قاچاغبردنی ئەو نەوتە ڕەشە دزراوەی پارێزگاکانی عێراق، کە بە نرخی پاڵپشتیکراو بەسەر کارگەکانی قیر و گەچ و کەرستەی بیناسازیدا دابەش دەکرێت و ئەوانیش لە پڕۆسەی بەرهەمهێنان بەکاری ناهێنن و بە قاچاغ دەیگوازنەوە هەولێر و سلێمانی و لە ڕێگەی تانکەرەوە ئاودیوی ئێران و تورکیا دەکرێت. بە هۆی ئەو بازرگانییەوە ئابوری عێراق و سامانی گشتیی تووشی خوێنبەربوونێکی مەترسیدار بووە و لە بەرامبەردا باندەکانی قاچاغ و دزینی نەوت ساڵانە چەندین ملیار دۆلار داهاتیان دەستدەکەوێت.
"کارگەکانمان دادەخەین و لە ماڵەوە دەمێنینەوە" دەربڕینێکی هەڕەشە ئامێزە، کە عومەر ئەلغەراوی (47 ساڵ) خاوەنی کارگەی گەچی ئەلبەرەکە، لە ناوچەی ئەبوغرێب لە ڕۆژئاوای بەغدای پایتەخت، وەک ناڕەزایی دەربڕین لە دژی گرانکردنی نرخی یەک لیتر نەوتی ڕەش لە 100 دینارەوە بۆ 150 دینار، دەیکات.
گرانکردنی نرخی سوتەمەنی لەسەر کارگەکان ڕێکارێکی توندی حکومەتە دژی ئەو خاوەن پڕۆژانە گرتوویەتییە بەر، کە لە بواری کەرستەی بیناسازیدا کار دەکەن.
حکومەت پێی وایە ئەو سوتەمەنییەی دەدرێت بەو کارگانە بەشێکی بە قاچاغ دەفرۆشرێتەوە بە نرخێکی گرانتر.
ئەلغەڕاوی، دەڵێ: ئەوان بۆ نانی ئێمە دەبڕن، ئەگەر ڕاست دەکەن، با بچن ئەو قاچاغچی و خاوەن کارگە وەهمیانە بگرن، کە ئەو کارە دەکەن.
ئەو خاوەن کارگەیە وتیشی: تاوانی ئێمە چییە؟ کاتێک حکومەت ناتوانێت کارگە وەهمییەکان و بێ بەرهەمەکان دابخات، کە نەوتی ڕەش وەردەگرن و هەزاران تۆن نەوتی ڕەش لە بازاڕی ڕەشدا دەفرۆشنەوە و بەشێکی هەناردەی دەرەوەش دەکەن.
باسی لەوەشکرد، لایەنی سیاسیی و گروپی چەکدار ئەو کارگە وەهمیانە دەپارێزن و ئاسانکاری بۆ بە قاچاغبردنی نەوتە ڕەشەکە دەکەن.
نەوتی ڕەش، بەرهەمێکیی نەوتی قورسە، پێشی دەوترێت زەیتی سوتەمەنی، کە ڕێژەیەکی زۆر کبریتی تێدایە. بەکاردەهێنرێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، بەگەڕخستنی کارگەکان.
سەرچاوە پەرلەمانی و حومییەکان و ئەو سەرچاوانەی پەیوەستن بە پرسی نەوت، دەڵێن، بڕێکی زۆری ئەو نەوتە ڕەشە تاڵان دەکرێت و ساڵانە بە بەهای سێ ملیار دۆلار داهاتی نەوتەکە دەکەوێتە دەست باندە قاچاغچییەکان.
هەروەها ئاشکرای دەکەن، کە تۆڕ و باندی بازرگانی بە نەوتی ڕەش دەستیان بەسەر بازاڕەکەدا گرتووە و بە هاوکاری کاربەدەستانی باڵا لە دەسەڵات، برەو بەو بازرگانییە نایاساییە دەدەن.
ئەلغەڕاوی دووپاتیدەکاتەوە، کارگەکەی بەرهەمهێنەرە، مۆڵەتی فەرمی هەیە، کەچی لایەنە فەرمییەکان پشکێکی زۆر کەم لەو سوتەمەنییەی بۆ دابین دەکەن، تەنانەت کەمترە لەو پشکەی بۆ کارگەیەکی خشت دابینی دەکەن.
ئەو وتیشی: کارگەکانی خشت، مانگانە 300 هەزار لیتر نەوتی ڕەشیان پێ دەدرێت، بەڵام کارگەی گەچەکەی تەنیا 60 هەزار لیتر نەوتی ڕەشی پێ دەدرێت و ئەو بڕەش بەشی کارکردنی تەنیا 10 ڕۆژ ناکات. ئیدی چۆن دەتوانن کار بکەن و نرخی نەوتی ڕەشیش گران بکرێت.
حکومەت ڕێکاری جیاجیای بۆ ڕێگرتن لە بە قاچاغبردنی نەوتی ڕەش داناوە، لەوانە خاوەن کارگەکان دەبێت کامێرای چاودێری و پێوەری تایبەت بە بەکارهێنانی سوتەمەنی دابنێن.
بەڵام خاوەن کارگەکان گلەییان هەیە و دەڵێن ئەو پێوەرانەی داوایان دەکەن، نرخیان لە حەفتا هەزار دۆلاری ئەمەریکایی زیاترە. ئەگەر تێکیش بچن دەبێت دانەیەکی دیکە بکڕن، قەرەبووی زیانەکانیشیان بۆ ناکرێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە بە قاچاغبردنی نەوتی ڕەش بەردەوامە.
یەکێکی دیکە لە خاوەن کارگەکان بێ ئەوەی ڕازی بێت ناوی بهێنرێت، دەڵێ: پڕۆسەی بە قاچاغبردنی نەوتی ڕەش ئاڵۆز و سەختە، هەموو خاوەن کارگەیەک ناتوانێت ئەو کارە بکات، مەگەر ئەوەی پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ خاوەن هەژموون و دەسەڵات و لادەرەکان لە یاسا هەبێت، ئێمە خەڵکی ئاسایین و تەنیا بیرمان وا بەلای دابینکردنی ژیانی خۆمانەوە.
قاچاغچێتی نەوتی ڕەش
بە گوێرەی زانیاری چەندین سەرچاوەی پەیوەندیدار، هەریەک لە کارگەکانی قیر و گەچ و خشت و بلۆکی گەچ، لە لایەن کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانەوە، سوتەمەنیان بە نرخی پشتیوانیکراو بۆ دابین دەکات، ئەوەش بووەتە دەروازەیەکی گەورەی بەهەدەردانی سامانی گشتیی.
هادی سەلامی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە ئەنجومەنی نوێنەران پێی وایە ئەو ژمارەیەکی بەرچاو لە خاوەن کارگەکان، ئەو سوتەمەنییەی بۆیان دابین دەکرێت، چونکە جیاوازی لەگەڵ نرخی بازاڕ زۆرە، دەیخەنە بازاڕی ڕەشەوە و بازرگانی پێوە دەکەن و بەکاری ناهێنن بۆ بەرهەمهێنانی پێداویستییەکان.
ڕۆژانە کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان، بڕی 9 ملیۆن لیتر نەوتی ڕەش بۆ کارگەکان دابین دەکات و هەر تۆنێکی نەوتە ڕەشەکە بە 100 هەزار دینار بە کارگەکانی خشت دەفرۆشێت و 150 هەزار دیناریش بۆ کارگەکانی گەچ و بلۆکی گەچ، وەک ئەوەی ڕفد ئەلمەیاحی، بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی کۆمپانیای بەرهەمە نەوتییەکان ڕایگەیاند.
ئەلمەیاحی وتیشی: کارگەکانی قیر بۆ هەر تۆنێک بڕی 557 هەزار دیناریان لێ وەردەگیرێت. کە دەکاتە ٪75ی نرخی جیهانی نەوتی ڕەش.
عەلی شەدادی، وتەبێژی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند، کارگەکان توانای بەرهەمهێنانیان هاوتای ئەو سوتەمەنییە نیە بۆیان دابین دەکرێت، هەرچەندە سوتەمەنی تەواویان پێ دەدرێت، بەڵام ئەوان کەمێکی بەکاردەهێنن و زۆربەی دەفرۆشنەوە و تەنانەت هەندێک کارگە هیچ بەرهەمێکیان نیە و نەوتی ڕەشیان پێدەدرێت و ئەوانیش لە بازاڕی ڕەشدا دەیفرۆشن.
وتیشی: بە قاچاغ نەوتی ڕەش لە لایەن باندی ڕێکخراوەوە لە ڕێگەی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان ئاودیو دەکرێت.
ئاشکراشیکرد، دەیان کارگەی وەهمی قیر و گەچ تۆمار کراون، بێ ئەوەی لە واقیعدا کار بکەن و نەوتی ڕەش وەردەگرن و دەیفرۆشنەوە.
هەروەها عەدنان ئەلجابری، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە لیژنەی دەستپاکی نوێنەران ڕایگەیاند، لیژنەکەیان بەڵگەنامەیەکی کۆمپانیای سۆمۆی دەستکەوتووە، کە دەیسەلمێنێت لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە، نەوت و پێکهاتەکانی نەوت ڕەوانەی ئێران دەکرێن و لەوێشەوە دەگوازرێنەوە بۆ بەندەرەکانی سەر کەنداو، بە بێ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە، چۆن نەوتی ڕەشی کێڵگەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدڕاڵ دەگاتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەرێم و تا ئێستاش کۆنترۆڵ نەکراوە.
ئاشکراشیکرد، ئەو قاچاغچێتییە لە هەرێمەوە بۆ ئێران لە ڕێگەی تانکەی نا حکومییەوە دەکرێت و تانکەرەکان بە دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخاندا نەوتەکە دەگوازنەوە بۆ ئێران و زۆربەی ئەو تانکەرانە لە ناوچەی کفری پڕ دەکرێن و لەوێوە ڕەوانەی کەرکوک و هەولێریش دەکرێن.
ئەلجابری، پێی ئەوایە هەڵەیەکی تەکنیکی هەیە، کۆمپانیای نەوتی عێراقی سۆمۆ بەرامبەر بە گواستنەوەی هەر تۆنێک نەوت بڕی 33 دۆلار دەداتە تانکەرەکان، بەڵام لە بازاری ڕەشدا ئەوان بۆ هەر تۆنێک بڕی 135 دۆلار وەردەگرن، ئەمەش وایکردووە، تانکەرەکان بکەونە خۆ بۆ ئەوەی زۆرترین داهات لە گواستنەوەی نەوتی ڕەش بە قاچاغ بۆ خۆیان دابین بکەن.
ئاماژەی بەوەشدا، وڵاتانی دراوسێ دنەی ئەو بازرگانییە نایاساییە دەدەن، چونکە قازانجێکی گەورەیان دەستدەکەوێت، ئەو دنەدانەش بووەتە گەورەترین هاندەری گەشەپێدانی قاچاغچێتی نەوت و حکومەتیش دەستەوەستانە لە بەرەنگاربوونەوە و بنبڕکردنی.
ناوبراو داوایشی کرد، حکومەت کارێکی جددی بکات بۆ کۆنترۆڵکردنی دەروازەکان و ڕێگرتن لە بەقاچاغبردنی نەوتی ڕەش و ڕووپامایی بۆ کەس نەکات لەسەر زیانی ئابووری وڵات.
لە بەرامبەردا هەندێک سەرچاوەی کوردی باس لەوە دەکەن، ئەو نەوتە ڕەشە و بەرهەمە نەوتییەکان، کە لە ڕێی دەروازەکانەوە هەناردەی دەرەوە دەکرێت، زۆربەی ئەو نەوتەیە لە ناوچەکانی هەرێم دەردەهێنرێت و نەوتی ناوچەکانی حکومەتی فیدڕاڵ نیە، بەڵکو کۆمپانیاکانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم بەرهەمی دەهێنن و خەرجی کارکردنی خۆیان دابین دەکەن، چونکە بە ڕەسمی فرۆشتنی نەوتی خاوی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە بۆ تورکیا ڕاگیراوە.
بەڕێوبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان، حسین تاڵب، رایگەیاند، بەشی پشکنینی سەر بە فەرمانگەی بەرهەمە نەوتییەکان چەندین سکاڵا و ئاگادارینامەی پێ گەیشتووە لە بارەی بە قاچاغبردنی نەوت و بوونی کارگەی وەهمی.
وتیشی: "بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان هەڵکوتراوەتە سەر ئەو مۆڵگانەی گەندەڵی و توانراوە ڕێگری لە بەشێکی زۆری ئەو گەندەڵی و بەهەدەردانە بکرێت"، بە بێ ئەوەی وردەکاری قەبارەی پڕۆسەی بە قاچاغبردن و تاڵانی نەوت بخاتەڕوو.
ڕێڕەوی قاچاغچێتی
لە پێناو دەستکەوتنی پارە و دابینکردنی گوزەرانیان هەزاران کەس وەک شوفێری تانکەر سەرقاڵی گواستنەوەی نەوتی ڕەشن بە قاچاغ بۆ هەرێمی کوردستان و لەوێشەوە بەرەو ئێران و تورکیا نەوتەکە ئاودیو دەکەن.
هادی سەلامی، لەو بارەیەوە باسی لەوە کرد، زۆرینەی کارگە وەهمییەکان دەکەونە سنووری پارێزگای ئەنبار، چونکە جوگرافیاکەی بیابانییە و دوورە لە چاودێری و وردبینییەوە، هەروەها کاریگەری سیاسیش لەسەر بوونی ئەو کارگانە لەو ناوچەیە هەیە و داناخرێن.
سەلامی پێی وایە ئەو نەوتەی بۆ ئەنبار دابین دەکرێت، بە قاچاغ ڕەوانەی هەرێم دەکرێت و بە تانکەر ڕۆژانە 25 هەزار بەرمیل نەوت بە قاچاغ ڕەوانەی هەرێم دەکرێت و لەوێوە دەگوازرێتەوە بۆ ئێران و تورکیا.
وتیشی: فەرمانگەی گەشەپێدانی پیشەسازی لە وەزارەتی پیشەسازی لە سەرەتای ئەمساڵەوە پێدانی نەوتی ڕەشی بە سەرجەم کارگەکانی گەچ ڕاگرت، ئێمەش دەستوەردانمان کرد، بۆ ئەوەی پشکی کارگە ڕاستەقینەکان دابین بکرێت، تا زیانیان بەر نەکەوێت، بەڵام هێشتا بە قاچاغبردنی نەوت بەردەوامە.
بە قاچاغبردنی نەوتی ڕەشی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان تەنیا لە پارێزگای ئەنبار و دیالە و کەرکوکەوە نیە، بەڵکو لە بەغداد و بەسرە و زیقار و ناوچەکانی دیکەشەوە نەوت بە قاچاغ دەبرێتە هەرێم و لەوێوە ئاودیوی ئێران و تورکیا دەکرێت، وەک ئەوەی ئەندامێکی لیژنەی دەستپاکی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و چەند سەرچاوەیەکی دیکە باسیان کردووە. هەروەها لە باشوریشەوە نەوت بە قاچاغ ڕەوانەی کەنداو دەکرێت.
عێراق ڕۆژانە لە پاڵاوتگەکانی نەوت لە باشوور و ناوەڕاست و باکوورەوە، لە تەک پاڵاوتگەکانی وەبەرهێنان، نزیکەی 55.900 مەتر سێجا نەوتی ڕەش بەرهەم دەهێنێت و قەبارەی بەکارهێنانی ناوخۆیی 31.362 مەتر سێجایە لە ڕۆژێکدا، وەک ئەوەی فەرمانگەی توێژینەوەکانی سەر بە ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاندووە، هەروەها پێداویستی ناوخۆیی لە ڕێژەی ٪55ی بڕی ئەو بەرهەمە تێپەڕ ناکات.
سەنتەری توێژینەوەکانی پەرلەمان، لە مانگی ئایاری 2023دا لە توێژینەوەیەکدا بە ناونیشانی "بە قاچاغبردنی نەوت و بەرهەمەکانی.. بڕی دەستبەسەرداگیرا و میکانیزمی بە قاچاغبردن" باسی لەوە کردووە، کە عێراق بە دەست بە قاچاغبردنە دەرەوەی نەوتی خاو و پێکهاتەکانییەوە دەناڵێنێت و ئەوەش کاریگەری لەسەر بازاڕی ناوخۆیی و بەکاربەران کردووە و کۆی گشتیی جووڵەی ئابووری ناوخۆی خستووەتە مەترسییەوە بەو پێیەی نەوت سەرچاوەیەکی بنەڕەتی دابینکردنی بودجەی وڵاتە.
بە گوێرەی توێژینەوەکە، بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی وزە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران دووپاتیکردووەتەوە، کە ناتوانن کۆنترۆڵی بڕی ئەو نەوتە خاوە و پێکهاتەکانی بکەن، کە ئاودیو دەکرێت. بە جۆرێک لە 2023دا و لە وەرزی یەکەمی ئەو ساڵەدا بڕی 475 هەزار و 798 لیتر نەوت دەستی بەسەرداگیراوە.
بەڕێوبەرایەتییەکە باسی لەوە کردووە، کە زۆرینەی پرسی بە قاچاغبردنی نەوت لە نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندایە.
بەڕێوبەرایەتییەکە باسی لەوەش کردووە، کە ئامرازی سەرەکی بۆ بەقاچاغبردنی نەوت تانکەرەکانە و ئەوان لە ڕێگەی کونکردنی بۆرییەکانی نەوتەوە نەوتیان بۆ دابین دەکرێت و بەشێکی بە نایاسایی لە وێستگەکان و بەشێکیش لە کۆمپانیاکانەوە بۆیان دابین دەکرێت و دەیگوازنەوە بۆ هەرێم و لەوێ ساغی دەکەنەوە و ئاودیوی سنوورەکانی دەکەن.
بەڕێوبەرایەتییەکە باسی لەوەشکردووە، کە بەشێکی گواستنەوەکە بە گوێرەی ڕێکارە فەرمییەکان دەکرێت و بەڵگەنامەیان پێیە و مۆرەکان ساختە کراون و باجی تایبەت بە تانکەرەکان دروست کراوە و لە ڕێی بەڵگەنامەی ساختەوە کارەکە دەکرێت.
توێژینەوەکە دەریخستووە، ئەوەی دەگوزەرێت بەشێکە لە گەندەڵییەکی ئاوێتە، کە هەموو کەرتەکانی عێراق پێیەوە گیرۆدەن و پێویستی بە چارەسەریکی ڕیشەیی و ژمارەیەک ڕێکاری چاودێری و یاسایی و کارگێڕی هەیە.
یەکێک لەو ڕێکارانەی پێشنیاز کراوە ئەوەیە کە چاودێری لەسەر پێدان و گواستنەوە و ڕادەستکردنی نەوت و پێکهاتەکانی توند بکرێت و ڕێکاری تایبەت و یەک لە دوای یەک بگیرێنە بەر و سیستمێکی ئەلیکترۆنی دابنرێت بۆ چاودێری تانکەرەکانی نەوت لە پاڵاوتگە و کۆمپانیا و وێستگەکاندا.
هەروەها پێشنیازی کردووە، لە ڕووی تەکنیکی و مرۆییەوە پەرە بە ئۆپراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی قاچاغچێتی بدرێت و ڕێکاری یاسایی توندیش دژی قاچاغچییەکان بگیرێتە بەر بۆ ئەوەی چیدیکە زیان بە بەرژەوەندی هاوڵاتیان و ئابووری وڵات نەگەیەنن.
کارگەکان لە بازنەی تۆمەتدان
لە یەکی ئابی ئەمساڵدا، سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتی وەزیران، بێ ئەوەی ئامادە بێت ناوی بهێنرێت، ڕایگەیاند، حکومەت توانیویەتی لە ڕێی جێبەجێکردنی پێوەرەکان لە پڕۆسەی دابینکردنی سوتەمەنی بۆ کارگەکان، بڕی 5 ملیار دۆلار بۆ گەنجینە بگەڕێنێتەوە. بەو پێیەی توانیویەتی ڕێگە لە بەقاچاغبردنی نەوت بگرێت و هەر کارگەیەک پابەندی ڕێنماییەکان نەبووە، نەوتی پێ نەدراوە.
سەرەڕای ئەوەش دەستی باڵای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئەمساڵ ناوی 12 کارگەی ڕووخاو و 21 کارگەی وەهمی تەنیا لە ناوچەی کەرمە لە پارێزگای ئەنبار بڵاوکردەوە، کە خاوەنەکانیان نەوتی ڕەشیان وەرگرتبوو، بێ ئەوەی کارگەکان لەسەر زەوی هەبووبن.
یەکێک لە کارگەکان، کارگەی گەچی ئیسماعیل بوو، کە ژمارەی مۆڵەتەکەی 68527 بوو، لە 2018ەوە تا تشرینی دووەمی 2023، نەوتی وەرگرتووە، بێ ئەوەی کارگەکە هەبووبێت.
هەروەها کارگەی گەچی حەقی ئیسماعیل، کە مۆڵەتی بە ژمارە 51620 هەبووە، سووتەمەنی لە 2018ەوە تا کانوونی یەکەمی 2023 وەرگرتووە، بێ ئەوەی کارگەکە کاری کردبێت.
ئەزهەر ئەلجومەیلی، چالاکی سیاسییە لە ئەنبار لەو بارەیەوە وتی: زۆرینەی کارگە ڕووخاو و وەهمییەکانی ناوچەی کەرەمە سەر بە هەیبەت حەلبووسین، کە سەرۆکی لیژنەی وزە بووە لە ئەنجومەنی نوێنەران و تەنانەت یەکێک لە کارگەکان بە ناوی یەسریب، بە ناوی خۆیەوە تۆمار کراوە و کارگەکە بە تەواوی داڕماوە.
هەریەک لە کارگەکانی ئەعالی فورات لە ناوچەی سەرسار و کارگەی زەیدان لە دوورگەی کەرەمەی پارێزگای ئەنبار، کە تایبەتن بە قیر، بۆ هەر مانگێک بڕی 16 ملیۆن لیتر نەوتی ڕەشیان وەرگرتووە، بێ ئەوەی کاریان کردبێت.
ئەو نەوتەی وەرگیراوە بە ناوی کارگەکان ڕەوانەی هەولێر و سلێمانی کراوە بۆ ئەوەی ئاودیوی ئێران و تورکیا بکرێت و هەر تانکەرێک 35 هەزار لیتر نەوتی بارکردووە و نرخەکەی لە نێوان 13 تا 15 ملیۆن دینار بووە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دەستەی دەستپاکی، تەنیا لە سنوری ئەنبار، 236 کارگەی وەهمی تۆمار کراون و سوتەمەنیان پێدراوە و ساڵانە بە بڕی 896 ملیار دینار سامانی گشتیی وڵاتیان تاڵانکردووە.
لە 23ی ئابی 2024، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، چەند حاڵەتێکی ساختەکاری و گەندەڵی لە کارگەکانی گەچ و قیر لە ئەنبار ئاشکرا کرد و لیژنەیەکی هاوبەش لە بەڕێوبەرایەتی گەشەپێدانی پیشەسازی و کۆمپانیای دابەشکردنی پێکهاتە نەوتییەکانی بۆ پێکهێنرا.
دەزگاکە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا بە بەڵگەوە ڕایگەیاند، لە کۆی 249 کارگە تەنیا 15یان کار دەکەن. لێکۆڵینەوەکان دەریانخست، کە گەندەڵکارەکان تابلۆی کارگە وەهمییەکانیان لەسەر کارگەکانی بەرهەمهێنان داناوە بۆ ئەوەی لیژنەکانی پشکنین سەریان لێبشێوێت.
لە بەیاننامەکەدا باس لەوە کراوە کە 58 کەس بە تۆمەتی تێوەگلان لە دزی و گەندەڵی لەو کارگە وەهمیانە و بەهەدەردانی سامانی گشتیی دەستگیر کراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە.
بە گوێرەی یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی ژمارە 20ی ساڵی 1998، مەرجە ئەو کەسەی کارگە دادەنێت ڕەزامەندی کەرتەکان وەربگرێت، لەو ماوەیەی بۆی دیاریکراوە، بە پێچەوانەوە مۆڵەتەکەی بە هەڵوەشاوە هەژمار دەکرێت.
گوماندەکرا بەڕێوبەرایەتییەکە ڕەزامەندی دابێتە ئەو کارگانەی وەستاون لە کار یان وەهمین، هەربۆیە وەزارەتی پیشەسازی لە مانگی تەمموزی 2023دا خالد سەرحان ئەلجومەیلی، بەڕێوبەری گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی لە پۆستەکەی لابرد، دوای ئەوەش دۆسیەی کارگە وەهمییەکانی ڕادەستی سەرۆکی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، ئەبو عەلی ئەلبەسری، کرد.
دزینی نەوتی بەسرە
نەبیل ئەلمرسومی، شارەزای ئابووری عێراق، دەڵێ، نەوتی ڕەشی بەسرە لە ڕێی کەشتی بچووکەوە بە قاچاغ دەبرێتە ئیمارات.
وتیشی: ئەو نەوتە ڕەشە لە کارگە پیشەسازیی و بیناسازییەکانی پارێزگای بەسرە وەردەگیرێت و لە چەند گۆڕەپانێکی تایبەت بە قاچاغچیانی نەوت لە ناوچەی خور زوبێری بەسرە کۆدەکرێتەوە و لەوێ ماددەی کازی تێ دەکرێت بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتییەکەی و وەک سوتەمەنی دزراو بە کەشتی بچووک ڕەوانەی ئیمارات دەکرێت.
ئەو شارەزایە مەزندە دەکات، ڕۆژانە لە ڕێگەی دەروازەکانی هەرێمەوە بۆ ئێران و ئەفغانستان و تورکیا، بڕی 220 هەزار بەرمیل نەوتی سامانی خەڵکی عێراق بدزرێت و ئاودیو بکرێت، کە دەکاتە زیاتر لە نیوەی بەرهەمی پاڵاوتگەکانی عێراق بۆ نەوتی ڕەش. بەشێکیش لە بەرهەمی کێڵگەکان بۆ سوتەمەنی وێستگەکانی کارەبا، کارگەکانی قیر و خشت و گەچ تەرخان دەکرێت.
وتیشی: نەوتی ڕەش زیاتر لە خواستی ناوخۆیی بەرهەم دەهێنرێت و تا ئەو ئاستە بەرهەم بهێنرێت، پڕۆسەی تاڵانکردنی بەردەوام دەبێت.
ڕوونیشیکردەوە، هەژموونی سیاسی و پەرلەمانی وایکردووە مافیاکانی قاچاغ بتوانن بڕێکی زۆری نەوتی ڕەش بە نرخی پشتیوانیکراو لە لایەن حکومەتەوە بەدەست بخەن و لایەنی سیاسیی فشار دەخەنە سەر دەزگا ئەمنییەکان بۆ ئەوەی کار ئاسانی بکەن بۆ تێپەڕینی کاروانی تانکەری نەوتە دزراوەکە بۆ هەرێمی کوردستان و ساڵانە قاچاغچییەکان لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ملیارێک دۆلاریان دەستدەکەوێت و لە باشووری عێراقیشەوە ساڵانە ملیارێک دۆلار داهاتی قاچاغچییەکانە.
لە 28ی شوباتی 2024دا، سەرۆکی دادگای پێداچوونەوەی بەسرە، دادوەر عادل عەبدولڕەزاق، لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند، تاوانی تاڵانکردنی نەوتی ڕەش لەم ساڵانەی دوایی بڵاوبووەتەوە و بووەتە مەترسیدارترین تاوان، چونکە مەترسی لەسەر سامانی سروشتی و پیشەسازی دروست کردووە و بووەتە هەڕەشەیەکی گەورە لە ئاسایشی نیشتمانی وڵات.
وتیشی: دەسەڵاتی یاسادانان هەوڵیداوە لە ڕێگەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بە قاچاغبردنی نەوت و پێکهاتەکانی ژمارە 41ی ساڵی 2008 ئەو بابەتە چارەسەر بکات.
سۆشیالمیدیا
ناو بەناو لە گروپی فەیسبووک و چەناڵی تایبەت لە تێلیگرام، هەژماری وەهمی دەکرێنەوە و وەک تۆڕێکی قاچاغچی باس لەوە دەکەن کە بڕێکی زۆر لە نەوتی ڕەشیان هەیە لە پاڵاوتگەکانی (یەکی حوزەیران لە کەرکوک، پاڵاوتگەکانی هەولێر و سلێمانی و بەسرە) و ئەو نەوتە ڕەشە بە ئاسانی دەگوازرێتەوە بۆ هەر شوێنێکی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق.
یەکێک لەو گروپانە بە ناوی " سواق تريلات العراق كافة"ـە و یەکێکیش بە ناوی " سواق صهاريج إيران" و دانەیەکی دیکەش بە ناوی " صهاريج العراق الجنوبية والشمالية" و دانەیەکیش بە ناوی گروپی "شركة سيد علي لتحميل زيت الوقود" کراونەتەوە بۆ ڕاسپاردنی شوفێری تانکەرەکان و ئاگادارکردنەوەیان لە بوونی باری قاچاغ و تۆمارکردنیان بۆ ئەوەی بچن نەوتە دزراوەکە بگوازنەوە.
ئەکاونتێک بە ناوی "کارلوف سیلۆفسکی"، ڕایگەیاندبوو، کە پێویستی بە 30 تانکەر هەیە بۆ ئەوەی نەوتی ڕەش لە قەیوانەوە بگوازێتەوە بۆ بەندەری "ئیمام" لە ئێران و بۆ هەر تۆنێک بڕی 75 دۆلار دەدات و هەر شوفێرێکیش بڕی 100 دۆلار پاداشت دەکرێت.
ئەکاونتێکی دیکە بە ناوی "ابو سجاد"، هەلێکی کاری بۆ شوفێری تانکەرەکان ڕاگەیاندبوو، تا نەوتی ڕەش لە هەولێرەوە بگوازنەوە بۆ قەسر شیرین و بۆ هەر تۆنیک 22 دۆلاری دیاریکردبوو، بە مەرجی ئەوەی شوفێری تانکەرەکان ڤیزای چوونە ئێرانیان هەبێت.
ئەکاونتێکیش بە ناوی حاجی "وعد اللامی" خاوەنی نووسینگەی "كوثر الخير للنقل العام" ڕایگەیاندبوو، کە پێویستی بە تانکەری تایبەت بە نەوتی ڕەش هەیە بۆ ئەوەی نەوتی ڕەش لە سلێمانییەوە بگوازێتەوە بۆ بەندەری ئیمام لە ئێران.
بەرپرسانی کۆمپانیای سۆمۆ لەو بارەیەوە، ڕەتیانکردووەتەوە هیچ لێدوانێک بدەن. تەنیا باسیان لەوە کردووە، ئەوان هیچ گرێبەستێکیان لەگەڵ کۆمپانیا ناوخۆییەکان نیە بۆ گواستنەوەی نەوت و پێکهاتەکانی بۆ دەرەوە.
مستەفا سند، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، ئەو جۆرە بانگەوازانە بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو بۆ ئێران و تورکیا کردەوەی گوماناوین و پەیوەندیان بە تۆڕەکانی دزین و قاچاغی نەوتەوە هەیە.
وتیشی: ئاگاداری داواکاری گشتیی لە بارەی ئەو گروپ و چەناڵانە کردووەتەوە، کە لەلایەن باندەکانی قاچاغچێتی و دزەکانی نەوتەوە بەڕێوەدەبرێن.
لە 2ی تشرینی دووەمی 2022، حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، گەورەترین تۆڕی تاڵانکردنی نەوتیان ئاشکرا کردووە و ژمارەیەک ئەفسەر و فەرمانبەری پلە باڵا و دوو بەڕێوبەری پۆلیسی وزە و ژمارەیەک کارمەندی پارێزگای بەسرە لەو تۆڕە گلاون و توانراوە دەستبگیرێت بەسەر 49 ئەمباری نەوت و چەندین تانکەری دزینی نەوت و 93 شوێن و 496 گەنجینەی پێچەوانەی ڕێکارەکان و 11 وێستگەی سوتەمەنی دەستیان بەسەردا گیرا، کە مانگانە 75 ملیۆن بەرمیل نەوتیان تاڵان کردبوو.
لە 4ی ئەیلوولی ڕابردوودا ژمارەیەک ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا لە نامەیەکدا بۆ جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، هەندێک لایەنی عێراقی و بەرپرسانی وەزارەتی نەوت و گواستنەوە و پیشەسازی و کۆمپانیای سۆمۆ و میلیشیا عێراقییەکایان بەوە تۆمەتبار کردووە، کە نەوتی عێراق لە بەرژەوەندی ئێران و سوپای پاسداران دەدزن و بە قاچاغ ڕەوانەی دەرەوەی دەکەن.
بەخۆکەوتنی حکومەت
لە 25ی تشرینی دووەمی 2023، وەزیری ناوخۆ، عەبدولئەمیر ئەلشەممەری فەرمانیکرد، ئەرکی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی دزینی نەوت و پێکهاتەکانی بگوازرێتەوە بۆ بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ڕێکخراو، کە سەر بە ئاژانسی وەزارەتە بۆ کاروباری هەواڵگری و لێکۆڵینەوە فیدڕاڵییەکان.
دوای ئەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئاشکرای کرد، کە دەیان کارگەی وەهمی پیشەسازی و بیناسازی هەن بۆ تاڵانکردنی نەوتی ڕەش، ئەنجومەنی وەزارەتی بۆ ئابوری لە دانیشتنی ژمارە بیست و دووی لە ڕۆژی 22ی تەمموزی 2024، ژمارەیەک ڕێنمایی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەو حاڵەتە دەرکرد، لەوانە ڕاگرتنی پێدانی ڕەزامەندی بۆ دروستکردنی کارگەی تازە، کە بە بەرهەمی وەزارەتی نەوت بە تایبەت نەوتی ڕەش کار دەکەن، جگە لە کارگەکانی هایدرۆجینکردن و باشترکردنی کوالێتی بەنزین.
ئەنجومەنەکە بە گوێرەی ڕاپۆرتی لیژنەی فەرمانی دیوانی ژمارە 24573ی ساڵی 2024، بەرپرسیاریتی وەزارەتی نەوتی دیاریکردووە بۆ ئەوەی سوتەمەنی بداتە کارگەکان و چاودێری بەرهەمیان بکات.
لە ڕاپۆرتی لیژنەی فەرمانی دیوانیدا بەرپرسیارێتی وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان/بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشەپێدانی پیشەسازی دیاریکراوە بۆ بەدواداچوون و کۆنترۆڵکردنی کارگەکان، بەدواداچوون بۆ بەرهەمهێنانیان و دڵنیابوون لە گونجانی لەگەڵ ئەو بڕە سوتەمەنییەی لە وەزارەتی نەوت وەرگیراوە.
هەروەها دیاریکردنی بەرهەمی کارگە سەرەکییەکان، وەک کارگەکانی قیر یان گەچ، و دانانی میکانیزمێک بۆ بەکارهێنانی ئەم بەرهەمانە وەکو ماددەیەکی سەرەکی کە لە پیشەسازییەکانی دیکەدا بەکاردەهێنرێن، بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستی خولاوەی ئابووری یەکانگیر، کە سودی گشتی هەبێت.
جگە لەوەش پێویستە لەناکاو لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی سەردانی سەرجەم تاقیگەکان بکات، بەپێی پابەندبوونیان بە تایبەتمەندییە تەکنیکی و ئابووری و ژینگەییەکان، هەڵسەنگاندن و پۆلێنیان بکات. توانای بەرهەمهێنانی ڕاستەقینەی ئەو تاقیگانە لەبەرچاو بگرێت و ڕاپۆرتێکی ورد لەبارەیان پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیران بکات بۆ پێداچوونەوەی لە ماوەی 90 ڕۆژ لە ڕێکەوتی پێکهێنانی لیژنەکە.
لیژنەکە کارگەکان پۆلێن دەکات بۆ سێ پۆل، پۆلی A ئەو کارگانەن بە ڕەسمی و یاسایی کار دەکەن. پۆلی B ئەو کارگانەن تێبینیان لەسەرە و سەرپێچی بچوکیان هەیە، دەکرێت بۆ ماوەی شەش مانگ مۆڵەتیان بدرێتێ تا سەرپێچییەکان ڕاست دەکەنەوە.
پۆلی C ئەو کارگانەن پێشێلکاری زۆریان هەیە و پابەندی پێوەر و ڕێکارەکان و ڕەزامەندی ژینگەیی نەبوونە لە دروستکردنی کارگەکە و ژێرخانیان کێشەی تێدایە. دەستبەجێ هاوکاریکردنیان بە سوتەمەنی ڕادەگیرێت و دوای پێداچوونەوەی ورد و هەمەلایەن بە کارگەکەدا و چاککردنی سەرجەم سەرپێچییەکان، دووبارە پشکنینیان بۆ دەکرێت و لیژینەی تایبەتمەند ڕێگە بە کارکردنیان دەدات.
لیژنەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوە کردبوو، کە پێویستە کارگەکانی خشت پابەند بکرێن بەوەی غاز لە بری نەوتی ڕەش بەکار بهێنن و لە ماوەی 18 مانگ خۆیان لەگەڵ بڕیاری کارپێکردنی غاز بگونجێنن، بە پێچەوانەوە نەوتی ڕەشیان پێ نادرێت.
بەڵام شارەزایان و بەرپرسانی ئیداری پێیان وایە جێبەجێکردنی ئەم ڕاسپاردانەی حکومەت پێویستی بە میکانیزمی هەماهەنگی ئاڵۆز و دەسەڵاتی بەهێزی دەوڵەت هەیە کە بەهێزتر بێت لە دەسەڵات و ئیمتیازاتی ئەو گروپە سیاسی و چەکدارانەی کە بە جۆرێک لە جۆرەکان سوودمەندن لە دزین و تاڵانکردنی سامانی وڵات.
هاوکات، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی نوێنەران، عەلی سەعدون، پێی وایە، بڕیاری وەستاندنی پێدانی مۆڵەتی دامەزراندن بۆ دامەزراندنی ئەو کارگانەی پشت بە نەوتی ڕەش دەبەستن، لەوانەش کارگەی قیر و خشت، "پێشێلکردنی بەرنامەی حکومەتە، کە لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر دراوە، بەو مانایەی پێویستە پشتیوانی پیشەسازی ناوخۆیی بکرێت، نەک ڕێگری لێ بکرێت".
وتیشی: "پێدانی مۆڵەتی دامەزراندنی کارگەی قیر و گەچ و خشت زیان بە ئابووری عێراق ناگەیەنێت، بەڵام وەستاندنی ئەو مۆڵەتانە کێشەی ئابووری گەورە دروست دەکات و باری سەرشانی هاوڵاتیان قورس دەکات".
ئاماژەی بەوەشدا، بڕیاری ئەنجومەنی ئابووری بۆ ڕاگرتنی مۆڵەتەکان لەسەر بنەمای ڕاسپاردەی وەزیری نەوت، حەیان عەبدولغەنی هاتووە، کە داوای لە ئەنجومەنەکە کردووە پێدانی ئەو مۆڵەتانە ڕابگرێت و بانگەشەی ئەوەی کردبوو، کە وەزارەت بڕی پێویستی نەوتی ڕەشی نییە، لەکاتێکدا پاڵاوگەکان پڕن لە نەوتی ڕەش.
عەلی سەعدون پرسیاری کرد، بۆچی مۆڵەتی دامەزراندنی 15 کارگەی قیر لە پارێزگای کەرکوک و 5 کارگە لە ئەنبار و سەلاحەدین درا، کەچی هەمان مۆڵەت بە پارێزگاکانی باشوور نادرێت، لە کاتێکدا تەنیا دوو کارگەی قیر لە میسان هەیە!، ئەم دۆسیەیە بەدەر نیە لە گەندەڵی و ئێمە سەرۆک وەزیرانمان لێی ئاگادار کردووەتەوە.
ڕۆژی 4ی تەمموزی 2024، بەڕێوبەرایەتی ئامادەسازی و دابینکردن لە کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بڕیارێکی دەرکرد، بۆ ڕاگرتنی گواستنەوەی بەرهەمەکانی کارگەی قیر بەرەو پارێزگای بەسرە، هەروەها جوڵەی تانکەرەکانیشی بەرەو بەسرە قەدەغە کرد و بڕیارەکە تا ئێستا کاری پێدەکرێت.
سادق ئەلسەلیتی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران هۆشداری دا لەوەی کارگەکانی قیر لە لایەن کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانەوە نەوتی ڕەشیان پێ دەدرێت، بوونەتە هۆکاری بەهەدەردانی سامانی گشتیی و دزین و تاڵانکردنی نەوتی وڵات و هەناردنە دەرەوەی بە قاچاغ، بە جۆرێک خاوەن کارگە ڕۆژانە 400 هەزار دۆلاری لە دزینی نەوتی ڕەش دەستدەکەوێت.
عادل عکاب، سەرۆکی یەکێتیی پیشەسازییەکانی عێراق، دانی بەوەدا نا، کە نەوتی ڕەش لە ناوخۆ و لە ڕێگەی کارگەکانی پیشەسازی و بیناسازییەوە دەدزرێت و ڕەوانەی دەرەوە دەکرێت و ئەوەش زیان بە سامانی نیشتمانی دەگەیەنێت و هەڕەشەیە بۆ پیشەسازی عێراق.
بەڕێوبەرایەتی گەشەپێدانی پیشەسازی بە هەماهەنگی وەزارەتی نەوت و هێزە ئەمنییەکان چاودێری ئەو کارگانە دەکەن، کە نەوتی ڕەش بەکارناهێنن بۆ بەگەڕخستنی کارگەکان و لە بازاڕی ڕەشدا دەیفرۆشنەوە.
لە 2022دا وەزارەتی نەوت لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، قەبارەی زیانی تاڵانکردنی نەوت ساڵانە بەر بودجەی وڵات کەوتووە، گەیشتووەتە پێنج هەزار ملیار دینار.
سەرچاوە: تۆڕی نیریج بۆ رۆژنامەوانی بنکۆڵکاری