"دەستێوەردان لە ململانێ سیاسیەكان ناكەین"؛ یەكەم كۆبوونەوەی دادگای فیدراڵی بەسەرپەرشتی سەرۆكی نوێ بەڕێوەچوو

#عێراق#دادگای فیدراڵی
5 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 5 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • دادوەر مونزیر ئیبراهیم حسێن، سەرۆكی نوێی دادگای باڵای فیدراڵی كە رۆژی پێنجشەممە سێی تەموزی 2025 لە كۆشكی بەغداد و لەبەردەم سەرۆك كۆماری عێراق سوێندی یاسایی دەستبەكاربوونی خوارد، جەخت دەكاتەوە لەوەی "دادگاكە لەهەر دەستێوەردانێك دووردەخاتەوە".
Primary Asset

وێنەی کۆبوونەوەکە

سبەی

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق جەختدەكاتەوە، دەستێوەردان لە ململانێ سیاسیەكان لەكاتی هەڵژاردن ناكات، بە یەك دووریش لەنێوان لایەنە سیاسیەكان دەوەستێت و دەستێوەردانیش لە كاروباری دەسەڵاتەكانی یاسادانان و جێبەجێكردن ناكات، ئەمەش لە یەكەم كۆبوونەوەی دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی دادگاكە دوای خانەنشینبوونی جاسم عومەیری.

دادوەر مونزیر ئیبراهیم حسێن، سەرۆكی نوێی دادگای باڵای فیدراڵی كە رۆژی پێنجشەممە سێی تەموزی 2025 لە كۆشكی بەغداد و لەبەردەم سەرۆك كۆماری عێراق سوێندی یاسایی دەستبەكاربوونی خوارد، جەخت دەكاتەوە لەوەی "دادگاكە لەهەر دەستێوەردانێك دووردەخاتەوە".

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:"ئەمڕۆ 7-7-2025 دادگای باڵای فیدراڵی یەكەم كۆبوونەوەی راوێژكاری بە سەرۆكایەتی نوێ و بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامانی ئەنجامدا، مەبەستیش لە كۆبوونەوەكە گفتوگۆی بەڕێوەچوونی كاروبارەكانی دادگا بوو".

بەپێی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، جەختكراوەتەوە لەوەی "دادگا پابەند دەبێت بە تایبەتمەندی دەستوری خۆی وەك ئەوەی دەستور لە ماددەی 52 و 93 بۆی دیاریكردووە، هەروەها ماددەی چواری یاسای ژمارە 30 ساڵی 2005 كە بە یاسای ژمارە 25 ی ساڵی 2021 هەموار كراوەتەوە، جگە لەوەی هەوڵنادات پسپۆڕیەكەی فراوان بكات و پابەندیش دەبێت بە سەربەخۆیی دادگاكە لە بڕیاردان و رێگەش بە هیچ دەستێوەردانێكی سیاسی لە كاروباری دادگا نادات.

وەك راگەیەندراوی كۆبوونەوەی دادگای فیدراڵی ئاماژەی پێداوە، "دادگای باڵای فیدراڵی بێلایەن دەبێت و بە یەك دووری لە سەرجەم لایەنە سیاسیەكان مامەڵە دەكات، ئامانجی سەرەكیشی پارێزگارییە لە سیستمی سیاسی لە عێراق و رێزگرتن لە مافە دەستوریەكانی سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق".

"بەهیچ شێوەیەك دەستێوەردان لە كاروباری دەسەڵاتەكانی یاسادانان و جێبەجێكردن ناكەین و رێز لەو بڕیارانەیان دەگرین كە لەگەڵ دەستور یەكدەگرێتەوە، هەروەها دەستێوەردان لە كاروباری سیاسی لەكاتی هەڵبژاردن ناكەین". ئەمەش بەپێی راگەیەندراوەكەی دادگای فیدراڵی.

كۆتایی مانگی رابردوو، ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بە سەرۆكایەتی فائیق زەیدان، پەشیمان بوونەوەی دادوەرانی دادگای فیدراڵی لە دەستلەكاركێشانەوەی بە كۆمەڵ راگەیاند، دوای ئەوەی جاسم عومەیری سەرۆكی پێشووی دادگاكە داوای خانەنشین بوونی كرد، لە شوێنی دادوەر مونزیر ئیبراهیم دانرا.

لە سێ هەفتەی رابردوودا، كێشەكانی نێو دادگای فیدراڵی قوڵبوونەوە، بەهۆیەوە نۆ كەس لە ئەندامانی دادگاكە دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەش كرد، كە نۆیان ئەندامی بنەڕەتی و سێیان یەدەگ بوون، ئەمەش پێش چەند كاتژمێرێك لە دانیشتنێكی گرنگ كە بڕیاربوو دوو پرسی تێدا یەكلا بكرێتەوە، ئەویش پرسی راگرتنی ناردنی پارە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان و دۆسیەی رێككەوتنی خۆرعەبدوڵڵای سنوری لەگەڵ كوەیت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی