سەردانێکی پێشووی شاندی هەرێم و کۆبونەوەیان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق- ئەرشیف
سبەی
بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی بەغداد و رێککەوتن لەسەر پێشنیازێکی نوێ بۆ دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و وەڵامدانەوەی رەشنووسەکەی حکوومەتی عێراق شاندێکی هەرێمی کوردستان گەیشتنە بەغداد.
شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتوون، لە کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکان، ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، عەبدولحەکیم خەسرۆ سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیارە لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیاندا لەگەڵ ئیحسان عەوادی، بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆببنەوە.
پێشتر میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردەوە، پێش بەڕێکەوتنی شاندەکە بۆ بەغداد، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بە حکومەتی فیدراڵیان راگەیاندووە، ئامادەن نەوتی هەرێمی کوردستان رادەستی بەغداد بکەن بۆ ئەوەی بەپێی رێککەوتنی پێشوو لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە و لە بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردەی دەرەوەی بکرێت.
بەپێی ئەو سەرچاوانە، وەڵامی حکومەتی هەرێم بۆ رەشنووسەکەی حکومەتی فیدراڵی ئەرێنی بووە، ئەویش بە رادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی کوردستان و نیوەی داهاتە فیدراڵییەکان، لەبەرامبەر ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، وەک ئەوەی لە پرۆژە یاسای هەمواری بودجەی فیدراڵی و رێککەوتنی مانگی شوباتی رابردووی نێوان هەردوو شاندی باڵای حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لەسەر رێککەوتوون.
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەگەر کەشی گفتوگۆکان ئەرێنی بن، ئەگەری زۆرە لەماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا رێککەوتنی سەرەتایی لەسەر ئەو پرسانە بکریت.
شەوی رابردوو، دوای سەردانەکەی مەحمود مەشهەدانی بۆ هەولێر و کۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: چارەسەرکردنی کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئامانجی سەرەکی سەردانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بوو، لە تەواوی کۆبونەوەکان لەگەڵ مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسکردن بو لە چارەسەرکردن و دابینکردنی موچەی فەرمانبەران بە زووترین کات.
شاخەوان عەبدوڵڵا رایگەیاندووە: سوپاس بۆ خودا گفتوگۆکان قۆناغی زۆر باشیان بڕیوە و سبەینێ لەبەغداد کۆبونەوەکان بەردەوام دەبیت بۆ ئەوەی هەردوولا بگەنە رێککەوتن، بە سوپاسەوە لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی موچەخۆرانی هەرێم حکومەتی هەرێم و خودی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی زۆر هاوکار بووە تا ئەو ئاستەی هەندێجار دەستبەرداری هەندێک مافی یاسایی هەرێم بووە لەو پێناوەدا.