سبەی
هەرچەندە توێژەران جەختیان لەوە كردووەتەوە، كە پێشنیاری جگەرەكێشان ناكەن بۆ چارەسەری هەوكردنی برینی قۆڵۆن، بەڵام ئاماژەیان بەوە كردووە، تێگەیشتنە نوێیەكەیان لە چۆنییەتی گواستنەوەی بەكتریا لە دەمەوە بۆ ریخۆڵەكان، رەنگە رێگە خۆش بكات بۆ پەرەپێدانی چارەسەری داهێنەرانە.
توێژەرانی سەنتەری RIKEN بۆ زانستە پزیشكییەكان لە ژاپۆن، روونكردنەوەیەكی زانستی نوێیان بۆ ئەو دیاردەیە ئاشكرا كردووە ،كە پێی دەوترێت "دووفاقی جگەرەكێشان"، دیاردەیەك كە بۆ ماوەی چوار دەیەیە پزیشك و توێژەرانی سەرسوڕمان كردووە، چۆن جگەرەكێشان دەتوانێت نیشانەكانی هەوكردنی برینی قۆڵۆن كەم بكاتەوە، لە هەمان كاتدا نەخۆشی كرۆن (نەخۆشی هەوكردنی ریخۆڵە) توندتر بكاتەوە؟.
باكگراوند
ئەو نەخۆشانەی كە تووشی برینی قۆڵۆن بوون بەدەست هەوكردن لە ناوپۆشی قۆڵۆندا دەناڵێنن، لەكاتێكدا نەخۆشی كرۆن دەتوانێت وەك هەوكردن لە بەشە جیاوازەكانی كۆئەندامی هەرسدا دەربكەوێت و لەوانەیە درێژببێتەوە بۆ هەموو چینەكانی دیواری ریخۆڵە.
نەخۆش و پزیشكەكان بۆ ماوەی نزیكەی 40 ساڵ، تێبینی ئەوەیان كردووە، كە هەندێك لە نیشانەكانی هەوكردنی برینی قۆڵۆن لە جگەرەكێشەكاندا باشتر دەبن.
رۆڵی گرنگی بەكتریاكانی ریخۆڵە
بەپێی ڕاپۆرتێكی رۆژنامەی نیو ئەتڵەس، توێژەران هەوڵیانداوە رۆڵی مایكرۆبایۆمی ریخۆڵە لە روونكردنەوەی ئەم دیاردەیە بكۆڵنەوە. لە ئەنجامی توێژینەوەكەدا دەركەوتووە، جگەرەكێشان رێگە بە هەندێك جۆری بەكتریای دەم و ددان دەدات، وەك Streptococcus لە دیواری ریخۆڵەدا بمێننەوە، لەكاتێكدا ئەم بەكتریایانە بە شێوەیەكی ئاسایی بە كۆئەندامی هەرسدا تێدەپەڕن و لە جەستە دەردەچن لەو كەسانەی جگەرە ناكێشن.
لە كاتی شیكردنەوەی میتابۆلیتە ریخۆڵەییەكان (بەرهەمە لاوەكییەكانی هەرسكردن) زاناكان ئاستی بەرزبوونەوەی هایدرۆكوینۆنیان لە جگەرەكێشەكاندا دۆزیەوە، كە ژینگەیەك دابین دەكات، كە رێگە بەم بەكتریای دەم و ددانانە دەدات لە ریخۆڵەدا جێگیر ببن و گەشە بكەن.
روونكردنەوەی جیاوازی نێوان دوو نەخۆشییەكە
بۆ تێگەیشتن لەم كاریگەرییە جیاوازە، تیمە ژاپۆنییەكە تاقیكردنەوەیان لەسەر مشك ئەنجامدا و گەیشتنە ئەو ئەنجامەی، كە بوونی ئەم بەكتریایانە چالاكیی خانەكانی بەرگری Th1 هاندەدات. لە هەوكردنی برینی قۆڵۆندا، ئەم خانانە یارمەتی سنورداركردنی وەڵامی بەرگریی هەوكردن دەدەن، نیشانەكانی كەم دەكەنەوە. بەڵام لە نەخۆشی كرۆندا هەمان ئەم خانانە هەوكردن بەرەوپێش دەبەن و حاڵەتەكە خراپتر دەكەن.
ئاسۆی چارەسەر
هەرچەندە توێژەران جەختیان لەوە كردەوە، كە پێشنیاری جگەرەكێشان ناكەن بۆ چارەسەركردنی هەوكردنی برینی قۆڵۆن، بەهۆی لێكەوتە تەندروستییە بەربڵاوەكانییەوە، بەڵام ئاماژەیان بەوە كردووە، كە تێگەیشتنە نوێیەكەیان لە میكانیزمی گواستنەوەی بەكتریا لە دەمەوە بۆ ریخۆڵە، رەنگە رێگە خۆش بكات بۆ پەرەپێدانی چارەسەری داهێنەرانە.
ئەم دۆزینەوەیە پشتڕاستی دەكاتەوە، كە تێگەیشتن لە هاوسەنگی ئاڵۆزی نێوان مایكرۆبایۆمی ریخۆڵە و سیستمی بەرگری لەش، رەنگە دەرگا بەڕووی رێگەی نوێ و سەلامەتتردا بكاتەوە، بۆ چارەسەركردنی نەخۆشییەكانی هەوكردنی ریخۆڵە.