دوای 50 ساڵ، حوکمی هەتا هەتایی بنەماڵەی ئەسەد کۆتایی هات

7 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 7 مانگ نوێ کراوەتەوە
جێگر تەیب
Primary Asset

سبەی

رژێمی سوریا کەوت. بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە دوای 50 ساڵ لە حوکمی دیکتاتۆری و خۆسەپێنی خێزانی ئەسەد، لە حافر ئەسەدی باوک و بەشار ئەسەدی کوڕی، پێدەچێت بەشاری کوڕ بۆ دواجار دیمەشقی جێهێشتبێت و چیتر هەموو رۆژێک سورییەکان دەموچاوی ئەسەد وەکو سەرۆک نەبینن و خاڵی کۆتاییبێت لە نیو سەدە خوێنڕشتن و زوڵم.

دوای رۆژ 10 لە دەستپێکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی سوریا، دژە بەرەکانی ئەسەد، دیارترینیان تەحریر شام توانییان خێراترین پێشڕەوی بکەن و کۆتایی بە رژێمی ئەسەد بهێنن.

ئەم بەیانییە، محەمەد غازی جەلایلی، سەرۆک وەزیرانی سوریا وتی: "حکومەت ئامادەیە بۆ درێژکردنی دەستی هاوکاری و هەمانهەنگی بۆ هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن".

لە بەرامبەردا محەمەد جۆلانی، ئەمیری تەحریر شام، رایگەیاند کە حکومەتی ئێستا لە کارەکانی بەردەوام دەبێت وەکو حکومەتێکی کاربەڕێکەر، تا ئەو کاتەی حکومەتێکی نوێ بۆ سوریا دەستنیشان یان هەڵدەبژێردرێت. جۆلانی داوای لە هاوڵاتییە سورییەکانی دەرەوەی وڵات کرد بگەڕێنەوە بۆ سوریا.

سەرۆک وەزیران بە پێچەوانەی بەشار ئەسەد، سوریای جێنەهێشتووە و لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە ئەم بەیانییە بڵاویکردەوە دەڵێت "لە ماڵەکەی خۆمم، کارەبارەکانی حکومەتی بەڕێوەدەبەم"، داواشی لە هاوڵاتیانکرد دووربکەونەوە لە "بەتاڵان بردنی موڵک و ماڵی دەوڵەت".

سورییەکان لە دیمەشق بە شێوەی جیاواز ئاهەنگ دەگێڕن و هوتاف دژی ئەسەد دەڵێنەوە. عومەر زاهر قسەی بۆ ئاژانسی ئەی پی کردووە و دەڵێت: “هەستەکانم پێناسە ناکرێت، دوای ئەوەی بەشار و باوکی بۆ چەندین ساڵ ترس و تۆقاندنیان لەنێوماندا بڵاودەکردەوە”. زاهر بەردەوام دەبێت: “ئەسەد خوێنڕێژ و تاوانبارە”.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی