سبەی
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئاشکرای کرد، 7900 کاندید پێشکەشکراون بۆ بەشداریی کردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و کێبڕکێ لەسەر 329 کورسی پەرلەمان دەکەن، پرۆسەی وردبینیکردنی ناوەکانیان لە هۆبەی پارت و کاروباری کاندیدان ووردبینی بۆ دەکرێت.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاوی کردەوە، دوای ووردبینی کردنی ناوی سەرجەم کاندیدەکان، پرۆسەی پێدانی ژمارە بە کاندیدەکان لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق دەست پێدەکات، بەجۆرێک تائێستا 343 پارت و قەوارەی سیاسی لای کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان تۆمارکراون، لەگەڵ 38 هاوپەیمانی، کە سەرجەمیان لیستی کاندیدەکانیان پێشکەشی کۆمسیۆن کردووە، بەشێکیان لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکان و بەشێکیشیان لیستی سەربەخۆی خۆیان هەیە.
سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەی داواکارییان پێشکەشکردووە وەک فەرمانبەری رۆژی دەنگدان کاربکەن، ژمارەیان گەیشتووەتە 650 هەزار کەس کە بەشێوەی ئەلیکترۆنی و کاغەزیی داواکارییان پێشکەشکردووە، کە زۆرینەیان فەرمانبەری دەوڵەت و خوێندکاران و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکانن، لەکاتێکدا کۆمسیۆن پێویستی بە 250 هەزار کەسە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی دەنگدان، بۆ ئەوەش بڕیارە کۆمسیۆن رۆژی 9ـی ئەم مانگە لە رێگەی تیروپشکەوە ناوەکان یەکلایی بکاتەوە و دوای ئەنجامدانی مەشق و راهێنان لەسەر پرۆسەکە گرێبەستیان لەگەڵ ئەنجام بدات.
سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان رایگەیاند: بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە مانگی تشرینی یەکەم بەڕێوەدەچێت و لەلایەن 1079 تیمەوە چاودێریی دەکرێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ شارەوانی پارێزگاکان، بۆ وەرگرتنی سکاڵا و ئاگادارکردنەوەکان لەسەر هەر پێشێلکارییەک کە ئەنجام بدرێت.
ئاماژەی بەوەکرد؛ 20 لیژنەش پێکهێنراوە بۆ چاودێریی پرۆسەی بانگەشە لە رووی میدیاییەوە بۆ وەرگرتنی سکاڵاکان لەسەر هەر پێشێلکارییەک کە لەلایەن کاندیدەکانی هەڵبژاردنەوە پێش دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، سزای سەرپێچیکارانیش لە نێوان یەک بۆ 50 ملیۆن دینار دەبێت بەپێی جۆری سەرپێچییەکە.
سەبارەت بە ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی کە تۆماری دەنگدەرانیان نوێ کردووەتەوە، عیماد جەمیل رایگەیاند: کۆی گشتی 21 ملیۆن و 200 هەزار کەس لە سەرتاسەری عێراق تۆماری بایۆمەتری دەنگدانیان نوێ کردوەتەوە و مافی بەشداریی کردنیان هەیە لە هەڵبژاردنەکاندا، کەسانی لە دایکبووی ساڵی 2007 کە ئەمساڵ مافی دەنگدانیان هەیە ژمارەیان گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 50 هەزار کەس، رێژەی 40%ـی ئەو کەسانەش تۆمارەکانیان نوێ کردوەتەوە و بڕیارە مانگی ئەیلول کارتی دەنگدانەکانیان تەواو بێت و رادەستیان بکرێتەوە.
عیماد جەمیل سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق جەختی کردەوە، کۆمسیۆن ئامادەکاریی تەواوی کردووە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی 2025.