سەرۆکى نوێی دادگاى فیدراڵى عێراق بەفەرمى دەستنیشانکرا

7 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 7 ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سبەی
Primary Asset

سبەى

سەرۆکایەتى کۆمارى عێراق مەرسومى دەستبەکاربوونى بۆ دادوەر مونزیر ئیبراهیم دەرکرد وەک سەرۆکى نوێی دادگاى فیدراڵى، دواى ئەوەى لەلایەن ئەنجومەنى باڵاى دادوەرییەوە بۆ ئەوە پۆستە کاندیدکرا.

ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى رۆژى یەکشەممە خانەنشینکردنى سەرۆکى داگاى باڵاى فیدراڵى عێراقى پەسەندکرد و دادوەرێکى بۆ جێگرتنەوەى کاندیدکرد، ئەوەش دواى کەمتر لە 10 رۆژ لە تەقینەوەى کێشەکانى ناو دادگاکە کە بەهۆیەوە سەرجەم ئەندامان و سەرۆکەکەى داواى دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەشکرد.

ئەنجومەنەکە رۆژى یەکشەممە لە راگەیەنراوێکدا کە دەست “سبەى” کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، جاسم عەبود سەرۆکى دادگا فیدراڵى بەهۆى بارى تەندروستییەوە داواى خانەنشینبوونى کردووە و داواکەى پەسەندکراوە و دادوەر مونزير ئیبراهیم حوسێن بۆ سەرۆکى دادگاى فیدراڵى کاندیدکراوە.

مونزیر ئیبراهیم حەسەن تەمەن 62 ساڵ، پێشتر ئەندامى یەدەگى دادگاى فیدراڵى و جێگرى سەرۆکى دادگاى پێداچوونەوەى فیدراڵى بوو، خاوەنى بڕوانامەى دکتۆرایە لە یاسا، لە ساڵى 2018 ەوە لە دادگاى پێداچوونەوە کاردەکات.
 

رۆژى 19 ی حوزەیرانی ئەمساڵ، نۆ ئەندامى دادگای فیدراڵی عێراق دەستلەكاركێشانەوەیان پێشکەشکرد، كە شەشیان ئەندامی سەرەكیی و سیانیان یەدەگ بوون، ئەوەش بەهۆى ناڕازى بوونیان لە جاسم عەبود سەرۆکى دادگا، چەند رۆژێک دواتریش سەرۆکى دادگا هەمان هەنگاوى ناو دەستلەکارکێشانەوەى پێشکەشکرد.

دەستلەکارکێشانەوەى دادوەرەکان پێش چەند كاتژمێرێك هات لە دانیشتنێكی یەكلاكەرەوە لەسەر دوو پرسی گرنگ، كە ئەوانیش پرسی مووچەى  مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و پرسی دۆسیەی رێککەوتنى خۆر عەبدوڵڵا بوون.

پێش دەستلەکارکێشانەوەى ئەندامانى دادگاى فیدراڵى، دادگاکە تاوتوێکردنى دوو تانەى سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانى رەتکردەوە لەبارەى بڕیارى تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەى رێککەوتنى خۆر عەبدوڵا بۆ رێکخستنى کەشتیوانى لەنێوان عێراق و کوەیت.

دادگا 22 ى ئایارى بۆ تاوتوێکردنى تانەکان دیاریکرد، پاشان دوایخست بۆ 30 مانگ، دواتر بۆ 22 ى حوزەیران و ئێستاش بۆ 25 ى حوزەیران دواخراوە.

لەتیف رەشید سەرۆک کۆمارى عێراق رۆژى یەکشەممە داوایەکى هاوپەیمانى ئیدارەى دەوڵەتى رەتکردەوە بۆ ئەنجامدانى کۆبوونەوەیەک بەمەبەستى تاوتوێکردنى کێشەى نێوان دادگاى فیدراڵى و دادگاى پێداچوونەوە.

ئەوەش دواى ئەوەهات کە سەرۆکى دادگاى فیدراڵى لە 19 ى حوزەیران داواى لە پەرلەمان کرد کۆبوونەوەیەک بەبەشدارى سێ سەرۆکایەتییەکە و هاوپەیمانى ئیدارەى دەوڵەت لەو بارەیەوە ئەنجام بدات، بەڵام سەرۆکى پەرلەمان داواکەى رەتکردەوە، بەپاساوى ئەوەى دادگا سەربەخۆیە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی