نەتەنیاهۆ
سبەی
بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە ناوچەیەكی نزیك لە سنوری سوریاوە یەكەم پەیامی دوای ڕوخانی ڕژێمەكەی ئەسەد ڕاگەیاند، نەتەنیاهۆ وتی "ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد بەهۆی گورزەكانی ئیسرائیل بۆسەر حزبوڵڵا و ئێران بوو".
بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل وتیشی:"ڕوخانی ئەسەد ڕۆژێكی مێژووییە و گورزێكە لە بەرەی ئێران".
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئەوەشی خستەڕوو:"ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد هەلێكی نوێ و گرنگە بۆ ئیسرائیل، بەڵام دۆخەكە بێ مەترسی نییە".
نەتەنیاهۆ جەختی كردەوە "ئیسرائیل ڕێگا بە هیچ هێزێكی دوژمن نادات كە جێگەی خۆی لەسەر سنورەكەی بكاتەوە".
"دەستی ئاشتی بۆ دروزەکان، کوردەکان، کریستیانەکان و موسڵمانەکانی نێو سوریا درێژ دەکەین" نەتەنیاهۆ وای وت.
وتەكانی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دوای ئەوەدێت، پاش 12 ڕۆژ لە شەڕی نێوان ئۆپۆزسیۆن و سوپای سوریا، ئەمڕۆ هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا گەیشتنە دیمەشق و پێش ئەوەش بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا وڵاتەكەی جێهێشت.
پێشتریش ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو بۆ پاراستنی سنورەکانی لە هەر مەترسییەک 14 کیلۆمەتر چووەتە ناو خاکی سوریاوە.