لۆگۆی یەکێتی و پارتی و وێنەی یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان
سبەی
تائێستا پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كە یەكەم و دووەم براوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانن، بڕیاریان لەكۆبوونەوەی دووەمی نێوانیان سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم و پۆستەكانی پەرلەمان نەداوە.
10 ڕۆژ لەمەوبەر لەمەوبەر وەفدی پارتی سەردانی سلێمانی كرد و لەگەڵ یەكێتی كۆبووەوە و كۆبوونەوەكە دوو كاتژمێری خایاند و باس لە پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پۆستەكانی پەرلەمانی كوردستان بووە. بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەش "لە كەشێكی ئەرێنیدا بەڕێوەچووە و ڕێككەوتوون لەسەر درێژەدان بە كۆبوونەوەكان".
وەفدەكەی پارتی لەلایەن هۆشیار زێباری ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی پارتی و وەفدەكەی یەكێتیش لەلایەن قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری سكرتاریەتی یەكێتی و ئەندامی مەكتەبی سیاسی سەرۆكایەتی كرا، لەو كۆبوونەوەیەدا بەپێی زانیارییەكانی "سبەی" یەكێتی پێشنیازی دوو ساڵ بە دوو ساڵی بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام پارتی ڕەتی كردووەتەوە.
پێش ئەو سەردانە وەفدی یەكێتی و پارتی بە جیا سەردانی بەشێك لە لایەنەكانیان كرد كە توانیویانە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كورسی بەدەستبهێنن، ئامانجی سەردانەكەش ڕازی كردنی ئەو لایەنانە بووە بۆ بەشداری كردن لە حكومەت و هەریەك لە یەكێتی و پارتی ویستوویانە دەنگی 50 پەرلەمانتار بۆ دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان كۆبكەنەوە كە لە دووی ئەم مانگە بەڕێوەچوو.
ڕۆژی 2-12-2024 دانیشتنی یەكەمی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو و لە بڕگەی یەكەم 97 پەرلەمانتار سوێندی یاساییان خوارد، لە بڕگەی دووەم سەرۆكی دانیشتن دەرگای خۆپاڵاوتنی كردەوە 15 كاندید لە پێنج لایەنی جیاواز بۆ پۆستەكانی سەرۆك، جێگر و سكرتێری پەرلەمان كاندید كرد، كە پێنج پارتی و پێنجیان یەكێتین.
بەڵام بەهۆی ڕێككنەكەوتنی لایەنەكان لەسەر یەكلاكردنەوەی هەرسێ پۆستەكە، دانیشتنی پەرلەمان هەڵگیرا.
ڕۆژی یەكشەممە 8-12-2024 محەمەد سلێمان، سەرۆكی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان ڕایگەیاند: داوا لە پەرلەمانتاران دەكات كاتژمیر 11ی پێشنیوەڕۆی سێشەممەی داهاتوو لە پەرلەمان ئامادە بن.
“سبەی” پەیوەندی بە محەمەد سلێمان بەتەمەنترین پەرلەمانتاری خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانەوە کرد، ڕەتیکردەوە لێدوان بدات، بەڵام پشتڕاستیکردەوە وەکو نەوەی نوێ سبەی دەچنە پەرلەمان.
هەروەها “سبەی” پەیوەندی بە چەند پەرلەمانتارێکی یەکێتی و پارتیەوە کرد، بەڵام جەجتیان کردەوە کە تا ئێستا هیچ بڕیارێکیان پێنەگەیشتووە بۆ بەشداریکردن یان نەکردنی دانیشتنەکەی سبەی.
كاوە عەلی ئەندامی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بە "سبەی" وت:" ئێمە وەكو یەكگرتوو دەچینە پەرلەمان بەڵام ڕەنگە نیسابی دانیشتنەكە بەهۆی یەكێتی و پارتییەوە تەواو نەبێت و دانیشتنەكە بەكراوەیی بمێنێتەوە".
بەوتەی سەرچاوەیەك لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان، تائێستا كاتی كۆبوونەوەی دووەمی نێوان یەكێتی و پارتی كە لەسەر پێكهێنانی كابینەی 10 ی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پۆستەكانی پەرلەمانە كاتەكەی دیاری نەكراوە.
سەرچاوەیەكیش لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە "سبەی" وت:"تا كۆبوونەوەی كۆمیتەی ناوەندی پارتی نەكرێت هیچ بڕیارێك لەسەر كۆبوونەوەی داهاتووی نێوان پارتی و یەكێتی نادرێت".
هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی بە ئامادەبوونی ڕێژەی 50+1ـی ئەندامان دەكرێت، پێویستە كاندیدی هەڵبژێردراو 50+1ـی دەنگەكان بەدەست بهێنێت، ئەگەر هیچ كاندیدێك ئەو ڕێژەیەی نەهێنا دەنگدان دەچێتە گەڕی دووەم و لەنێوان ئەو دوو كاندیدە دەكرێت كە زۆرترین دەنگیان هێناوە، كامیان دەنگی زیاتری دەستەبەر كرد پۆستەكەی پێدەدرێت.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە 20-10-2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرترین كورسی بەدەستهێنا كە 39 كورسی بوو. دوای ئەویش یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان 23 كورسی و نەوەی نوێ بە 15 كورسییان بەدەستهێنا.