وێنە: میدیاکان
سبەی
دوای ئەوەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ کۆتایی بە حوکمڕانی بەشار ئەسەد هێندرا، ئەو ئاڵایە لە جێی ئاڵای سوریا هەڵکرا کە لە دەسپێکی جەنگی ناوخۆیی سوریاوە لە 2011ەوە لە لایەن ئۆپۆزسیۆنی سورییەوە بەکار دەهێندرێت.
ئەوەی بووەتە جێی پرسیار لای زۆر کەس، ئەوەیە بۆچی ئەو ئاڵایە لەبری ئاڵای سوریا بەکار دەهێندرێت و لەلایەن دژبەرانی بەشار ئەسەدەوە بەرز دەکرێتەوە.
لە کاتێکدا کۆماری سوریای عەرەبی بە سەرۆکایەتیی حزبی بەعسی سوری ئەو ئاڵایەی بەکار دەهێنا کە هیی کۆماری یەکگرتووی عەرەب بوو، بەڵام ئۆپۆزسیۆنی سوری ماوەی 13 ساڵە ئاڵایەکی دیکە وەک ئاڵای سوریا بەکاردەهێنێت.
کۆماری یەکگرتووی عەرەب کە لە 1958 لە نێوان میسر، سوریا و کەرتی غەزە دامەزرێندرا، تا ئەنجامدانی کودەتای سەربازی لە 1961 سوریا لەو کۆمارە هاتە دەرەوە، حکومەتی سوریا ئەو ئاڵایەی وەک ئاڵای فەرمیی سوریا بەکاردەهێنا.
لە 1980یشەوە جارێکی دیکە حکومەتی سوریا دەستی کردەوە بە بەکارهێنانی ئەو ئاڵایە وەک ئاڵای فەرمیی ئەو وڵاتە.
ئەمڕۆیش لەگەڵ ڕوخاندنی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد کە زیاتر لە نیو سەدە بنەماڵەکەی حوکمڕانی سوریابوون، کۆتایی بە بەکارهێنانی ئەو ئاڵایە هێندرا.
ئاڵاکە لە هەریەک لە ڕەنگەکانی سور، سپی و ڕەش پێک هاتووە و دوو ئەستێرەی سەوزیش لەنێو ئاڵاکەدا دەبیندرێت.
جگە لە سوریا هەریەک لە میسر، لیبیا، سودان، یەمەن و عێراق بە جۆری جیاواز ئەو ڕەنگانەیان لە ئاڵاکانیاندا بەکار دەهێنا.
ئەو ئاڵایە وەک ئاڵای فەرمیی سوریا لە شەشەمین مادەی دەستوری ئەو وڵاتەدا پێناسە کراوە.
ئاڵا نوێیەکەی سوریا
ئەو ئاڵایەی 13 ساڵە ئۆپۆزسیۆنی سوری وەک ئاڵای سوریا دەیناسێنێت و ئەمڕۆیش ئاڵای سوریا هێندرایە خوارەوە و ئەو ئاڵایەی لەجێ هەڵکرا، یەکەم ئاڵای کۆماری عەرەبیی سورییە و لە 1961ەوە تاکوو 1963 ئاڵای فەرمیی سوریا بووە.
لەگەڵ دەسپێکی خۆپیشاندانەکان دژی حکومەتی بەشار ئەسەد لە 2011ەوە ئۆپۆزسیۆنی سوری بە مەبەستی خۆجیاکردنەوە لە بەرەی دەسەڵات، بڕیاری دا ئەو ئاڵایە بەکار بهێنێت کە هەروەها ئاڵای سەردەمی وەرگرتنی سەربەخۆیی سورییەکان بووە لە فەڕەنسا.
بەم جۆرەیش لەو کاتەوە دژبەرانی بەشار ئەسەد ئەم ئاڵایە وەک ئاڵای سوریا بەرز دەکەنەوە و بەکاری دەهێنن.