سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان سەردانی ناحیەی كۆكسی كرد؛ حكومەتی هەرێم دژی دابڕینی ناحیەكە و دروستكردنی قەزای قەرەتەپەیە

#گەرمیان#حکومەتی هەرێم#قەرەتەپە#کۆکس#جەبارە
7 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 7 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • ماڵپەڕی ئیدارەی گەرمیان بڵاویكردەوە:"نوێنەرانی گەرمیان و خانەقین لە پەرلەمانی عێراق رێكارەكانی هەڵوەشانەوەی بڕیاری نادەستوری (دابڕینی ناحیەی كۆكس لە هەرێمی كوردستان) دەگرنەبەر".
Primary Asset

سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان قسە بۆ دانیشتوانی ناحیەکە دەکات

سبەی

سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، سەردانی ناحیەی كۆكسی كرد، لە راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەشدا باس لەوەكراوە " دانیشتوانی ناحیەی كۆكس رەتی دەكەنەوە ناحیەكەیان لە ئیدارەی گەرمیان داببڕێت و  بخرێتەسەر پارێزگای دیالە". سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت "بڕیاری بەقەزابوونی قەرەتەپە و گواستنەوەی دوو ناحیە بۆ سەر قەزاكە پێچەوانەی دەستوورە".

ماڵپەڕی ئیدارەی گەرمیان بڵاویكردەوە:"نوێنەرانی گەرمیان و خانەقین لە پەرلەمانی عێراق رێكارەكانی هەڵوەشانەوەی بڕیاری نادەستوری (دابڕینی ناحیەی كۆكس لە هەرێمی كوردستان) دەگرنەبەر".

وەك ماڵپەڕەكە بڵاویكردووەتەوە:" ئەمرۆ (حەوتی تەمموزی 2025) سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بە یاوەری لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و ئەندامانی پەرلەمانی عێراق كاروان یاروەیس و سۆزان مەنسور و بێستون فایەق راوێژكاری سەرۆكی یەكێتی و قایمقامی قەزای كفری و بەڕێوەبەری پۆلیسی گەرمیان، ناحیەی كۆكسی بەسەركردەوە".

"لەو سەردانەدا، كۆبونەوەیەكی كراوە لەگەڵ دانیشتوانی سنوری ناحیەی كۆكس و چین و توێژ و پێكهاتەكانی سنورەكە ئەنجامدراو تیایدا تیشكخرایەسەر پرۆژەیەكی حكومەتی عێراق بۆ بە قەزاكاكردنی ناحیەی قەرەتەپە و دابڕینی ناحیەی كۆكس لە ئیدارەی گەرمیان و گواستنەوەی بۆسەر ئەو قەزا نوێیە كە دەیانەوێت بیهێننەكایەوە". ماڵپەڕی ئیدارەی گەرمیان وای نوسیوە.

جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لە كۆبونەوەكەدا رایگەیاندووە:" ئەمڕۆ هاتووین لە نزیكەوە پێتان رابگەیەنین كە ئەم بڕیارە سیاسییە و نادەستوریە بۆیە بە هەموو شێوەیەك رەتی دەكەیەنەوە و هەموو هەوڵێك بەگەڕدەخەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی لەبەر ئەوەی ناحیەی كۆكس ناحیەیەكی هەرێمی كوردستانە و لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق لەلایەن حكومەتی هەرێم هێنراوەتە كایەوە".

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی گەرمیان "دواتر هەموو ئامادەبوانی كۆبونەوەكە و دانیشتوانی سنوری ناحیەی كۆكس بە كورد و نوێنەری پێكهاتەكانی عەرەب و توركمان جەختیان كردەوە لە یەكخستنی هەوڵەكان بۆ راگرتنی ئەو بڕیارە و مانەوەی ناحیەی كۆكس لەسەر ئیدارەی گەرمیان".

لەلایەكی دیكەوە، فەهمی بورهان، سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندووە "ئێستا ڕەوشی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پێشتر سەقامگیرترە، بەڵام یەكسان نییە بە چارەسەركردنی كێشەكان و جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق، بەداخەوە تا ئێستا هەنگاوەكان جیددی نین بۆ جێبەجێكردنی ئەو ماددە دەستوورییە بە ئاراستەی ئاساییكردنەوەی ڕەوشی ناوچە كوردستانییەكان هۆكارەكەش بۆ كەمتەرخەمی حكومەتی فیدراڵ دەگەڕێتەوە".

سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكان دەشڵێت "هیوادارین پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق لەو ناوچانە بەشێوەیەكی ئارام بەڕێوەبچێت و نەبێتە هۆكارێك بۆ ئاڵۆزكردنی ڕەوشی ناوچەكە، پرۆسەكە لەسەر بنەمای كار و كاردانەوە نەكرێت."

لەبارەی بەقەزابوونی قەرەتەپەش فەهمی بوڕهان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد "ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی دەستە نووسراوی فەرمیی ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كراوە تا لەو ڕێگەیەوە بگەیندرێتە حكومەتی فیدراڵ، لە نووسراوەكەدا هەنگاوەكانی نادەستووری بڕیاری بەقەزابوونی قەرەتەپە و گواستنەوەی دوو ناحیە بۆسەر قەزاكە خراونەتەڕوو، چونكە بەپێی دەستووری عێراق نابێت دەستكاری ئەو ناوچانە بكرێت بەر لە ئاساییكردنەوەی ڕەوشی ئەو ناوچانە، ئەمەی كراوە پێچەوانەی یاسا و دەستوورە."

قەرەتەپەو جەبارەو كۆكس ناوچەی مادەی 140ی دەستورن، دەستوری عێراق رێگری دەكات لەهەر دەستكاریكردنێكی سنوورە ئیداریی و جوگرافییەكەی تا ماددەكە جێبەجێ دەكرێت، بەڵام بە بڕیارێكی محەمەد تەمیم وەزیری پلاندانانی عێراق، قەرەتەپە كرایە قەزا و ناحیەكانی جەبارەو كوڵەجۆی خرایەسەر.

پێشتر فاتیح سەنگاوی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بەڵگەنامەكانی بڵاوكردووەتەوەو نوسیویەتی:" قەرەتەپە و جەبارەو كوڵەجۆتان خۆش، لەكێشمەكێشی مووچە و ئەو دۆخەی هاتووەتە پێش، حكومەتی عێراقی قەرەتەپە دەكاتە قەزا و ناحیەی جەبارە  و (كوڵەجۆ: كە لەڕاپەڕینەوە لەلایەن هەرێمەوە ئیدارە دەدرێ) ودەخاتەسەر ئەو قەزایە، كە هەرسێكیان ناوچەی مادەی140ن، كوڵەجۆ سنورەكەی تا بازگەی كەلار دێت".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی